هەڵبژاردن نزیك بووەتەوە.. پەرلەمانی عێراق كەی هەڵدەوەشێتەوە و كێ لە بردنەوە نزیكترە؟

:: PM:08:52:15/09/2021 ‌

دوای دواخستن و مشتومڕێكی زۆر، 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دیاری كرا، حكوومەت و هێزە سیاسییەكان و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی لەسەر وادەكەی كۆكن، پێشتر هاتە راگەیاندن بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەكە دەبێ پەرلەمان خۆی هەڵوەشێنێتەوە، بەڵام ئەگەری دروستبوونی كێشە چەندە؟

مەیادە نەجاڕ، پەرلەمانتاری كورد لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لەناو پەرلەمان دەنگ لەسەر ئەوە دراوە چەند رۆژێك پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە، بۆیە ئەندامان دەنگیان لەسەر ئەو بابەتە داوە و هەموو شتێك یاساییە، واتە ئەگەر هەڵبژاردن لە وادەی خۆی بكرێت، پەرلەمان هەڵوەشایتەوە، ئەگەر هەڵبژاردن لە 10ی مانگی داهاتوو بكرێت، پە رلەمان لە 9ی مانگ هەڵوەشاوەیە.

زیاتر گوتی، دوای هەڵبژاردن و دەركەوتنی ئەنجامەكان، پەرلەمانی نوێ پێك دێ و لە كاری خۆیان بەردەوام دەبن تا كاتی دامەزراندنی حكوومەتی نوێ، پێكهاتنی پەرلەمانی نوێ لەسەر پەسندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەندە، ئاخۆ وەك 2018 گومان و تانە لە ئەنجامەكان و ژماردنەوەی بەدەستی دەنگەكان دەدرێت.

نەجاڕ روونی كردەوە، ئەگەر قۆناغی دەركەوتنی ئەنجامەكان وەك 2018 دوا كەوت، پەرلەمان دوای چەند مانگێك سوێندی یاسایی خوارد، روونی كردەوە، عێراق وڵاتێكی دامەزراوەیی نییە تا كار لەسەر ئەوە بكرێت نەچێتە ناو بۆشاییەكی دەستووری، بێگومانە ئەو كێشە و ململانێیانەی لە نێوان هێزە سەرەكییەكان رۆڵی زیاتریان لە هەڵبژاردنەكە و پێكهێنانی حكوومەت و پێكهێنانی فراكسیۆنی گەورەترین هەیە، ئەوەیش كاتی پێویستە.
نیوچە رێككەوتنێك لەسەر درێژكردنەوەی دەسەڵاتەكانی مستەفا كازمی هەیە
زۆرجار هەڵبژاردنەكانی عێراق كێشە و ناكۆكی گەورەی تێ كەوتووە، بەتایبەتی لە نێوان هێزە ركابەرە گەورەكانەوە، ئەوان بەپێی بەهێزی خۆیان سوودیان لە دەستوور و لێكدانەوەی مادەكانی دەستوور بینیوە بۆ سەپاندنی خۆیان و بردنی دەستكەوتی یەكتر، لە 2018 كێشەی گەورە دروست بوو و پێكهاتنی پەرلەمان و حكوومەت دوا كەوت، تا رێككەوتن لەسەر كاندیدێكی تەوافوقی، ئەمساڵ لەناو هەموو پێكهاتەكان چەند هێزێكی سەرەكی ركابەر هەن، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت بە هاوشێوەی پێشوو ئەنجامەكان و تانەدان بۆ دوای رێككەوتن و سازانی هێزە سەرەكییەكان دوا بكەوێت.

تارق حەرب، شارەزای یاسایی و دەستووری عێراق لەوبارەوە بە "وشە"ی راگەیاند، هەڵوەشانەوەی پەرلەمان لە حەوتی تشرینی یەكەم دەبێت، واتە دوو رۆژ پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە، سەرۆك كۆماری عێراق دەسەڵاتی هەیە لەسەر داوای سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران پێش ئەو وادەیە پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام ئەوە ناكات، چونكە بە كردەنی لەئێستەوە پەرلەمان بە هەڵوەشاوە حسێبە، بەڵگەیش لەكاتی سەردانی سەرۆكی پەرلەمانی ئوردن دەبوایە پەرلەمان كۆ ببایەوە، بەڵام نەیانتوانی ئەو كۆبوونەوەیش بكەن، بۆیە مانای وایە پەرلەمان نیوچە مردووە، ئەگەرچی لە رووی یاساییەوە تا حەوتی مانگی داهاتوو ماوە.

زیاتر گوتی، من پێم وا نییە سەختی و كێشە لە دروستبوونی حكوومەتی داهاتووی عێراق دروست ببێت، چونكە لە ئێستەوە لێكگەیشتن لە نێوان رەوتی سەدر و پارتی دیموكراتی كوردستان و هێزەكانی تری كوردی و هێزێكی گەورەی سوننە هەیە، واتە نیوچە رێككەوتنێك لەسەر درێژكردنەوەی دەسەڵاتەكانی مستەفا كازمی، سەرۆكی وەزیرانی ئێستە هەیە، بۆیە پێم وا نییە كێشەیەك دروست ببێت لەبارەی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران. بەڵام لەگەڵ ئەوەیش بابەتەكە رەنگە بەو ئاسانییە نەبێت.   
بڕیارە لە 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختە لە سەرانسەری عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە بەڕێوە بچێت، تیایدا 3525 كاندید لە 44 هاوپەیمانیەتی و 267 حزبی سیاسی و سەربەخۆ بەشداری تیادا بكەن و كێبەركێ لەسەر 329 كورسی پەرلەمانی عێراق دەكەن.

شیعە بە پێنج هاوپەیمانی بەهێز دەچنە ناو هەڵبژاردنەوە، "رەوتی سەدر"ی سەر بە موقتەدا سەدر، هاوپەیمانی "فەتح"ی هادی عامری و هاوپەیمانی "دەوڵەتی یاسا"ی نووری مالیكی، كە هەردووكیان لە ئێرانەوە نزیكن، هاوپەیمانی "تەسحیح"ی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و رێكخراوی كاری ئیسلامی، هاوپەیمانی "هێزەكانی دەوڵەتی عێراقی"، بە سەركردایەتی عەمار حەكیم و حەیدەر عەبادی. 

سوننە بوونەتە سێ هاوپەیمانیەتی، "هاوپەیمانیەتی تەقودم" كە سەر بە محەمەد حەلبووس،ی سەرۆكی پەرلەمان و نزیك لە كەنداو و ئەمەریكایە، هاوپەیمانی "عەزم"ی سەر بە خەمیس خەنجەر و محەمەد كەربولی، نزیك لە ئێران و میلیشیاكان و هاوپەیمانی "مەشرووع ئەلوەتەنی"، لە مووسڵ سەر بە ئوسامە نوجێفی، سەرۆك پەرلەمانی پێشووتر. هەرچی كوردە، جیا لە پارتی دیموكراتی كوردستان، كە بەتەنیا چووەتە ناو هەڵبژاردن، هاوپەیمانی نیشتمانی، كە یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەخۆ دەگرێت، هەروەها نەوەی نوێ و كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی كاندیدیان هەیە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل