بەغدا نایەوێ دۆخی كەركووك ئاسایی ببێتەوە

:: PM:04:01:31/08/2021 ‌
ڕێبوار تاڵەبانی ڕاوێژكاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ناوچە كێشە لەسەرەكان، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ "وشە" باس لە ئامانجەكانی دوای وەرگرتنی ئەو پۆستە نوێیەی دەكات و دەڵێ، ئەندامی هیچ حزبێك نییە و لەمەودوا هەموو خەم و ماندووبوونەكانی بۆ خەڵكی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانە. هەوڵ دەدات بەو ئەزموونەی لە رابردوودا هەیەتی، ئەو كێشەیە لە قازانجی كورددا یەكلا بكاتەوە.

دوای وەرگرتنی پۆستی نوێت، چۆن دەتوانی لە ڕێی ئەم پۆستەوە خزمەت بەخەڵكی كەركووك و ناوچە دابڕاوەكان بكەی؟

پۆستی ئێستەم ڕاوێژكارە و ئەوەی لەسەرمە ڕاوێژ و پێدانی رێنوێنییە بۆ دۆخی ئەو ناوچانە بە سوود وەرگرتن لەو 15  ساڵ ئەزموونەی كە هەمە لە پۆستی پێشووم. لەو مامەڵەیەی لەگەڵ حكوومەتی عێراق و لەگەڵ پێكهاتەكاندا هەمە، دەتوانم ئەم ئەزموونە بگوازمەوە بۆ ناو حكوومەتی هەرێم و سەركردایەتی سیاسیی كورد، بۆ ئەوەی بەرچاوڕوون بن لە كاتی هەر دانوستانێكدا كە لەگەڵ عێراق دەكرێت.

سەرۆكی حكوومەت و كابینەی نۆ بەدەمەوەهاتن و گرنگیدانیان بۆ  چارەسەركردنی دۆخی شاری كەركووك چۆنە؟

سەرۆكی حكوومەت گوتوویەتی ئێمە بۆ مووچە و پارە و پۆست ناچینە بەغدا، بابەتە نەتەوەیی و چارەنووسسازەكانمان وەك گەلی كورد و ناوچە كوردستانییەكان، بۆ ئێمە لە هەموو بابەت و دۆسیەیەك گەورەتر و گرنگترە. بۆیە سەرۆكی حكوومەت گرنگی تەواو و گەورەی بەو بابەتە داوە، بەڵام ئەوە بەغدایە كە خەتاباری سەرەكییە و كەمتەرخەمە. ئێمە 100 ساڵ كێشەمان لەگەڵ عێراق كێشەی خاكە نەك شتی تر. عێراق 100 ساڵە ستەم و دەستی دەستی بە كورد دەكات، دەبێت لە دۆسیەی كەركووك و ئەو ناوچانە هەموو لایەنەكان هەڵوێستیان هەبێت و فشار دروست بكەن تا یەكلا بكرێتەوە. ئەگەرنا دەبێ وڵاتان و لایەنی دەرەكی بێنە ناو هاوكێشەكەوە و ناوەندگیر و چارەسەركار بن، چونكە تا چارەسەری ئەم كێشەیە دوا بكەوێت بەغدا زیانی زیاتری بەردەكەوێت بە بەراورد بە كورد.

دۆخی كەركووك ئێستە نالەبارە و بە نادەستووری و نایاساییەوە پێشێلی هەموو یاسا و هەموو رێسایەك كراوە

ئەگەر زانیاریت هەبێت ئێستە دۆخی كەركووك و كورد و پێكهاتەكان چۆنە؟


بەڵێ زانیاریم هەیە كە دۆخی كەركووك ئێستە نالەبارە و بە نادەستووری و نایاساییەوە پێشێلی هەموو یاسا و هەموو رێسایەك كراوە. تەواوی خەڵك و پێكهاتەكان بێزار و وەڕەزن بەتایبەتی  كوردی ئەو شارە.

هیچ زانیارییەكت هەیە لەسەر ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو شارە؟

 بۆ ئاساییكردنەوەشی هەر لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە، سێ لیژنە كار لەسەر ئاساییكردنەوەی دۆخەكە دەكەن، لیژنەی سەربازی و لیژنەی ئاسایش و لێژنەی ئیداری. بەڵام دەیڵێمەوە كە بەغدا كەمتەرخەمە و كات بەڕێ دەكات و بە ڕەهایی نایەوێت دۆخی ئەو شارە و ئەو ناوچانە ئاسایی ببێتەوە.

ئێستە هیچ لایەنگری و هاوسۆزییەكت بۆ هیچ حزبێك هەیە؟


نەخێر،، نەیەكگرتووم و نەپارتیشم و نەهیچ حیزبیكی تریش، تەنیا كەسێكی سەربەخۆم و كار و خەمم چارەسەركردنی كێشەی شاری كەركووك و ناوچە دابڕاوەكانە. بەڵام ڕێزم بۆ هەموو حزبەكان هەیە و نیگەرانی و دڵشكانیشم لە یەكگرتوو بەهۆی بێهەڵوێستی و پشگوێخستنم بووە، دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و هاتنم بۆ هەولێری پایتەخت.

سلێمانی/ئاسان محەمەد


وشە - سلێمان تاشان