بەرپرسێكی پەرلەمانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، تەنیا لە وەرزی بەهارەی دانیشتنەكانی پەرلەمان، شاندی حكوومەت 29 جار هاتوونەتە پەرلەمان و لەگەڵ لیژنە تایبەتمەندەكان كۆ بوونەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم پێنجی ئاب، سامان ئەحمەد بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، لە یەكی ئادار تا یەكی تەمووزی كە وەرزی بەهارەی دانیشتەكانی پەرلەمانی كوردستانە، 29 جار شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتوونەتە پەرلەمانی كوردستان و لە كۆبوونەوەی پەرلەمان و لیژنەكاندا ئامادە بوون.
هەزار و 197 پرسیاریان لەلایەن وەزارەتەكان و وەزیرەكانی حكوومەت وەڵام دراونەتەوە.
زیاتر گوتی، پەرلەمانتاران پرسیاریان هەبوو لەسەر چەندان بابەت، لەو ماوەیەدا هەزار و 323 پرسیار بەشێوەی زارەكی و بەشێوەی نووسراو ئاراستەی شاندەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كراون، هەزار و 197 پرسیاریان لەلایەن وەزارەتەكان و وەزیرەكانی حكوومەت وەڵام دراونەتەوە.
ڕوونی كردەوە، چالاكییەكانی حكوومەت بە ناردنی پڕۆژەیاسا بۆ پەرلەمان بەردەوام بووە و لە وەرزی بەهارەدا حكوومەت 17 پڕۆژەیاسای ناردووە، بەشێكیان خوێندنەوەی یەك و دووەمیان بۆ كراوە.
بڵاوكردنەوەی ئەو ئامارە لە كاتێكدایە لەسەر داوای پەرلەمانتاران، چەندان جار شاندی حكوومەت لە دانیشتنەكانی پەرلەمانیش ئامادە بوونە و ڕاستەوخۆ وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانیان داوەتەوە.