تا ئێستە پێنج پاڵاوگە لە كوردستان مۆڵەتیان پێ دراوە

:: AM:10:03:02/09/2021 ‌
فەلاح مەولوود بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە" باس لە سەرپێچییەكانی پاڵاوگە نایاساییەكان دەكات و ڕای دەگەیەنێت، سەرجەم پاڵاوگەكان داخراون تا ڕێنوێنییان بۆ دەردەچێت، ئێستەیش هەر پاڵاوگەیەك كار بكات دادەخرێت و سزا دەدرێت، تا ئێستەیش تەنیا پێنج پاڵاوگە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان مۆڵەتی فەرمییان وەرگرتووە.

كەسارەكانی هاڕین و بەرهەمهێنانی بەرد نزیك شارن، دووكەڵ و پیساییەكانیان دێتەوە ناو شار و خەڵكیان بێزار كردووە، بۆچی ڕێكیان ناخەنەوە؟
لەو چەند ڕۆژەدا لەگەڵ سەرجەم خاوەن كەسارەكان كۆ بووینەوە، ئێستە كاری سەرجەمیان وەستاوە كە ژمارەیان 27 كارگەیە، بۆ ئەوەی فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بتوانێ كاركردنیان ڕێكبخات و دوور بكەونەوە لە پیسكردنی ژینگەی ناوچەكە، چونكە سكاڵای چەند گەڕەكێكی هەولێریان لەسەر بوو كە بۆنێكی ناخۆشیان هەبوو و هاووڵاتییانیان بێزار كردبوو.

بەڵام باس لە كاركردن لە شەوان یان لە كاتی جیاواز دەكرێت؟
تیمی بەدواداچوون و پیشەسازیی فەرمانگاكەمان بە هاوبەشی پۆلیسی قایمقامی هەولێر، هەڵمەتی لەناكاو ئەنجام دەدەن بۆ پاڵاوگە نایاساییەكان، بە مەبەستی ئاگادار بوونیان كە نابێ بەهیچ جۆرێك كار بكەن تا یاسا و رێنوێنییەكانی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێم جێبەجێ نەكەن.

دەركەوتووە تێزاب تێكەڵ بە ڕۆنی كۆن دەكرێت بۆ ئەوەی بكرێت بە گازوایل، هیچ پاڵاوگەیەك مۆڵەتی ئەو كارەی هەیە كە مەترسییەكی ڕاستەقینەیە لەسەر هاووڵاتییان؟
هیچ پاڵاوگەیەك نییە مۆڵەتی ئەو كارەی هەبێت، كاركردنی پاڵاوگەكانی گازوایل بە تێزاب پێچەوانەی رێنوێنییەكانمانە و زیان دەگەیەنێت بە تەندروستی گشتی، بەشێكی تریش دووبارە سەرپێچییان كردبووەوە، لەو ڕۆژانەش دوای داخستنیان، هەڵسابوون بە شكاندنی دەرگاكانیان كە پێمان ڕاگەیاندبوون بەهەموو شێوەیەك كاركردن قەدەغەیە تا ڕێنوێنییەكان وەك خۆی جێبەجێ نەكرێت، بۆیە جارێكی تر بە نایاسایی دەستیان بە كارەكانیان كردبووەوە، بۆیە سزا دران، هۆبەی هونەریمان بەردەوامە لە لێكۆڵینەوە، تا ئێستە نازانرێ ئەو ڕۆن و تێزابە بۆچی تێكەڵ كراوە و كراوە بەچی.

ئەو پاڵاوگانەی هەولێر مۆڵەتی یاسایی كاركردنیان هەیە؟
تا ئێستە هیچیان مۆڵەتی یاساییان لە دەستەی ژینگە وەرنەگرتووە، بەپێی ئەو نووسراوانەیش كە بۆ ئێمە هاتووە، تا ئێستە پێنج پاڵاوگە لە هەرێمی كوردستان مۆڵەتیان هەیە و دەتوانن كار بكەن، بۆیە ئێمە دەمانەوێ كارەكانیان ڕێكبخەینەوە و بەپێی ڕێنوێنییەكان كار بكەن و مەرجەكانی ژینگە جێبەجێ‌ بكەن تا ژینگەیەكی دروست بۆ هاووڵاتییان هەبێت.

دەگوترێ ئەو كەسانە هەندێكیان پاڵپشتی سیاسی و بەرپرسانیان هەیە، تا ئێستە كەس بەرەنگارتان بووەتەوە؟
خۆشبەختانە پارێزگاری هەولێر دەستكراوەی كردووین لە داخستنی سەرجەم پاڵاوگەكان، هەر كارێكی نایاسایی بكەن سزا دەدرێن هەرچەند ئێمە لەگەڵ سزا نین، بەڵام بۆ ئەوەی پابەندنی یاسا و ڕێنوێنی بن، هەموو هەنگاوێك دەگرینەبەر و تا ئێستە ئەوەی باس دەكرێت لە چەند میدیایەك كە ئەو شوێنانە هی بەرپرسانە، بەڵام كەس نەهاتووە لەسەریان بەدەنگ بێت یان ڕێگری لە كارەكانمان بكات.

بۆ ڕێكخستنەوەی ئەو پاڵاوگانە چ هەنگاوێك نراوە؟
نووسراو كراوە بۆ لایەنی پێوەندیدار تا بزانرێ ئەو پاڵاوگانەی مۆڵەتیان هەیە كێن و ئەوانەشی مۆڵەتیان نییە، بە چ شێوەیەك و لە وەزارەتێك مۆڵەتیان پێ دراوە تا بتوانین مامەڵەیان لەگەڵ بكەین، بەڵام ئەوەی جێی دڵخۆشییە لە داخستن و سزادانی پاڵاوگە نایاساییەكان، بەرپرسان پاڵپشتمانن و هیچ ڕێگرییەك نییە.

بەپێی ڕێنوێنییە ژینگەییەكان، چەند مەرجێك هەیە بۆ بوونی پاڵاوگە، ئەو مەرجانە لەو پاڵاوگانە هەن؟
سەرجەم ئەو پاڵاوگانەی داخراون هیچیان مەرجی یاساییان نەبووە، هۆكارێك بوونە بۆ پیسكردنی ژینگە و ناوچەكانی دەوروبەریان، چونكە مەرجە پاڵاوگە دەبێ دوو كیلۆمەتر لەناو شار دوور بێت و ئاراستەی با ڕەچاو بكرێت، كاریگەرییەكانی لەبەرچاو بێت و 500 مەتریش لە شەقامی سەرەكی دوور بێت، ئەو پاڵاوگانە ئەو مەرجانەیان نەبووە، بۆیە بەشێك لە هۆكاری داخستنیان بوو.


وشە - رامیار جەواد