بەهۆی ئاگركەوتنەوە داوا لە دوو هەزار كەس دەكرێ ماڵەكانیان چۆڵ بكەن

:: PM:12:16:05/08/2021 ‌
لە مانگی رابردووەوە كە ئاگر دارستانەكانی كالیفۆرنیای گرتووەتەوە و زیانێكی زۆری لە ناوچەكان داوە و تا ئێستەیش بەردەوامە، بەرپرسانی ویلایتەكە داوا لە دوو هەزار كەس دەكەن بەهۆی ئاگرەكەوە، ماڵەكانیان چۆڵ بكەن، چونكە مەترسیی رژدیان لەسەرە.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ پێنجشەم پێنجی ئاب بڵاوی كردووەتەوە، داوا لە دوو هەزار كەس كراوە لە شارۆكەكانی گرینڤیڵ و شیرستەر، بەهۆی ئەوەی ئاگری دارستانەكانی كالیفۆرنیا خەریكە بە ناوچەی ئەوان دەگات، دەبێ بە زووترین كات ماڵەكانیان چۆڵ بكەن و بەرەو رۆژهەڵاتی ناوچەكە بڕۆن.

پلۆماس كانتری بەناوی پۆلیسی ناوچەكە هۆشداری بە ئەو دوو شارۆكەكەی داوە كە زۆری نەماوە ئاگریان پێ بگات، پێشتر خەڵكێكی زۆر ناوچەكەیان بەجێهێشتبوو، زیاتر لە دوو هەزار كەس لەناو شارۆكەكاندا ماون و ئاگادار كراونەتەوە دەبێ بە زووترین كات ناوچەكە چۆڵ بكەن.

ئەەش روون كراوەتەوە بەهۆی رەشەبایەكی بەهێز كە روو لە ناوچەكە دەكات، هۆكارە كە ئاگرەكە بە خێرایی بگاتە ناوچەكە، بۆیە هۆشدارییەكە زۆر رژدە و مەترسیی لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی ناوچەكە هەیە.

هاووڵاتییانی ناوچەكە ئاگادار كراونەتەوە ئەگەر دۆخیان تایبەتە و فریای چۆڵكردنی ناوچەكە ناكەون، باشترە خۆیان بگەیەننە یاریگەی پیسبۆڵ لە قوتابخانەی شیستەری ناوەندی.

بەپێی پێگەكە، ئەو ئاگرە لە ناوەڕاستی مانگی تەمووز لە دارستانەكانی كالیفۆرنیا كەوتووەتەوە، تا ئێستە نەتوانراوە كۆنترۆڵ بكرێت، هۆی كەوتنەوەی ئاگرەكە بۆ كەشوهەوای گەرم و وشكەساڵی دەگەڕێتەوە كە زۆرینەی وڵاتانی دنیای گرتووەتەوە، بەتایبەتی باكوری ئەمەریكا.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د