دوای گوتنەوەی گۆرانیی "كەتانە و كەتانە" و بڵاوكردنەوەی كە لەلایەن گۆرانیبێژ دینا و ئاوازدانەر هەڵكەوت زاهیرەوە بەرهەم هێنراوە، بە ماوەی كەمتر لە هەفتەیەك لە یوتوب، سڕایەوە و هۆكارەكەی بۆ بوونی چەند كێشەیەك دیاری كرا. كۆمپانیایەك دەڵێت ئاوازەكەی كۆپی ڕایت كراوە و ئەو هونەرمەندانە مافی بنەماڵەی حەسەن زیرەكیان پێشێل كردووە.
ئەمڕۆ سێشەم سێی ئاب، كۆمپانیای هێلی دەنگ لەسەر ئەو گۆرانییەی دینا لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت، كلیپی "كەتانە"ی هونەرمەند دینا، لە یوتیوب سڕایەوە بەهۆی پێشێلكردنی مافی كۆپی رایت و مافی هونەری هونەرمەندی نەمر حەسەن زیرەك.
ئێمە گرێبەستی فەرمیمان لەگەڵ بنەماڵەی هونەرمەند حەسەن زیرەكدا هەیە، تاكە كۆپی رایت هەڵگر Copyright Holderی تەواوی بەرهەمەكانی هونەرمەندەكەیە
باسی لەوەش كردووە چەند هۆكارێكی تریش هەن كە بریتین لەوەی لەم كلیپەدا ئاماژە بە ناوی خاوەنی ڕاستەقینەی بەرهەمەكە نەكراوە كە هونەرمەندی نەمر حەسەن زیرەكە. ڕێپێدان لە بنەماڵەی هونەرمەند حەسەن زیرەك وەرنەگیراوە بۆ گوتنەوەی گۆرانییەكە، ئاواز و گوتنی گۆرانییەكە لەم كلیپە، لەلایەن گۆرانیبێژ دیناوە بەكار هاتووە بەبێ ڕەچاوكردنی یاساكانی كۆپی ڕایت لە بواری هونەریدا.
كۆمپانیای هێلی دەنگ ڕوونی كردووەتەوە، ئێمە گرێبەستی فەرمیمان لەگەڵ بنەماڵەی هونەرمەند حەسەن زیرەكدا هەیە، تاكە كۆپی رایت هەڵگر Copyright Holderی تەواوی بەرهەمەكانی هونەرمەندەكەیە. بۆیە دوای داواكردنی سڕینەوەی كلیپەكە لەلایەن بنەماڵەی هونەرمەند و پێشێلكردنی یاساكانی كۆپی ڕایت، بە ناچاری كلیپەكەمان لە یوتیوبدا سڕییەوە.
ئاماژە بەوەش كراوە، كۆمپانیای هێلی دەنگ كۆمپانیایەكی بڵاوكردنەوەی موزیك و گۆرانی كوردییە، لە چوارچێوەی یاساكانی نێودەوڵەتی كۆپی ڕایت كار دەكات و تاكە كۆپی ڕایت هۆڵدینگە لە كوردستان.
بۆیە كۆمپانیاكە دووپاتی دەكاتەوە، ئێمە كۆپی رایت هۆڵدەر و پارێزەری بەرهەمەكانی هونەرمەند حەسەن زیرەك و دەیان هونەرمەندی تری كوردستانین. ئامانجمانە هونەری موزیك و گۆرانی كوردی هاوشانی هونەری موزیكی نەتەوەكانی تری دنیا بە سیستم بكەین و لە ئاستێكی پیشەگەریدا بێت تا گوێگران لە سەرانسەری دنیا لە تەواوی پلاتفۆرمە موزیكییەكاندا دەستیان بگات بە كارە هونەرییە كوردییەكان و مافی هونەرمەندانیش پارێزراوبێت.