هەناردەی نەوتی عێراق 0.9% و هی کوردستانیش 6% زیادی کردووە

:: PM:04:27:04/08/2021 ‌
لە مانگی تەمووزی ئەمساڵدا بەراورد بە مانگێک پێشتر هەناردەی نەوتی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە، 1.4% زیادی کردووە و هۆکارەکەش بۆ رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس دەگەڕێتەوە.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی تەمووزی ئەمساڵدا عێراق رۆژانە دوو ملیۆن و 918 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە و 0.9% بەراورد بە مانگی حوزەیران زیادی کردووە  و لە هەرێمی کوردستانیش رۆژانە 360 هەزار بەرمیل لە بەندەری جەیهانەوە هەناردە کراوە و 6% ی هەناردەکەی زیادی کردووە.

پشکی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە ما نگی تەمووز تا چوار ملیۆن و 16 هەزار بەرمیل هەڵکشاوە لە کاتێکدا پشکی بەرهەمهێنانی ئەو وڵاتە لە بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێک پڵەس سێ ملیۆن و 954 هەزار بەرمیل بووە.

رێککەوتوون رۆژانە 400 هەزار بەمیل نەوت بە بەرهەمهێنانیان زیاد بکەن


بەگوێرەی ئاریا ئەندامانی ئۆپێک پڵەس رێککەوتوون رۆژانە 400 هەزار بەمیل نەوت بە بەرهەمهێنانیان زیاد بکەن و ئەو بەرزکردنەوەیەی بەرهەمهێنانی نەوتیش تا کۆتایی ساڵ بۆ دوو ملیۆن بەرمیل زیاد دەکات.

کۆی هەناردەی نەوتی عێراق بە بێ هەرێمی کوردستان لە مانگی رابردوودا دوو ملیۆن و 821 هەزار بەرمیلی لە بەندەرەکانی باشوور و 97 هەزار و 175 بەرمیلیشی لە کەرکووکەوە بووە کە بە هێڵی نەوتی کوردستان بە جەیهان گرێ دراوە.

بە گشتی بەهای هەناردەی نەوتی عێراقیش لە مانگی تەمووزدا 6% زیادی کردووە و گەیشتووەتە شەش ملیار و 514 ملیۆن دۆلار .



وشە - سلێمان تاشان