بۆچی چووە ئێران؟.. دیوە شاراوەكەی سەردانی كازمی بۆ تاران

:: PM:05:15:13/09/2021 ‌

مستەفا كازمی لە ناوخۆی عێراق سەردان و كۆبوونەوە دەكا و دەیان بەڵێنی داوە، ژمارەیەكی زۆر بڕیار لە حكوومەتی عێراق دەركراوە، وەك لە میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراوەتەوە، بێ ئەوەی زۆرینەیان جێبەجێ بكرێت، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی وڵاتان دەكا و سەرانی ناوچەكە كۆ دەكاتەوە، چاودێران دەڵێن مەبەستی سەرەكیی كازمی مانەوەیە لە دەسەڵات، بۆیە تا كاتی هەڵبژاردن بە بەڵێن و بە (بەڵێ)، وەڵامی هەمووان دەداتەوە.

وەك بڕیار بوو دوێنێ یەكشەم سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی ئێرانی كرد، ئەو سەردانەی لە كاتێكی زۆر هەستیار دێت، لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە، كە جیا لەوەی عەرەب و ئێرانییەكان و ئەمەریكا و هیتریش گرەو لەسەر ئەنجامەكەی دەكەن، كازمی خواستی مانەوە لە پۆستەكە و بردنەوەی دووەم ماوەی دەسەڵات وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات.

سەردانەی كازمی بۆ ئێران چەندان پرسی گرنگی تیادا باس كراوە، لەوانە نێوەندگیریی عێراق لە نێوان ئێران و وڵاتانی كەنداو، پەرەسەندنی تاران و فرەوانكردنی هێرشەكانی بۆ سەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی كاتێك كازمی ئەو پەرەسەندنەی ئێران ناوە ناوە دژی هەرێمی كوردستانی دەكات، رەنگدانەوەی مەترسیداری لەسەر كورد دەبێت، كە بەشدارێكی پرۆسەی هەڵبژاردنن و پێوەندیی كورد بە كازمی بە بەراورد بە پێوەندیان بە سەرانی پێشووی عێراق باشترینە، بۆیە كازمی پێوەندی باشی لەگەڵ حزبە كوردییەكان هەیە، جیا لەوەیش كازمی درك بە سەنگ و قورسایی ئێران لە عێراق دەكات، بۆیە نایەوێ هیچ لەو دوو لایەنە لەدەست بدات.
كازمی پێوەندی لەگەڵ كورد باشە و درك بە قورسایی ئێران دەكات و نایەوێ هیچیان لە دەست بدات
وەك ئاژانسی "سپۆتنیك"ی رووسی دەڵێت، سەردانەكەی كازمی بۆ ئێران لەو كاتە هەستیارەدا چەند مەبەستێكی لەپشتە، گرنگترینیان باسكردنی ئەو پڕۆژە ستراتیجییەی ئێرانە لە عێراق كە كازمی دەیەوێ بۆ ئێرانی جێبەجێ بكات، واتە بەڵێندان بە ئێران بە جێبەجێكردنی بەرانبەر بە پاڵپشتیكردنی تاران بۆ كازمی بۆ مانەوەی لە دووەم ماوەی دەسەڵاتدا، ئەو پڕۆژە ستراتیجییەی ئێرانیش بریتییە لە بەیەكەوە بەستنەوەی هیڵی شەمەندەفەرە لە بەندەری خومەینییەوە تا بەندەری لازقییە لە سووریا، بۆ گەیشتنی ئێران بە دەریای ناوەڕاست، كە ناتوانرێت بێ بەستنەوەی بە خاكی عێراق لە بەسڕەوە تا رۆژئاوای ئەنبار تەواو بكرێت، ئەوە گرنگترین نهێنی سەردانەكەی كازمی بوو بۆ ئێران.

كازمی بەر لە سەردانەكەی بۆ تاران، واژووی لەسەر چەند رێوشوێنێكی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە كردبوو، چونكە ئێران لە بەڵێنە زارەكییەكانی لەبارەی تەواوكردنی پڕۆژەی "شامی نوێ"، لەگەڵ ئوردن و میسر توڕە بوو، كە بە ئەنجامدانی دەبێتە گورزێكی گەورە بۆ ئێران و پڕۆژەكەی بە بەستنەوەی هێڵی ئاسنین بە دەریای ناوەڕاست، واتە گۆڕینی پڕۆژەكەی پێشووی بە دامەزراندنی هیلالی شیعە لە ناوچەكە بۆ پشتێنەیەكی هێڵی شەمەندەفەری فرەوانتر، كە لە داهاتوو بە باكوری ئەفریقیا و ئەوروپایشەوە دەبەسترێتەوە. 

