فەرمانگەكان، بانك و كۆمپانیا تایبەتییەكان لە تاران داخراون و لە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەمەوە، تاران بە هێزێكی زۆر تەنراوە و رێوشوێنی توندی تەناهی گیراوەتەبەر. چالاكانی مافی مرۆڤ و رێكخراوە نیودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤیش، رەئیسی بە تاوانبار دەزانن و گوشاریان خستووەتە سەر ئەوروپا لەوەی لەم رێوڕەسمەدا بەشداری نەكات.
ئیبراهیم رەئیسی رێك لە رۆژێكدا رێوڕەسمی سوێندخواردنی هەڵبژاردووە كە 115 ساڵ بەسەر فەرمانی مەشرووتە تێدەپەڕێت، لە سەردەمی قاجارییەكان بۆ یەكەم جار لە ئێران یاسا و پەرلەمان دامەزرا و دەسەڵاتی پاشایەتی كەم كرایەوە و بەشێكی بە خەڵك و پەرلەمان درا.
رەئیسی دەیەوێ بەو كارە بڵێت، دەسەڵاتەكەی ئەوانیش هی خەڵكە و لەوە بێ ئاگایە كە خۆی راستەوخۆ لەلایەن عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران هاتووەتە هەڵبژاردن، دەسەڵاتی ئێران بۆ پێش مەشرووتە گەڕاوەتەوە كە هەموو دەسەڵاتەكان لە دەستی شادا بوون، بەڵام ئێستە لە دەستی رێبەردان.
كاندیدی سەرجەم باڵ و لایەنە سیاسییەكانی ئێران لەلایەن ئەنجوومەنی چاودێری رەت كرانەوە
لە هەڵبژاردنی رابردووی ئێران، كاندیدی سەرجەم باڵ و لایەنە سیاسییەكانی ئێران لەلایەن ئەنجوومەنی چاودێری رەت كرانەوە، بۆیە خەڵك بایكۆتی هەڵبژاردنیان كرد و ساردوسڕترین هەڵبژاردن لە مێژووی كۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوە چوو.
لەو هەڵبژاردنەدا راستە رەئیسی دەنگی یەكەمی مسۆگەر كرد، بەڵام دەنگی پووچ یان بەتاڵ لە ریزبەندی دووەمدا هات و زۆربەی كاندیدەكان سەر بە باڵی توندئاژۆ بوون و هەڵبژاردنەكە بە شانۆ لێك درایەوە.
ژمارەیەك نوێنەری وڵاتانی دۆستی ئێران و تەنانەت وڵاتانی ئەوروپاش بۆ رێوڕەسمەكە بانگهێشت كراون، زۆر لە چالاكانی مافی مرۆڤ رەخنەیان لە وڵاتانی ئەوروپا گرتووە و داوایان كردووە، هیچ نوێنەرێك بۆ ئەو رێوڕەسمە رەوانە نەكەن، چونكە رەئیسی خۆی كەسێكی تاوانبارە و رۆڵی هەبووە لە كوشتی هەزاران كەسی بێتاوان.
لە چەند شارێكی ئەوروپا و كەنەدا وەك ناڕەزایەتی و سەركۆنەكردنی ئێران، خەڵكێك گرد بوونەوە و تەنانەت كەسوكاری قوربانیانی فڕۆكە ئۆكراینییەكەی ساڵی رابردووش كە بەهۆیەوە سەتان كەس گیانیان لە دەست دا، بەشداری گردبوونەوەیان كردووە و گوتوویانە ئەوكاتەی فڕۆكەكە لە تاران خرایە خوارەوە، رەئیسی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بووە.
رەخنەی گرتووە لەوەی یەكێتی ئەوروپا نابێت نوێنەر رەوانە بكات
بەگوێرەی
دۆیچەوێلە، نێرگز محەمەدی چالاكی مافی مرۆڤ لە نامەیەكدا بۆ یاریدەدەری بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا، رەخنەی گرتووە لەوەی یەكێتی ئەوروپا نابێت نوێنەر رەوانە بكات و سەركوتكارییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و رەئیسی بیر ئەوروپییەكان هێناوەتەوە.
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش رەخنەی لە یەكێتی ئەوروپا گرتووە و گوتوویەتی، چۆن دەكرێ لە ریوڕەسمی سوێندخواردنی كەسێك بەشداری بكرێت كە رۆڵی هەبووە لە كوشتارەكانی دەیەی شەستی كۆچی هەتاوی.
لەو ماوەیەدا بە هەزاران كەس لە گیراوانی سیاسیی ئێران، بە فەرمانی خومەینی لە سێدارە دران و ئیبراهیم رەئیسیش یەكێك بووە لەو تیمەی بە تیمی مەرگ ناسراوە.
زۆر دڵتەنگە لەوەی لەبەر كۆرۆنا ناتوانێ دەستی خامنەیی ماچ بكات.
عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران گوتوویەتی، رەئیسی زانایەكی بلیمەتە و خەڵك خۆشیان دەوێ و رەئیسیش لە وەڵامدا گوتوویەتی، زۆر دڵتەنگە لەوەی لەبەر كۆرۆنا ناتوانێ دەستی خامنەیی ماچ بكات.
ئێستە هەرسێ دەسەڵاتی جێبەجیكردن و دادوەری و یاسادانان، بە تەواوی لە ژێر كۆنترۆڵی عەلی خامنەییدان، هەرچەندە لە خولەكانی پێشووشدا خامنەیی قسەی یەكەم و كۆتایی كردووە، لە سیستمی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا رێبەر بە نوێنەری خوا لەسەر زەوی هەژمار دەكرێت و كەس بۆی نییە قسەی ئەو رەت بكاتەوە.
رەئیسی لە كاتێكدا دەبێتە سەرۆك كۆماری ئێران، ئەو وڵاتە تووشی كۆمەڵێك تەنگژەی گەورەی ئابووری و سیاسی و تەناهی بووە، دۆسیەی ناوكیش كە گرینگترینیانە، هەر بە هەڵواسراوی ماوەتەوە و پێشبینی دەكرێ لە ئەگەری رێك نەكەوتن، دۆخی ئێران زۆر لەوە زیاتر شپرزە بێت و گرانی و هەڵاوسانی زیاتر سەرهەڵبدات.