بەرهەمی ئەمساڵی ترێی سەردەشت دەگاتە 50 هەزار تۆن

:: AM:11:26:05/09/2021 ‌
سەردەشت یەكێك لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانە كە بە ترێی رەش بەناوبانگە، ساڵانە بەرهەمی ترێی ئەو شارە بۆ زۆربەی پارێزگاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەنێردرێت. وەرزی پێگەیشتنی ترێ دەستی پێ كردووە و چاوەڕوان دەكرێ بەرهەمی ئەمساڵی شارەكە بگاتە 50 هەزار تۆن.

رێبوار عەلیپوور بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سەردەشت ئاماژەی دا، ئەو 50 هەزار تۆن ترێیە لە رووبەری 28 هەزار دۆنم رەزی دێهاتەكانی سەردەشت بەرهەم دەهێنرێت و رەوانەی بازاڕ دەكرێت. 20 هەزار دۆنم لەو رووبەرە دێمەكار و ئەوەی تری بەراوە.

بەبێ هیچ جۆرە پەینێكی كیمیایی و بەشێوەیەكی سروشتی پێ دەگات

بەگوێرەی ئیرنا، یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی ترێی سەردەشت ئەوەیە بەبێ هیچ جۆرە پەینێكی كیمیایی  و بەشێوەیەكی سروشتی پێ دەگات، بەشێك لەو ترێیەش لە دارستانەكانی سەردەشت بەشێوەی خۆڕسك ڕواون.

ترێی رەشی سەردەشت بەشێكی راستەوخۆ دەفرۆشرێت و بەشێكی تریشی دەكرێتە مێوژ. مێوژە ڕەشەی سەردەشت بەناوبانگە و لە زۆربەی بازاڕەكان ئەو بەرهەمە لە چوار وەرزی ساڵ خراوەتە ڕوو.

ترێی سەردەشت لەبەر ئەو تایبەتمەندییانەی كە هەیەتی، بۆ تەندروستی مرڤ زۆر بەسوودە و دەگوترێ وێڕای كەمكردنەوەی پاڵەپەستۆی دەمارەكان، هۆكارە لە بەرزكردنەوەی شیری دایكان، هاوكات گەدە و ریخۆڵە پاك دەكاتەوە و رێگری لە چرچبوونی پێست دەكات.



وشە - سلێمان تاشان