عێراق و ئێران كە دراوسێیەكی زۆر تێكەڵن و ئێران لە زۆر رووەوە دەستی لە كاروباری عێراقدا هەیە، لە رووە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكەی و هیتریش، دەیان باس هەیە بە بەردەوام گفتوگۆی لەسەر دەكەن، كە زۆرجار لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و دەستەوارە چارەسەری دەكەن، لەوانە كەمكردنەوەی كارەبای هاتوو لە ئێرانەوە و بڕینی ئاوی هاتوو لە ئێرانەوە، یەكێك لەو بابەتانەی دوێنێ باس كرا، لابردنی ڤیزەی هاووڵاتییانی هەردوولایە لەكاتی گەشتكردنی بۆ وڵاتی بەرانبەریان.  

بەپێی سەرچاوە فەرمییەكانی عێراق رێككەوتنی لابردنی ڤیزە لە گەڵ ئێران، سوودی بۆ هەدروولا هەیە، كەچی شارەزایەكی ئابووری وەك موجامەلەیەكی عێراقی بۆ ئێرانی دادەنێت، كە زیان بە بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی عێراق دەگەیەنێت.

د. سەلام سمێسم، شارەزای ئابووری دەڵێت، بڕیاری لابردنی ڤیزە زیانی بۆ عێراق هەیە، چونكە ئەو رسووماتەی وەردەگیرێت، بۆ خۆشی نییە، بەڵكو لەبەرانبەردا خزمەتگەزاریان پێشكەیش دەكرێت، بەتایبەتی كاتێك ئێرانییەكان لەكاتی سەردانی چلەی ئیمام حوسێن، خزمەتگەزارییەكانیان نیوچە بێ بەرانبەرە و ئەوان لە ناو عێراق پارە خەرج ناكەن، بە پێچەوانەی عێراقییەكانە لە ئێران كە هەزاران دۆلار لە گەشتیاری و چارەسەری خەرج دەكەن.  

زیاتر گوتی، ئەو بڕیارە رێگە بە ئێرانییەكان دەدات سوود و قازانج لەناو عێراق بكەن، كاتێك دەتوانن بێ بەرانبەر بێنە عێراق و كاڵاكانیان بێ دانی گومرگ و باج بفرۆشن، چونكە لەوانە بەخشراون. چاودێران پێیان وایە عێراق ساڵانە لەو رێككەوتنە بڕی 120 ملیۆن دۆلار زەرەر دەكات، چونكە ساڵانە نزیكەی سێ ملیۆن ئێرانی دێنە ناو عێراق و هەریەكەیان بڕی 40 دۆلاری بۆ ڤیزە دەدا. 

 د. بەشیر عەبدولفەتاح، نووسەر و شارەزا دەڵێت، سەردانەكەی كازمی بۆ تاران لە كاتێكی گرنگدایە و لە چوارچێوەی هێوركردنەوەی دۆخی ناوخۆیی و دەرەوەی وڵاتەكەیە بۆ مسۆگەری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، ئەو چاوی لەوەیە ماوەیەكی تری دەسەڵات بگرێتە دەست، دەیەوێ دۆخەكە لەگەڵ ئێران هێور بكاتەوە، بەتایبەتی دوای هێرشەكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان، چونكە نایەوێ دەنگ و پاڵپشتیی كورد لە دەست بدات، بۆیە كازمی دوو مەبەستی هەیە، رازیكردنی ئێران بە نەكردنە ئامانجی كورد تا كاتی هەڵبژاردن، گفتوگۆكردن لەبارەی ئاو و كارەبا كە ئێران هاتنی ئەوانەی كەم كردووەتەوە، بۆیە مەبەستی سەرەكیی سەردانەكە هەڵبژاردنە، دووەمیش باسكردنی چەند كێشە و تەنگژەیەك وەك ئاو و كارەبا و سێیەم هێوركردنەوەی ئێران لەبارەی لووتكەكەی بەغدا.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل