گەیشتنی بەنزینەكەی بەغدا نرخی بەنزین لە كوردستانی دابەزاند

:: PM:04:16:14/09/2021 ‌
ئەو بەنزینەی بڕیار بوو لە بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكرێت، گەیشتە هەرێم، بۆیە نرخی بەنزینی لە بەنزینخانەكان دابەزاند. 

لە ماوەی رابردوودا نرخی بەنزین تەنیا لە ژمارەیەك بەنزینخانە هەرزان بووە و ئەوانیش تەنیا ئەو بەنزینەیان بە نرخێكی هەرزان فرۆشتووە كە بەنزینەكەیان پێ دراوە، بە گشتی لە بازاڕ نرخی بەنزینی بازرگانی هەر بەرز بووە.  لەمڕۆ سێشەمەوە رۆژانە یەك ملیۆن لیتر بەنزین دەگاتە هەرێمی كوردستان و بەسەر پارێزگاكاندا دابەش دەكرێت. 

مانگی رابردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق، لەوبارەیەوە لەسەر پرسی دابینكردنی بڕێك بە نزین بۆ هەرێمی كوردستان رێككەوتبوون، بەپێی رێككەوتنی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق، رۆژانە هەزار و هەشت مەتر سێجا بەنزین لە بەغداوە دەگاتە هەرێمی كوردستان كە زیاترە لە یەك ملیۆن لیتر. 

هەرزانترین نرخی بەنزین ئەو جۆرە بەنزینە بووە كە بە 660 دینار فرۆشراوە و بە بەنزینی كار ناسراوە


هەرزانترین نرخی بەنزین ئەو جۆرە بەنزینە بووە كە بە 660 دینار فرۆشراوە و بە بەنزینی كار ناسراوە، بەڵام ئەمە بەر هەموو بەنزینخانەیەك نەكەوتووە و ئەو بەنزینخانانەش كە ئەو جۆرە بەنزینەیان وەرگرتووە، چەند رۆژ جارێك بەو نرخە بەنزینەكەیان فرۆشتووە و بەردەمیان قەرەباڵغ بووە، لە كاتەكانی تر هاوشێوەی بەنزینخانەكانی تر بەنزینی بازرگانییان خستووەتەڕوو كە نرخەكەی سەرووی 800 دینار بووە، جۆری سۆپەرەكەشی بۆ سەرووی هەزار دینار بەرز بووەتەوە. 

وەلید عەزیز خاوەنی بەنزینخانەی رۆڤە بۆ "وشە" ئاماژەی دا، هاتنی ئەو بەنزینە لە بەغداوە بۆ هەرێم هەر ئەمڕۆ كاریگەری لەسەر دابەزاندنی بەنزینی بازرگانی هەبووە و پێشتر كە بەنزینی نۆرماڵ لە كۆگاكان بە 800 دینار دەخرایەڕوو. ئەمڕۆ بۆ 770 دینار دابەزی، كەچی كەسیش نەیدەكڕی.  

هەر مانگە و 15 بەنزینخانە لێی سوودمەند دەبن


ئەو روونی كردەوە، دابەشكردنی بەنزین بۆ هەموو بەنزینخانەكان نییە و هەر مانگە و 15 بەنزینخانە لێی سوودمەند دەبن، ئەمڕۆ سێشەم ئەو بەنزینخانانەی بەنزینی بەغدایان وەرگرتووە، لیتری بەنزینیان بە 690 دینار فرۆشتووە.  

بەڵام زریان رەسووڵ خاوەنی بەنزینخانەی ئەپێكس لە هەولێر ئاماژەی دا، هاتنی بەنزین كاریگەری لەسەر بەنزینی بازرگانی نییە، ئەوانەی لە وەرگرتنی بەنزینی بەغدا سوودمەند نین، ئەوا ناچارن هەر بەنزینی بازرگانی لە ئێرانەوە بكڕن و ئەو جۆرە بەنزینەش نرخەكەی دیاریكراوە و گۆڕانكاری بەسەردا نایەت. 

ئەو ئاماژەی دا نرخی بەنزین لەو بەنزینخانانە دادەبەزێت كە حكوومەت بەنزینەكەیان پێ دەدات. 

پێویستە بگوترێ بەشێك لە پێداویستییەكانی هەرێمی كوردستان بە بەنزین هەر لە ناوخۆ دابین دەكرێ و بەشێكی تریش لە دەرەوە هاوردە دەكرێت. 


وشە - سلێمان تاشان