له دیمانه‌یه‌كدا ئه‌ستێره‌ی ناوداری هۆڵیوود جنێڤه‌ر ئانستۆن ئاشكرای ده‌كات، له زۆرینه‌ی هاوڕێكانی دوور كه‌وتووه‌ته‌وه ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی ئاماده نین به ڤاكسینی دژه كۆرۆنا خۆیان بكوتن. ئه‌و هونه‌رمه‌نده ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی له هاوڕێكانی وه‌رگرتووه تا له رێیه‌وه ئامۆژگاری ئه‌وانه بكات كه تا ئێسته ئاماده نین خۆیان بكوتن.
دووركه‌وتنه‌وه له ڤاكسین و فه‌رامۆشكردنی، جۆرێكه له شه‌رم و عه‌یبه
پێگه‌ی "ئه‌هرام"ی میسری ئه‌مڕۆ چوارشه‌م چواری ئاب بڵاوی كردووه‌ته‌وه، جنێڤه‌ر ئانستۆن دیمانه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ گۆڤاری "ئان ستایل" ئه‌مه‌ریكی ساز داوه كه بڕیاره له ژماره‌ی مانگی داهاتوو بڵاو ببێته‌وه. گۆڤاره‌كه هه‌واڵێكی له‌و دیمانه‌یه بڵاو كردووه‌ته‌وه كه ئانستۆن ئامۆژگاری خه‌ڵك ده‌كات كه كوتان له دژی كۆرۆنا فه‌رامۆش نه‌كه‌ن.
له‌و دیمانه‌یه‌دا جنێڤه‌ر ئانستۆن ده‌ڵێ، ئاماده نییه له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌دا هاوڕێتی بكات كه نایانه‌وێ ڤاكسینی دژه كۆرۆنا وه‌ربگرن. بۆ ئه‌وه‌یش هاتوچۆی ئه‌و هاوڕێیانه‌ی ناكات كه ئاماده‌ی كوتان نین. ئه‌و پێی وایه ئه‌وانه نه‌ك زیان له خۆیان ده‌ده‌ن، به‌ڵكو كۆمه‌ڵگه ده‌كه‌نه ناو كێشه‌ی ته‌ندروستییه‌وه.
ئه‌و هونه‌رمه‌نده ئه‌وه‌شی گوتووه كه زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی ئاماده‌ی وه‌رگرتنی ڤاكسین نین، له‌و پروپاگه‌ندانه ترساون كه له زۆر له میدیاكاندا بڵاو ده‌بنه‌وه، بیر له‌وه ناكه‌نه‌وه به فه‌رامۆشكردنی ڤاكسینه‌كه، كێشه‌ی ته‌ندروستیی بۆ سه‌رانسه‌ری كۆمه‌ڵگه دروست ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تی زۆرترین زیان له دنیادا به‌ر ئه‌مه‌ریكا كه‌وتووه.
دواتریش گوتی، دووركه‌وتنه‌وه له ڤاكسین و فه‌رامۆشكردنی، جۆرێكه له شه‌رم و عه‌یبه، چونكه په‌تاكه جیهانییه و هه‌موو دنیای گرتووه‌ته‌وه، بۆیه ده‌بی پێكه‌وه رووبه‌ڕووی ببینه‌وه. بۆ ئه‌وه‌یش جنێڤه‌ر ئانستۆن دوو ژه‌می ڤاكسینی وه‌رگرتووه.
جنێڤه‌ر ئانستۆن كه ئه‌ستێره‌یه‌كی ناوداری دنیای هۆڵیووده، له ساڵی 1969 له دایك بووه و ئه‌كته‌رێكی ئه‌مه‌ریكاییه. ئه‌و خاتوونه به‌رهه‌مهێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی و ده‌رهێنه‌ریشه، هاوكات وه‌ك سه‌رمایه‌دارێكیش ته‌ماشا ده‌كرێت. ده‌كاته كچی ئه‌كته‌ری ناودار جۆن ئانستۆن، دایكیشی نانسی ی‌و به‌هه‌مانشێوه ئه‌كته‌ره. جنێڤه‌ر خاوه‌نی به‌لای كه‌مه‌وه 50 فیلمی سینه‌ماییه و ده‌یان خه‌ڵاتی وه‌رگرتووه، له‌ناویاندا ئۆسكار.