ئەم جۆرە سەوزەیە دژە شێرپەنجەیە

:: PM:03:47:04/08/2021 ‌
كەلەمی جۆری برۆكلی بە گرینگترین  و ناسراوترین سەوزە هەژمار دەكرێ كە ئەگەری تووشبوونی مرۆڤ بە نەخۆشیی شێرپەنجە كەم دەكاتەوە.


یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی ئەو جۆرە سەوزەیە ئەوەیە، كۆلسترۆڵی خوێن كەم دەكاتەوە و ئەگەر كەسێك كۆلسترۆڵی خوێنی بەرز بێت، ئەوا پزیشكەكان رێنوێنیی دەكەن سەوزەی برۆكلی بخاتە ناو بەرنامەی خۆراكیەوە.برۆكلی بە ڤیتامینەكانی بی، سی، فولیك ئەسید، پوتاسیۆم، كالسیۆم و چەندان مادەی تر دەوڵەمەندە.


سەوزەی برۆكلی تایبەتمەندیی دژە ژەهری هەیە و ئەوانەی بەردەوام برۆكلی دەخۆن، خۆیان لەو ژەهرانە دەپارێزن كە لەشی مرۆڤ دروستی دەكات.

برۆكلی جگە لە دابەزاندنی كۆلسترۆڵی خوێن، یارمەتی دڵ دەدات باشتر كار بكات و دەبێتە هۆی پاراستنی دەمارەكانی خوێن. وەك لێكۆڵەرەوان باسی دەكەن، لەشی مرۆڤ لە دوای خواردنی گۆشت، جۆرە ژەهرێك دروست دەكات كە ئەگەر بە رێژەیەكی زۆر لە لەشدا بمێنێتەوە، ئەوا مەترسی نەخۆشیی شێرپەنجەی لێ دەكرێت و برۆكلیش لەو سەوزانەیە كە ئەو جۆرە ژەهرە لە لەشدا دەكاتە دەرەوە.

لەناو خەڵكدا واباوە زیاتر گێزەر بۆ بینایی چاو بەهێزە، لە كاتێكدا برۆكلیش رۆڵێكی گرنگیی لە پاراستنی چاو لە كۆمەڵێك نەخۆشی هەیە و خانەكانی چاو دەپارێزێت. برۆكلی بۆ گەدە و ریخەڵۆكە بەسوودە و یارمەتی مرۆڤ دەدات باشتر خۆراك هەرس بكات. ئەو سەوزەیە دەبێتە هۆی لەناوبردنی هەندێك باكتریا كە لە ناو ریخۆڵەكەدا گەشە دەكەن یان بە دیواری گەدە دەنووسێن.

زانایان داوا دەكەن برۆكلی بخرێتە ناو بەرنامەی خۆراكییەوە.

بەگوێرەی نەمناك، برۆكلی دژە چڵكە و هاوشێوەی ئەنتی بایۆتیك لە چڵك یان هەوكردنی لەش كەم دەكاتەوە. زانایان داوا دەكەن برۆكلی بخرێتە ناو بەرنامەی خۆراكییەوە. هاوكات داوا دەكەن سەوزەكە زۆر نەكوڵێنرێت بۆ ئەوەی تایبەتمەندیی دژە شێرەپەنجەیی خۆی بپارێزێت، یان واباشترە هەر بە خاوی بخورێت. برۆكلی بۆ ئەوانە باش نییە كە خوێنەكەیان روونە، چونكە خاوەنی ڤیتامین kیە.
 
برۆكلی بۆ یەكەم جار لە ئیتاڵیا بەرهەم هاتووە، خواردنی ئەم جۆرە سەوزەیە بۆ 600 ساڵ بەر لە زاین دەگەڕێتەوە. برۆكلی بە زمانی ئیتاڵی بە واتای گوڵی كەلەم دێت كە بەشێوەی كوڵاو یان بە خاوی دەخورێت.


وشە - سلێمان تاشان