پێشنیازی به‌شێک له‌ په‌ڕله‌مانتارانی گۆڕان و یه‌کێتی بووه‌
عێراق به‌شه‌ ده‌رمانی کوردستانی بڕی



دوای ئەو گەمارۆیانەی عێراق لە بڕینی مووچە و بودجە و نەناردنی چەك خستنییە سەر كوردستان، لە تازەترین بڕیاردا، حكوومەتی عێراق بەشە دەرمانی كوردستانی بڕی. سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق دووپاتی دەكاتەوە، هەوڵەكانیان چڕ كردووەتەوە بۆ ئەوەی نەهێڵن بڕیارەكەی حكوومەتی عێراقی سەر بگرێت. سەرۆكی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی كوردستانیش بڕیارەكەی حكوومەتی عێراق بە "بەرپاكردنی جینۆسایدێكی تر دژ بە گەلی كوردستان" ناوی ده‌بات.

فارس بریفكانی، سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق بە"وشە"ی ڕاگەیاند "ئەگەرچی لە ساڵی 2015 و 2016 ئەو هەوڵە هەبوو بەشە دەرمانی هەرێمی كوردستان ببڕدرێت، وەك سەرۆكی لیژنەی تەندروستی هەوڵێكی زۆرم دا تا بڕیارەكە سەرنەگرێت، بۆیە پشكی كوردستان وەك ساڵانی پێشوو مایەوە, بەڵام لەمساڵدا كە دووبارە ئەو باسە هاتەوە ئارا، كۆبوونەوەیەكم لەگەڵ (عەدیلە حەموود) وەزیری تەندروستی عێراق ساز كرد،  وه‌زیر گوتی وەزارەتەكەم هیچ پێوەندییەكی بەو بڕیارەوە نییە و بڕیارەكە لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەرچووە".

بەگوتەی ئەو بەرپرسە كوردە، بڕیارەكە دەڵێ "كوردستان دەبێت بۆ خۆی دەرمان بكڕێ و بەشی هەرێمی كوردستان لەمەودوا نانێرن".
بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" بڕیاری بڕینی بەشە دەرمانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، لە سەرووی وەزارەتی تەندروستییەوە دەرچووە، بەشێوەیەك كە وەزارەتی تەندروستیی عێراق بێ‌ ئاگایی خۆی لە بڕیارەكە راگەیاندووە.

وەك بریفكانی ئاشكرای كرد، "وەزیری تەندروستیی عێراق پێی ڕاگەیاندم تا بڕیارەكەیش دەرچووە و گەیشتووەتە لای, ئەو هیچ ئاگادار نەبووە. بەڵام سەرقاڵی ڕاگرتنی بڕیارەكەین تا جێبەجێ نەكرێت".

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی وشه‌، نووسراوی فه‌رمانه‌که‌ له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراقه‌وه‌ ده‌رچووه‌ و وێنه‌ی بۆ کوردستان نێردراوه‌ و لای به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌یه‌.
بڕینی دەرمانی كوردستان لەلایەن بەغداوە پێشنیازی بەشێك لە پەرلەمانتارانی یەكێتی و گۆڕانە كە پێشتر بە مالیكییان راگەیاندبوو، پارتی بە بڕینی بودجە مل بۆ بەغدا نادات، بەڵكو بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان لە دژی راپەڕن، بڕینی دەرمان و بەشەخۆراكی مانگانە هۆكاری بەهێزن.

ئەحمەد حاجی ڕەشید بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، "پارساڵ بەرپرسانی كوردستانم ئاگادار كردەوە و لە بودجەی 2015 و 2016ش پێم ڕاگەیاندن كە ئەوان پابەند نەبن بەڕێككەوتنی نەوتەوە و دڵنیابن حكوومەتی عێراق بەشە دەرمانی هەرێم دەبڕێت، بۆیە وەها بڕیارێكی حكوومەتی عێراق چاوەڕوانكراو بوو كە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە".

بە مەبەستی بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر بڕینی بەشە دەرمانی كوردستان، "وشە" هەوڵی زۆری دا بەرپرسانی تەندروستی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوە بدەن، بەڵام هیچ كەسیان ئامادە نەبوون لێدوان بدەن و ئاماژەیان بەوە دا كە "بڵاوكردنەوەی ئەو زانیارییە خەڵك دەترسێنێ".

د. ڕێكەوت حەمەڕەشید وەزیری تەندروستی هەرێم پێشتر ئەوەی بە"وشە" ڕاگەیاندبوو كە بەر لە دروستبوونی تەنگژەی دارایی، ئەوان دەستكراوە بوون لە كڕینی دەرمان و هەرچەند پێویستیان بەدەرمان هەبووبێت كڕیویانە، بەڵام ئێستە ئەو بەشە دیاریكراوە و وەزارەتەكەی زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار قەرزداری كۆمپانیاكانی دەرمان بووەتەوە.

د. ئازاد مەنتك پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو بۆ "وشە" ڕوونی كردەوە، ئەگەرچی تا ئاستێك دەرمان هەیە لە بنكە تەندروستییەكان، بەڵام دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەكان كەمە، بەڵام لە ئەگەری بڕانی بەشە دەرمانی هەرێم لەلایەن بەغداوە، هیچ گومانی تێدا نییە گرفت دروست دەبێت، چونكە زۆربەی دەرمانەكان لە حكوومەتی ناوەندەوە دێت و ئەو دەرمانانەش نەمێنێت، ئەوا كێشە دروست دەبێت.

