كریستیانۆ رۆناڵدۆ له ته‌مه‌نی 36 ساڵیدا بووه گۆڵكاری یه‌كه‌می جیهان، له دواچركهشدا سه‌ركه‌وتنی بۆ تیپی وڵاته‌كه‌ی به‌ده‌ست هێنا.
ئه‌مشه‌و له یارییه‌كانی گه‌ڕی چواره‌می پاڵاوتنه‌كانی ئه‌وروپا بۆ گه‌یشتن به مۆندیالی 2022ی قه‌ته‌ڕ، هه‌ڵبژارده‌ی پۆرتوگال له یاریگه‌ی خۆیدا له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی كۆماری ئێرله‌ندا یاریی كرد.
سه‌ره‌تا له خوله‌كی 15 رۆناڵدۆ لێدانێكی سزای له ده‌ست دا، به‌ڵام هیوای له یارییه‌كه‌دا له ده‌ست نه‌دا.
ئێرله‌ندا زه‌حمه‌تیی زۆری بۆ رۆناڵدۆ و هاوڕێیه‌كانی دروست كرد، دوای ئه‌وه‌ی له خوله‌كی 45 جۆن ئێگان گۆڵی پێشكه‌وتنی ئه‌م تیپه‌كه‌ی تۆمار كرد.
یارییه‌كه له ركابه‌رییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌مدا بوو، تا خوله‌كی 89 به‌م ئه‌نجامه مایه‌وه و خه‌ریك بوو پۆرتوگال له خاكی خۆیدا شه‌رمه‌زار بێت، به‌ڵام كریستیانۆ رۆناڵدۆ توانی گۆڵی به‌رامبه‌ر به لێدانی سه‌ر تۆمار بكات و تیپه‌كه‌ی له شكست رزگار بكات.
رۆناڵدۆ هێشته قسه‌ی مابوو له یارییه‌كه‌دا و له خوله‌كی 90+5 و له دواچركه‌ی یارییه‌كه‌دا، جارێكی تر به لێدانی سه‌ر گۆڵی دووه‌م و بردنه‌وه‌ی بۆ خۆی و تیپه‌كه‌ی تۆمار كرد و سێ خاڵی به‌خشییه تیپه‌كه‌ی.
هاوكات رۆناڵدۆ تا ئه‌م یارییه‌كه ژماره‌ی گۆڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی له‌گه‌ڵ یاریزانی پێشووی ئێران (عه‌لی دایی) هاوشان بوو، كه هه‌ریه‌كه‌ی 109 گۆڵیان بوو، به‌ڵام ئه‌مشه‌و رۆناڵدۆ به ته‌نیا بووه گۆڵكاری یه‌كه‌می جیهان له‌سه‌ر ئاستی هه‌ڵبژارده‌كان، دوای ئه‌وه‌ی گۆڵه‌كانی گه‌یانده 111 گۆڵ.