خانەیەكی زیادكردن لە ئەمەریكا رای دەگەیەنێت، لە مانگی دیسێمبەری داهاتوودا ژمارەیەك لە كەلوپەلەكانی ئەستێرەی سینەمایی سلڤستەر ستالۆن كە لە دنیادا بە نازناوی "رامبۆ" ناسراوە، دێنە فرۆشتن كە پێشبینی دەكرێ نرخەكەیان بگاتە نزیكەی دوو ملیۆن دۆلار.
پێگەی "
عەرەبیە" ئەمڕۆ چوارشەم 15ی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، خانەی "جۆلیان" بۆ زیادكردن لە ئەمەریكا بڵاوی كردووەتەوە، نزیكەی 500 یادەوەریی ستالۆن لە دیسێمبەر بۆ فرۆشتن پێشان دەدەن، ئەوان پێشبینی دەكەن بەشێك لەو كەلوپەلانە كە هەندێك دەستنووسی خۆی تێدایە، نرخەكەیان بگاتە نزیكەی دوو ملیۆن دۆلار.
لەبارەی كەلوپەلەكانەوە خانەكە گوتوویەتی، ئەو دەستەوانانەی بۆكسینگ كە ستالۆن لە بەشی سێیەمی فیلمی "رۆكی" بەكار هێناون، یەك لە كەلوپەلەكانە، هاوكات ئەو پارچە پەڕۆیەی لە بەشی دووەمی فیلمی "رامبۆ"دا لە ناوچەوانی خۆی بەستووە، بەهەمانشێوە بۆ فرۆشتن پێشان دەدرێت.
زیاتر گوتوویەتی، بەشێك لە یادەوەری ستالۆن كە لە فیلمەكانی "رۆكی"، "رامبۆ"، كلیڤهانجەر"، "زە ئیكبسنابلز" و "دیمۆلیشن مان" دەبینرێن، بەشێك دەبن لەو كەلوپەلانەی لەو زیادكردنەكەدا پێشان دەدرێن. جیالەوەی چەندان دەستنووس لەبارەی فیلمەكانی ئەو هونەرمەندە لەناو كەلوپەلەكانن كە بەدەستی خۆی نووسراون.
نرخی دەستەوانەكان رەنگە بگاتە نزیكەی 20 هەزار دۆلار
بەپێی پێشبینیی خانەكە، نرخی دەستەوانەكان رەنگە بگاتە نزیكەی 20 هەزار دۆلار، دەستنووسەكانی بگەنە 60 هەزار دۆلار. چەند چەقۆیەكیش كە ستالۆن لە فیلمەكانی "رامبۆ" بەكاری هێناون، رەنگە هەر یەكیان بگەنە نزیكەی دوو هەزار دۆلار. بێگومان سەتان پارچە كەلوپەلی تریشیان تێدایە.
خانەكە دەڵێ چونكە سلڤستەر ستالۆن لەلایەك وەرزكارێكی جیهانییە و هاوكات ئەستێرەیەكی زۆر ناوداری سینەماكانی هۆڵیوودە، بۆیە خەڵكێكی زۆر هەن لە هەوادارانی، بە شانازییەوە كەلوپەلەكانی لەلایەن خۆیان دەپارێزن.
سلڤستەر ستالۆن كە لە ساڵی 1946 لە نیویۆرك لە ئەمەریكا لە دایك بووە، بەهۆی فیلمەكانی "رۆكی" و "رامبۆ" زۆرترین ناوبانگی لە دنیای سینەمای جیهانیدا هەیە. لە ساڵی 1976دا خەڵاتی ئۆسكاری وەرگرتووە.