عێراق و بەدیاریكراوی نووری مالیكی لە شوبات/فێرایەری 2014ەوە بودجە و مووچەی كوردستانی بڕی، بەوەیش كوردستان دووچاری سەختی ژیان بووەتەوە، جیا لەوەی بەدوایدا شەڕی تیرۆر و لەخۆگرتنی نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە بارەكەیان قورستر كردووە.
د. عەبدوڵا رێكانی سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ "وشە"ی دووپات كردەوە، "تا ئێستە ئاگەداری وردەكارییەكانی بڕیاری بڕینی بەشە دەرمانی كوردستان نین، بەڵام ئەوە چاوەڕوانكراو بوو لە حكوومەتی عێراقەوە روو بدات".

رێكانی دەڵێ‌، "دابینكردنی بەشە دەرمانی كوردستان بەپێی یاسا و دەستوور، لە ئەستۆی حكوومەت و دەوڵەتی عێراقە، ئەو بڕیارەی عێراق بەرپاكردنی جەنگێكی ئاشكرایە دژ بە خەڵكی كوردستان و هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ تاوانەكانی كیمیاباران و ئەنفالكردنی خەڵكی كوردستان نییە، بەڵكو بەرپاكردنی جینۆسایدێكی ترە دژ بە گەلی كوردستان".

سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان زیاتر دەڵێ‌، "ئەو بڕیارەی حكوومەتی عێراق هەر دژبە حكوومەتی هەرێم نییە، بەڵكو دژ بە هەموو خەڵكی كوردستان دەركراوە و هەڵوێستی دوژمنكارانەیە و بە ئەندازەی شەڕی داعش دژ بە كوردستان كارەساتە و نابێت بێدەنگی لێ‌ بكرێت، بەڵكو وەك ئەركێكی مرۆیی و ئەخلاقی پێویستە تەنانەت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستی روون و راشكاوی لەسەر وەربگرێت".

"بڕیاری بڕینی بەشە دەرمانی كوردستان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، لە كاتێكدا كە نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارەی عێراق لە كوردستانن و دەبێت حكوومەتی عێراقی وەك ئەركێكی یاسایی و ئەخلاقی بەشە دەرمانی ئاوارەكانیش بنێرێت، بەڵام بەداخەوە هەڵوێستێكی دوژمنكارانە دەنوێنێت" رێكانی وای گوت.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشتر رای گەیاندووە كە خەرجی ساڵانەی ئاوارە ناوخۆییەكانی عێراق لەسەر كوردستان یەك ملیار و 400 ملیۆن دۆلاری ئەمریكاییە و بەشی زۆری ئەو پارەیەش لە دابینكردنی دەرمان و پێداویستییەكانی تەندروستی بۆ ئاوارەكان خەرج دەكرێت.

حكوومەتی عێراقی دەبێت 17%ی بەشە دەرمانی هەرێمی كوردستان بنێرێت، سەرباری ئەوەی لە چەند ساڵی رابردووەوە ئەو بڕە دەرمانە بە تەواوەتی بەدەست هەرێمی كوردستان نەگەیشتووە، بەڵام هیچ كات رێژەی 17%ی دەرمان كە بۆ هەرێمی كوردستان هاتووە، تەنیا رێژەی 60%ی پێداویستی خەڵكی كوردستانی بۆ دەرمان پڕ كردووەتەوە و لە بەرامبەردا حكوومەتی كوردستان 40%ی پێداویستییەكانی تری كڕیوە.

هەوڵەكان بۆ بڕینی بەشە دەرمانی كوردستان لەلایەن حكوومەتی عێراقییەوە، یەكێك لە هەوڵە بەردەوامەكانی پەرلەمانتارانی لیستەكەی نووری مالیكیش بووە. كاتێك 113 لە پەرلەمانتارانی سەربە لیستەكەی مالیكی، لە كاتی پەسندكردنی بودجەی ساڵی رابردووی عێراقدا، پێشنیازیان كرد بەشە دەرمان و خۆراك لە كوردستان ببڕدرێت، بەڵام هەوڵەكەیان سەری نەگرت و رێژەی 17%ی دەرمان و خۆراك لە بودجەی 2016 بۆ كوردستان تەرخان كرا، بەڵام حكوومەت پابەند نەبوو بە رەوانەكردنی.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" لە بەرامبەر پرسیاری پەرلەمانتارانی كورد لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی كەمكردنەوەی بەشە دەرمانی هەرێمی كوردستان، پاساوەكەیان ئەوە بووە كە بودجەی تەرخانكراو بۆ كڕینی دەرمان لە سەرتاسەری عێراق كەم بووەتەوە و ئەوەش وا دەكات بڕە دەرمانی كەمتر دابین بكرێت، هەروەك د. موزەفەر عەلی بەڕێوەبەری گشتی كۆگەكانی دەرمان لە عێراق لە كۆبوونەوەیەكی لیژنەی تەندروستی پەرلەمان دووپاتی لەسەر كرد بووەوە، بەڵام بڕیاری بڕینی بەشە دەرمانی هەرێمی كوردستان ئەو پاساوانەش بۆ كەم بوونەوەی بودجەی تەرخانكراوی عێراق بۆ دەرمان بەتاڵ دەكاتەوە.

بەپێی داتاكانی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تا ساڵی 2015 حكوومەتی عێراقی بڕی یەك تریلیۆن و 300 ملیار دینار قەرزی دەرمانی هەرێمی كوردستانی لەسەر بووە، ئەوەش بەو هۆیەوە كە بڕە دەرمانی دیاریكراوی بۆ كوردستان نەناردووە.


وشە - ڕێبین فه‌تاح


PM:03:49:08/03/2017




ئه‌م بابه‌ته 1289 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