بیونسیە بۆ هەڵمەتێك ئەڵماسێكی 30 ملیۆن دۆلاری لە مل دەكات

:: AM:09:32:25/08/2021 ‌
بیونسیە كە ئەستێرەیەكی زۆر ناوداری بواری گۆرانی و نواندنی ئەمەریكاییە، چەند وێنەیەكی خۆی و هاوسەرەكەی بڵاو كردووەتەوە كە گرانترین ملوانكەی لە مل كردووە و ئەڵماسێكی 30 ملیۆن دۆلارییە. ئەوەیش سەرنجی هەوادارانی راكێشاوە كە بۆ یەكەمین جارە ئەستێرەیەك ئەو جۆرە خشڵە لە وێنەكانیدا نمایش بكات.

پێگەی "فەرفیش"ی میسری چەند وێنەیەكی بیونسیە و هاوسەرەكەی گۆرانیبێژی ناودار "جای زی" بڵاو كردووەتەوە، ئەوەی وێنەكانی زیاتر كردووەتە هەواڵی میدیاكانی ئەمەریكا، ئەو ملوانكە ئەڵماسییەیە كە بیونسیە لە ملی كردووە، بۆ ئەوەی زیاتر ملوانكەكە ببێتە هۆی راكێشانی سەرنجی بینەرانی وێنەكان، لە وێنەیەكدا ملوانكەكەی بە پێچەوانە بە پشتی خۆی شۆڕ كردووەتەوە كە باوەشی بە هاوسەرەكەی كردووە.

لەبارەی وێنەكان و ملوانكەكە پێگە میسرییەكە ئاماژەی داوە، لە بنچینەدا وێنەكان لە هەڵمەتێكی كڕین و فرۆشتنی خشڵە گرانبەهاكاندا گیراون، ئەویش بۆ كۆمپانیای Tiffany & Co's و هەڵمەتی About Love بووە.

تەمەنی گەیشتووەتە 39 ساڵ و هەڵگری خەڵاتی گرامییە


بیونسیە كە ئێستە تەمەنی گەیشتووەتە 39 ساڵ و هەڵگری خەڵاتی گرامییە، یەك لە ئەستێرە زۆر ناودارەكانی گۆرانی و سینەمای هۆڵیوودە. لەو وێنانەی بڵاوی كردوونەتەوە، كراسێكی پۆشیوە كە ئەكتەری كۆچكردووی ئەمەریكایی "ئۆدری هیبۆرن" لە فیلمی پۆشیویەتی، بۆیە كۆمپانیاكە لە هەڵمەتەكەیدا سوودی لە كراسەكە و ملوانەكەكە بینیوە.

دواتریش پێگە میسرییەكە ئەوەشی نووسیوە ئەو ئەڵماسەی كراوەتە ملوانكە، عەیار 128.54ـە و نرخەكەی 30 ملیۆن دۆلارە، بیونسیە خۆی پێشتر ئەو ملوانكەیەی لە كۆمپانیاكە كڕیوە و بۆ یەكەمین جاریشە بە ئاشكرا لە ملی دەكات.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د