ئه‌ردۆغان ده‌یه‌وێ به‌ چه‌كی "پیلانگێڕی" خۆی له‌ به‌رپرسیاریه‌تی ده‌دزێته‌وه‌

:: AM:12:37:05/08/2021 ‌
ئاگری چه‌ند ڕۆژی ڕابردووی توركیا بووه‌ هۆی سووتانی هه‌زاران دۆنم دارستان و سه‌وزایی له‌و وڵاته‌ و حزبه‌كانی ئۆپۆزسیۆنیش به‌ توندی هه‌ڵمه‌تیان له‌ دژی ئه‌ردۆغان و حزبه‌كه‌ی ده‌ست پێكردووه‌، به‌ڵام ئاكپارتی و ئه‌ردۆغان ده‌یانه‌وێ شكستی حكومڕانی خۆیان و خزمه‌تنه‌كردنی ناوچه‌كه‌ بشارنه‌وه‌ و ئاگركه‌وتنه‌وه‌كان به‌ پیلانگێڕی ناو ده‌به‌ن.

پێشتر له‌ كاتی ته‌نگژه‌ی ئاو و ته‌نگژه‌ی ئابووری و سه‌رجه‌م ئه‌و گرفتانه‌ی ڕوویان له‌ توركیا كردووه‌، ئه‌ردۆغان به‌رده‌وام به‌ چه‌كی پیلانگێڕی دوژمنانی خۆی و توركیا خۆی له‌ كه‌مته‌رخه‌می و شكستی حكومڕانی ڕزگار كردووه‌ و هۆكاری نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری و ئاو و ته‌نگژه‌ی ئابووری بۆ نه‌یارانی وڵاته‌كه‌ی گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌، له‌ كاتێكدا هه‌موو نه‌یارانی توركیا ده‌ستیان نه‌گرتووه‌ تا خزمه‌تی زیاتری ژێرخانی وڵاته‌كه‌ و گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری به‌ هه‌موو ناوچه‌كان بكات.

دواجار له‌ پرسی ئاگر كه‌وتنه‌وه‌كانی توركیا به‌هه‌مانشێوه‌ ئه‌ردۆغان جارێكی تر ده‌ستی بۆ هه‌مان بابه‌ت برده‌وه‌ و ئاژانسی ئه‌نادۆڵی توركی به‌ فه‌رمی بڵاوی كرده‌وه‌، كه‌ هێزه‌كانی پۆلیس توانیویانه‌ هه‌وڵێكی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ دارستانێكی نزیك له‌ بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی له‌ پارێزگه‌ی ئیزمیر شكست پێ بهێنن، به‌ڵام پۆلیس و هێزه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ هیچ یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ بگرن، كه‌ هه‌وڵی ئاگر به‌ردانیان له‌ دارستانه‌كه‌ داوه‌، ئه‌م هه‌واڵه‌یش بووه‌ته‌ جێی باسوخواسی گه‌رمی توركیا.

ئه‌ردۆغان به‌ به‌رده‌وامی هۆكاری شكسته‌كانی ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی دوژمنێكی نادیار
حزبه‌كانی ئۆپۆزسیۆن گومانی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌و چیرۆك و هه‌واڵه‌ دروستكراوه‌ی ئاژانسی ئه‌نادۆڵ خسته‌ ڕوو و دووپاتیان له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ پارتی داد و گه‌شه‌پێدانی فه‌رمانڕه‌وا كه‌ له‌لایه‌ن ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێ، هه‌موو ئامانجی حكومڕانی له‌ دروستكردنی باڵه‌خانه‌ و پرۆژه‌ له‌ ئه‌نكه‌ره‌ و ئیسته‌نبۆل چڕ كردووه‌ته‌وه‌، هه‌موو ناوچه‌كانی تری وڵاتی په‌راوێز خستووه‌، ئێسته‌یش كه‌ به‌هۆی په‌راوێزخستنی خزمه‌تكردنی ناوچه‌كانی تره‌وه‌، گه‌وره‌ترین ڕووبه‌ڕی دارستان له‌ باشووری ڕۆژئاوا سووتاوه‌، ده‌یه‌وێ به‌ دروستكردنی چیرۆكێكی دروستكراو خۆی له‌ به‌رپرسیاریه‌تی بدزێته‌وه‌ و بیخاته‌ ئه‌ستۆی دوژمنه‌كانی، وه‌كچۆن هه‌موو ئه‌و گرفتانه‌ی له‌ ماوه‌ی حكومڕانی ئه‌ردۆغان به‌رۆكی خه‌ڵكی توركیایان گرت، هه‌مان سیناریۆیان بۆ دروست كرا.

