ئێران لە بەرهەمهێنانی سووتەمەنی ئەتۆمی نزیك بووەتەوە

:: PM:09:05:14/09/2021 ‌

بەرنامەی ئەتۆمی ئێران هی ئێستە نییە و لە ناوەڕاستی سەدەی رابردوو بە پاڵپشتی ئەمەریكا دەستی پێ كردووە، بەڵام لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی ئیسلامی ئەو وڵاتە، بەرنامەكە بووە ئامانجێكی شووم بۆ تاران و چەندان سزای بەسەردا سەپا بۆ رێگرتن لە بوونی بە خاوەنی، شارەزایان وریایی دەدەن بەوەی تاران لە بەرهەمهێنانی سووتەمەنی پێویست بۆ دروستكردنی كڵاوەیەكی ئەتۆمی نزیك بووەتەوە.

شارەزایان كە تاوتوێی ئەو زانیارییانەی راپۆرتێكی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەكەن، ئاشكرایان كرد كە ئێران توانای بەرهەمهێنانی سووتەمەنی بۆ دروستكردنی كڵاوەیەكی ئەتۆمی لە ماوەی مانگێك هەیە، وەك لە راپۆرتێكی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكیدا هاتووە.

لە راپۆرتی پەیمانگەی زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی، كە گرووپێكی سەربەخۆی تایبەتە بە شیكردنەوەی ئەنجامی زانیارییەكانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی، هاتووە، ئێران توانیویەتی لە ماوەی وەرزی هاویندا یۆرانیۆم تا ئاستی 60% بپیتێنێت، بەوەیش توانای ئەوەی پێ بەخشیوە لە ماوەی مانگێك سووتەمەنی بای بۆمبێكی ئەتۆمی بەرهەم بێنێت، لەوكاتەی دەتوانێت لە ماوەی كەمتر لە سێ مانگدا سووتەمەنی دووەم بۆمب بەرهەم بێنێت و سێیەمیش لە ماوەی كەمتر لە پێنج مانگ. 
ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندووەتە ئاستی نزیك لە پێویست بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی
رۆژنامەكە ئاماژە دەكات كە ئێران دەیەوێ لەو رێگایەوە گوشار بخاتە سەر جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا بۆ واژووكردنی رێككەوتنی ئەتۆمی بەو شێوەی لە بەرژەوەندی خۆیەتی، ئەوە لەوكاتەی هەینی رابردوو دێڤید ئۆلبرایت، ئامادەكاری راپۆرتەكە وریایی لەوە دابوو كە هەڵسوكەوتەكانی ئێران ئاماژە بۆ بوونی هەوڵێكی حكوومەتی نوێی ئێران، ئیبراهیم رەئیسی دەكات، بۆ دۆزینەوەی بڕگەی تر بۆ رێككەوتننەكە كە بۆخۆی گونجاو بێت، لە گفتوگۆی زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی 2015، روونی كردەوە، پێویستە وریا بین بۆ ئەوەی رێگەیان پێ نەدەین بمانترسێنن. 

رێككەوتنی ئەتۆمی رێگە بە ئێران نادات بە پیتاندنی یۆرانیۆم زیاتر لە 3.67%، كە ئەوە رێژەیەكی 90% كەمترە لەوەی بۆ پەرەپێدانی چەكی ئەتۆمی پێویستە، بەڵام ئێران لە 2018ەوە لەوەتەی كشانەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتننەكە لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوامە و گەیشتووەتە ئاستی 60%، ئەوەیش وای كردووە ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نیگەرانی لێ بنیشێت و بە تونەدی سەركۆنەی هاوكاری نەكردنی تاران لەبارەی رێگەدان بە چاودێریكردنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی لە مانگی شوباتی رابردووەوە بكات.

ئەمە و بەر لە دوو رۆژ رێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران رای گەیاند كە رێگە بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەدات بە گەیشتن بە كامێراكانی چاودێری پێگە ئەتۆمییەكان، بەپێی رێككەوتنەكەیش رێگە بە پشكنەرانی ئاژانسەكە دەدرێت بۆ گەیشتن بەو كامێرا و كەلوپەلەكانی تر و دووبارە بەگەڕخستنەوەیان، بەڵام ئەوە كێشەی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێران تا ئاستی زۆر زیاتر لەوەی رێگەی پێ دراوە چارەسەر ناكات، بۆیە ئێستە ئێران زۆر لە بەرهەمهێنانی مادەكانی پێویست بۆ دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی نزیك بووەتەوە، بە بەراورد بە ساڵی 2015، وەك رۆژنامەكە وای گوت.

ئێستە پارێزگارانی ئێران لاف بەو سەركەوتنە لێ دەدەن كە دوای رێككەوتن لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆمی، چەند وڵاتێكی رۆژئاوا نیازی وازهێنانی خۆیان لە پلانی دەركردنی بڕٍیارێك رەخنە لە تاران دەگرێت لە كۆبوونەوەی ئاژانسەكە راگەیاند، ئەگەرچی ئاژانسەكە بەڵێنی مامەڵەكردنێكی توندتری لەگەڵ ئێران داوە.

هەر لە سەرەتاوە دیار بوو ئێران هەوڵی بینە و بەردە لەگەڵ ئاژانسەكە دەدات، وەك هەوڵێك بۆ كاتكوشتن بۆ داپۆشینی پێشێلكارییە ئەتۆمییەكانی لە هەندێك لە وێستگەكان، لەوانە دۆزینەوەی شوێنەواری یۆرانیۆم لە چوار دامەزراوە و دروستكردنی كێشەیەكی تر لە گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریكا لە ڤیەنا كە شەش گەڕی بەڕێوە چووە و پێش گەڕی حەوتەمی وەستا.  

"نیویۆرك تایمز"، ئاماژە دەكات كە ئێران نزیكەی مانگێكی لەپێشە بۆ دەستكەوتنی بڕی پێویستی سووتەمەنی بۆ بۆمبێكی ئەتۆمی، بەوەی بەبەستێكی بڕیوە لە رێگەی زیادكردنی گوشار لەسەر ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی بۆ باشتركردنی مەرجەكانی ناو هەر هەوڵێكی زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی 2015. شارەزایان ئاماژە دەكەن كە ئێران لە چەند مانگی دوایی پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندووەتە ئاستێكی نزیك لە پێویست بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبێكی ئەتۆمی، بەڵام دروستكردنی كڵاوەیەكی راستەقینەی ئەتۆمی بتوانرێت لەسەر مووشەك هەڵبگیرێت و لە بەرگی دەرەوەی زەوی گڕ نەگرێت، كاتی زیاتری پێویستە.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل