ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە لەندەن لەگەڵ بین واڵاس، وەزیری بەرگری بەریتانیا كۆ بووەوە، ئەوان چەند بابەتێكی گرنگیان پێوەست بە هەرێم و عێراق و ناوچەكە تاوتوێ كرد، دووپاتیان كردەوە كە تا ئێستەیش داعش هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە و جیهان.
لە كۆبوونەوەكەدا كە وەزیری هێزە چەكدارەكان و باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق ئامادەی بوون، دوایین پێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆر لە عێراق و مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوەی داعشیان تاوتوێ كرد، ئەوان هاوڕا بوون كە داعش هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە و جیهان و هێشتا پشتگیری و هاریكاریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوە و لەناوبردنی پێویستە.
بەریتانیا پشتگیری بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان لە ڕووبەڕوونەوەی تیرۆر دووپات كردەوە
وەزیری بەرگری بەریتانیا دووپاتی لە بەردەوامیی بەشداری و ئەركی هێزەكانی وڵاتەكەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش كردەوە، هەموو پشتگیرییەكی وڵاتەكەی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان لە ڕووبەڕوونەوەی تیرۆر دووپات كردەوە، پێزانین و ستایشی بۆ قوربانی و ڕۆڵی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان لە تێكشكاندنی داعش دەربڕی.
لای خۆیەوە سەرۆكی هەرێم سوپاس و پێزانینی بۆ ڕۆڵی بەریتانیا و پشتگیریكردنی لە عێراق و هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆردا دووپات كردەوە، هاوكارییە سەربازییەكانی بەریتانیای بەرز نرخاند، بەتایبەتی ئاماژەی بە بوونی ڕاوێژكار و تیمەكانیان و مەشقكردن و ڕاهێنانیان بە پێشمەرگە كرد.
ئەمە و گرنگیی هاریكاری و هاوئاهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بە پشتیوانی هاوپەیمانان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و چاكسازی و هەنگاوەكان بۆ یەكخستنەوەی پێشمەرگە و دۆخی تەناهیی عێراق و ناوچەكە بەگشتی و چەند پرسێكی تر، تەوەرێكی تری كۆبوونەكە بوون.