"ناردنی مانگانە 200 ملیار دینار لە بەغداوە بۆ هەولێر تا كۆتایی ساڵ بەردەوام دەبێت"

:: PM:12:29:05/08/2021 ‌
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رای دەگەیەنێت، بڕیار وایە بەغدا تا كۆتایی ئەمساڵ هەموو مانگێك بڕی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت. دەشڵێت، لەگەڵ تەواوكردنی ئیشوكاری لیژنە هونەرییەكان، پارەی مانگەكانی تریش رەوانە دەكرێت.

لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە دوای چەندان سەردان و گفتوگۆ و دانیشتن لە نێوان شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق بە سێ سەرۆكایەتییەكە و لایەنە سیاسییەكانی عێراق، دواجار لەسەر ناردنی مووچە و بودجە و نەوت گەیشتنە رێككەوتن و مانگی رابردووش بەغدا بڕی 200 ملیار دیناری بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە كرد.


بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە "وشە"ی راگەیاند، دوای ئەوەی بەغدا مانگی رابردوو بڕی 200 ملیار دیناری بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە كرد لە چوارچێوەی رێككەوتنەكانیان، بڕیارە بەو شێوەیە تا كۆتایی ئەمساڵ هەموو مانگێ ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت.

فشار دروست دەكەین تا پەلە بكرێت لە تەواوكردنی وردبینی و كارەكانی لیژنە هونەرییەكان


ئەو ئاماژمەی دا، "200 ملیار دینارەكە بەشێوەی كاتی وەك پێشینە خەرج دەكرێت، ئێمە فشار دروست دەكەین تا پەلە بكرێت لە تەواوكردنی وردبینی و كارەكانی لیژنە هونەرییەكان هەردوولا كە پێكهێنراوە، تا بەشی تەواوی بودجەی هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت."

 لەبارەی ئەوەی ئەگەر كاری لیژنە هونەرییەكان تەواو بكرێت، بەغدا پارەی مانگەكانی رابردووش دەنێرێت، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەری عێراق گوتی، بەڵێ بێگومان پارەی مانگەكانی رابردووش رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرێت.

مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە دوای رێككەوتنەكەی هەرێم و بەغدا لە بودجەی گشتی ساڵی 2020، چەندان جار بە فەرمی باسی لەوە كردووە كە هەرێم ئامادەیە پابەندی رێككەوتنەكەی نێوانیان بێت، بەڵام پرسی ناردنی بودجە كەوتووەتە سەر كاری لیژنە هونەرییەكان و هەندێ فشاریش لە كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكرێت لە نەناردنی پارە بۆ هەرێم.

شێروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە "وشە"ی راگەیاند، بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەیە كە بەغدا تا تەواوبوونی كاری لیژنە هونەرییەكانی هەردوولا، مانگانە بڕێك پارە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت، بڕیارەكە بەو جۆرەیە كە ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی وردبینی تەواو دەكرێت و یاساكە جێبەجێ دەكرێت.

هەروەها روونی كردەوە، لەسەر ئەنجوومەنی وەزیران كەوتووە ئایا جێبەجێی دەكەن یان نا بە تایبەت كازمی، چونكە لە بڕیارەكەی حكوومەتی عێراق دەڵێت مانگانە پارە بۆ هەرێم بنێرێت، كاری لیژنە هونەرییەكانیش پێوەندی بە حكوومەتەوە هەیە و وەك لیژنەی دارایی ئاگاداری نین.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام پێداگری لەسەر ئەوە دەكرد كە هەرێم ئامادەی هەموو جۆرە رێككەوتنێكە لەگەڵ بەغدا، بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام داوای دەكرد با لایەنی سێیەم و تەنانەت نەتەوە یەكگرتووەكانیش بەشدار بن تا بزانن كێ هۆكاری ئەوەیە رێككەوتن نەكرێت لەسەر نەوت و بودجە.

وەك ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق  خستیەڕوو، بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت تا كۆتایی ساڵ پارە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت.

هیچ رێگرییەك نابێت لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان


كاركردن لەسەر مادەی 11 لە یاسای بودجە، ئەگەر بە كۆتایی بگات و حیساباتی نەوتی و نانەوتی بكرێت، هیچ رێگرییەك نابێت لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان، مانگی رابردووش لیژنەیەك لە چاودێری دارایی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد، لەگەڵ چاودێری دارایی هەرێم سەردانی مەرزەكانی هەرێمیان كرد بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە كاری مەرزەكان و داهات.

لە بەغدا بەهۆی زۆری دەسەڵات و بوونی رەوتی جیاجیا، گرفتی گەورەی لە بەردەم كارەكانی حكوومەت دروست كردووە، رێ نادرێت حكوومەت بە ئازادی دەسەڵاتەكانی خۆی جێبەجێ بكات، بەتایبەت ئەگەر پێوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە هەبێت، بە ئاشكرا رێگری لێ دەكەن، هەرچەندە حكوومەتیش بڕیار لەسەر كارەكان بدات.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - سلێمان تاشان