ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران كۆ دەبێتەوە

:: AM:10:36:15/09/2021 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیران، كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوە بچێت و گفتوگۆ لەسەر كۆمەڵێك بابەت بكرێ‌.

ئەمڕۆ چوارشەم 15ـی ئەیلوول، فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاوی كردووەتەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت، ئەنجام دەدات.

باس لەوەش كراوە، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی خستنەڕووی ئامادەكارییەكانی وەزارەت و لایەنە پێوەندیدارەكان، بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت، بە ئاراستەی بانگەشەیەكی مەدەنییانەی ئارام و دوور لە پشێوی و یەكترشكاندن و ناوزڕاندن، ڕۆڵی سەربەخۆیی دامەزراوە ئیداری و مەدەنییەكان و میدیا و كۆمەڵگەی مەدەنی، بۆ سەركەوتنی ئەم پرۆسەیە بەگوێرەی یاسا بەركارەكان و هاندانی هاووڵاتییان بۆ پیادەكردنی مافی دەنگدان. 

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، بەدواداچوون بۆ هەنگاوەكانی وەزارەتە پێوەندیدارەكان بۆ جێبەجێكردنی دوو بڕیاری كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەكرێ‌، ئەویش تایبەت بە قەدەغەكردنی بەكارهێنانی سیمكارتی بێ بەرایی و لیژنەی لێكۆڵینەوە لەبارەی كوالێتی هاوردەكردنی ئارد لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان، لە ڕووی خۆراكی و تەندروستییەوە.

تەوەری سێیەمی كۆبوونەوەكە بریتی دەبێت لە بڕیاردان لەسەر ڕەشنووسی پلانی نیشتمانی هەرێمی بۆ مافەكانی مرۆڤ 2021 بۆ 2025 كە لە كۆبوونەوەی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران، لەلایەن دیندار زێباری ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان خرایەڕوو بۆ ئەنجوومەن، بڕیار درا لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیاری كۆتایی لەسەر بدرێت. 

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا گفتوگۆ دەكرێت بۆ خستنەڕووی ڕەشنووسی "پێڕەوی سندووقی پاڵپشتی گەشەپێدانی ڕێگەوبان لە هەرێمی كوردستان – عێراق" كە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، بە هاوئاهەنگی وەزارەتەكانی سامانە سروشتییەكان، دارایی و ئابووری و ناوخۆ ئامادە كراوە.




وشە - رامیار جەواد