لە هەرێمی كوردستان كارتی دەنگدان بە رێژەی 88% دابەش كراوە

:: PM:03:22:05/08/2021 ‌
لە پارێزگای دهۆك زۆرترین دەنگدەر خۆیان لە بایۆمەتری تۆمار كردووە و لە پارێزگاكە زۆرترین كارتی دەنگدان دراوەتەوە بە هاووڵاتییان و رێژەكە گەیشتووەتە 92%. لە پارێزگای هەولێر گەیشتووەتە 89%  و لە پارێزگای سلێمانیش 84%ی كارتی دەنگدان دابەش كراوە كە بە تێكڕا دەگاتە 88%.

خالید حەیدەر بەرپرسی لقی دهۆكی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بە "وشە"ی راگەیاند، لە پارێزگای دهۆك 74% خەڵك خۆیان لە بایۆمەتری دەنگدان تۆمار كردووە و لەو رێژەیەش توانراوە 92%ی كارتی دەنگدان بەسەر دەنگدەران دابەش كراوە.

100 هەزاری تر لە كارتی دەنگدانمان بە دەست گەیشتووە

هەروەها گوتی، پارێزگای دهۆك ژمارەی دەنگدەرانی سەرووی 827 هەزار دەنگدەرمان هەیە، لەو ژمارەیە زیاتر لە 483 هەزار دەنگدەر كارتی دەنگدانی وەرگرتووەتەوە و 100 هەزاری تر لە كارتی دەنگدانمان بە دەست گەیشتووە، ئەوانیش دابەش بكەین بەسەر هاووڵاتییان، ژمارەی كارتە دابەشكراوەكان بۆ 583 هەزار بەرز دەبێتەوە كە ئەوەش ژمارەیەكی باشە.

بەرپرسی لقی دهۆكی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق گوتی، ئەو ژمارە كارتەی كە بە دەستیان گەیشتووە، كۆتا قۆناغی كارتی دەنگدانە و دوای ئەوە گەڕانەوەی كارتی دەنگدان لە هەموو پارێزگاكانی عێراق رادەگیرێت و لە هیچ پارێزگایەكیش رێژەی 100% تۆمار ناكرێت.

یاریدەدەری  هونەری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە هەولێر دەڵێت، ژمارەیەكی زۆر لە كارتی دەنگدان گەڕاوەتەوە و هەفتانەش نزیكەی دوو هەزار كارتی دەنگدان لە رێی بنكەكانەوە دابەش دەكرێت.

لە پارێزگای هەولێر لە كۆی ئەو ژمارەیەی كە لە بایۆمەتری خۆیان تۆمار كردووە توانراوە 89%ی كارتی دەنگدان بەسەر هاووڵاتییان دابەش بكەن


بۆتان شێركۆ یاریدەدەری هونەری لقی هەولێری كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بە "وشە"ی را گەیاند، لە پارێزگای هەولێر لە كۆی ئەو ژمارەیەی كە لە بایۆمەتری خۆیان تۆمار كردووە توانراوە 89%ی كارتی دەنگدان بەسەر هاووڵاتییان دابەش بكەن و رۆژانەش كارتی دەنگدان لە رێی بنكەكانی كۆمسیۆن لە پارێزگای هەولێر، كارتی دەنگدان دەدرێتەوە بە هاووڵاتیان.

وەك زیاتر خستیەڕوو، كۆتا قۆناغی كارتی دەنگدانیان بۆ گەڕاوەتەوە كە ژمارەیان 116 هەزار كارتە، دەستیان بە دابەشكردنی قۆناغی نوێ كردووە، هەفتانە نزیكەی دوو هەزار كارتی دەنگدان بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەكەن و بە ژمارەی تاك توانراوە رێژەیەكی زۆر لە كارت بەسەر دەنگدەران دابەش بكەن.

یاریدەدەری هونەری لقی هەولێری كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق گوتی، لە پارێزگای هەولێر سەرووی یەك ملیۆن و 228 هەزار دەنگدەریان هەیە، لە كۆی ئەو ژمارەیە 900 هەزار كارتی دەنگدان بۆ ئەوانە دەرهاتووە كە بایۆمەترییان كردووە و 700 هەزار كار دابەش كراوە كە دەكاتە 65% .

لە پارێزگای سلێمانی زۆرترین ژمارەی دەنگدەر هەیە كە یەك ملیۆن و 300 هەزار دەنگدەرە، بەڵام تا ئێستە لە كۆی ئەوانەی لە بایۆمەتری خۆیان تۆمار كردووە 84%ی كارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە و بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانیش دەڵێ دابەشكردن بەردەوامە.

ئامانج عەزیز، بەرپرسی ئۆفیسی لقی سلێمانی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە "وشە"ی را گەیاند، لە پارێزگای سلێمانی سەرووی 70% دەنگدەران كارتی بایۆمەتریان كردووە و لەو رێژەیەش تا ئێستە توانراوە رێژەی لە 84%ی كارتی دەنگدان بەسەر دەنگدەران دابەش بكەن.

رۆژانەش ژمارەیەكی زۆر لە بنكەكانی كۆمسیۆن كارتی دەنگدان وەردەگرنەوە.



هەروەها گوتی، ئەو رێژەیە بەبێ قۆناغی نوێی كارتی دەنگدانە كە لە بەغداوە بۆیان گەڕاوەتەوە و ئەوانیش دەست دەكەن بە دابەشكردن بەسەر دەنگدەران، رۆژانەش ژمارەیەكی زۆر لە بنكەكانی كۆمسیۆن كارتی دەنگدان وەردەگرنەوە.

بەپێی بڕیارێكی حكوومەت بڕیارە رۆژەی 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت، مانگی پێشووش ژمارە بە كاندیدەكان درا و لە ئێستەوە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێ كردووە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - سلێمان تاشان