دوو سه‌رچاوه‌ی باڵا له‌ پارتی گه‌لی كۆماری و پارتی گه‌لانی دیموكرات ئاشكرایان كرد، كه‌ دنه‌دان و بڵاوكردنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌ی ئاژانسی ئه‌نادۆڵ هه‌وڵێكی ئاشكرایه‌ بۆ ڕاكردن له‌ به‌رپرسیاریه‌تی له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌كه‌ی ئه‌ردۆغان و حزبه‌كه‌یه‌وه‌، له‌ پاراستنی دارستان و كێڵگه‌ كشتوكاڵییه‌كان و ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كان، كه‌ خاوه‌نی شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانیان ناچار كرد، كه‌ ده‌رگه‌ی هۆتێل و میوانخانه‌كانیان به‌ ڕووی گه‌شتیاران دا بخه‌ن.

غه‌سان ئیبراهیم شرۆڤه‌كاری سیاسی و شاره‌زا له‌ كاروباری توركیا له‌وباره‌وه‌ گوتی، كێشه‌ی ئاگره‌كانی توركیا به‌ ته‌واوی هاوشێوه‌ی زۆربه‌ی ئه‌و ته‌نگژانه‌ی تر كه‌ حكوومه‌ته‌كه‌ی ئه‌ردۆغان هه‌موو هه‌وڵی خۆی چڕ كردووه‌ته‌وه‌، تا به‌رپرسیاریه‌تی ڕوودانی ئه‌و ته‌نگژه‌ و كێشه‌ و شكستانه‌ بخاته‌ ئه‌ستۆی لایه‌نی نادیار و خۆی له‌ به‌رپرسیاریه‌تی بدزێته‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ سه‌رۆك له‌ هه‌موو وڵاتێكی دنیا به‌رپرسیاریه‌تی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كاره‌ساته‌ سروشتی و ته‌نگژه‌كان ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ و هه‌موو كات و توانای خۆی ده‌خاته‌ گه‌ڕ، تا چاره‌سه‌ری ته‌نگژه‌كان بكات و زیانی كاره‌ساته‌ سروشتییه‌كان كه‌م بكاته‌وه‌.

زیاتر گوتی، خه‌ڵكی توركیا ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌زانن، به‌ تایبه‌ت خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ی زیانمه‌ند بوون تووڕه‌ و نیگه‌رانن و به‌ ئاشكرا ئه‌ردۆغان و حكوومه‌ته‌كه‌ی تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، كه‌ ته‌نیا گرنگی به‌ ئیسته‌نبۆل و ئه‌نكه‌ره‌ ده‌دات و ته‌واوی ناوچه‌كانی وڵات په‌راوێزخراون، نه‌ ژێرخانێكی تۆكمه‌یان هه‌یه‌، نه‌ سیسته‌مێكی پێشكه‌وتووی ئاگركوژێنه‌وه‌ و به‌هاناوه‌چوون.

ئۆپۆزسیۆن به‌ توندی دژی ئه‌و هه‌وڵه‌ی ئه‌ردۆغان وه‌ستاوه‌ته‌وه‌ و حكوومه‌ت ڕه‌خنه‌باران ده‌كات
تووڕه‌یی خه‌ڵك به‌ ئاشكرا دیاره‌ و له‌و كاته‌ی كه‌ له‌ ناوچه‌ كاره‌ساتباره‌كان ئه‌ردۆغان وتارێكی بۆ خه‌ڵك دا، خه‌ڵكی كیسی چایان به‌رز كرده‌وه‌، وه‌ك ڕه‌خنه‌یه‌ك به‌رانبه‌ر به‌ دابه‌شكردنی كیسی چا به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ لێیان قه‌وماوه‌ و بێ جێگه‌ و شوێن بوو، كه‌چی ئه‌ردۆغان و حكوومه‌ته‌كه‌ی له‌جیاتی ئه‌وه‌ی شوێن و جێگه‌ و خۆراك و هه‌موو پێویستیییه‌كیان بۆ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، ته‌نیا چایان به‌سه‌ردا دابه‌ش كردن.

له‌ كاتێكدا هۆكاری ئاگركه‌وتنه‌وه‌كان هه‌ر چۆنێك بێ و هه‌ر چییه‌ك بێ، ئه‌وه‌ ناشاردرێته‌وه‌، كه‌ سیسته‌می ئاگركوژێنه‌وه‌ و به‌هاناوه‌چوون له‌و ناوچانه‌ له‌وپه‌ڕی خراپی و بێ تواناییدایه‌، كه‌ ئه‌مه‌یش ده‌ستی نه‌یارانی ئه‌ردۆغانی له‌ پشت نییه‌، به‌ڵكو خودی حكوومه‌ته‌كه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی په‌راوێز خستووه‌، بۆیه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی میدیاكانی توركیا ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌ ئاكپارتی و ئه‌ردۆغانن، به‌رده‌وام ئه‌و ده‌هۆڵه‌ ده‌كوتنه‌وه‌ كه‌ دوژمنانی توركیا ئاگریان له‌ دارستانه‌كان به‌رداوه‌، كه‌چی خه‌ڵك باوه‌ڕ ناكه‌ن و ناڕه‌زایی فره‌وان و تووڕه‌یی به‌رده‌وام له‌ دژی ئه‌ردۆغان و حكوومه‌ته‌كه‌ی ده‌رده‌بڕن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د