لە ئەفغانستان قڕانی هونەرە

:: PM:01:22:16/09/2021 ‌
چاودێران سەرنجی ئەوە دەدەن، بزووتنەوەی تاڵیبان وێڕای ئەوەی بەڵێن دەدەن كە بەراورد بە پێشتر گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە، كەچی لەسەر ئەرزی واقیع هەمان ئەو بزووتنەوەیەن كە ناتوانن بگۆڕێن و لەگەڵ دەنیای سەردەمدا هەڵبكەن. ئێستە كەوتوونەتە ناو وێڕانكردنی هونەر لەو وڵاتە.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ پێنجشەم 16ی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، بەرلە 20 ساڵ بزووتنەوەی تاڵیبان چۆنی بیری دەكردەوە، ئێستەیش بە هەمانشێوەیە. لە دەسەڵات و بەبێ دەسەڵاتیش، ناتوانێ لەگەڵ هونەر و بوارەكانی هەڵبكات، بۆیە رێ لە موزیك و گۆرانی و شێوەكاریش دەگرێت.

بەپێی پێگەكە كە ئاماژەی بە قەدەغەكردنی موزیك و وەرزش لەلایەن ژنانەوە كردووە، پێشتر لە هەواڵێكدا بڵاوی كردبووەوە كە پەیمانگەی فێربوونی موزیك بۆ كچان و ژنان لەلایەن تاڵیبانەوە قەدەغە كراوە. ئێستەیش خاتوونە شێوەكارێكی ئەفغانی دەڵێ، تابلۆكانی ئێمەیش لەلایەن تاڵیبانەوە وێران كراون.

ئەوەی ئەو شێوەكارە ئەفغانە ئاماژەی پێ دەكات، زیاتر ئەو دیواربەندانەیە كە شێوەكارانی وڵاتەكە دروستیان كردوون، لە هەر شوێنێك تابلۆیەك ببینرێت، یان رەش دەكرێتەوە یان دەشێوێنێت، بەتایبەتی ئەو تابلۆیانەی بە پەڕەمووچی ژنان دروست كراون و لە رێیانەوە داوای ئازادیی ژنان دەكەن.

شەمسیە حەسان كە شێوەكارێكی ئەفغانە و لە مانگی رابردوو كە تاڵیبان ئەفغانستانی كۆنترۆڵ كرد، لەڕێی فڕۆكەخانەی كابولەوە بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە هەڵاتبوو، لەڕێ تویتەرەوە بڵاوی كردووەتەوە كە سەرجەم ئەو تابلۆیانەی لەسەر دیوارەكان لە وڵاتەكەی خۆی كێشاونی، لەلایەن تاڵیبانەوە رەش كراونەتەوە یان شێوێنراون. لە ئینستەگرامیشەوە چەندان تابلۆی خۆی بڵاو كردووەتەوە كە پێشتر دروستی كردبوون و ئێستە وێران كراون.

ئەوەشی گوتووە كە نەك هەر تابلۆكانی خۆی، بەڵكو لە هەر شوێنێك تابلۆیەك هەبێت و پێوەندیی بە ئازادیی ژنانەوە هەبێت، رەش كراونەتەوە یان شێوێنراون، بۆیە تاڵیبان هەمان ئەو بزووتنەوەیەیە كە پێشتر هەبوو، ناتوانێ لەگەڵ دنیای سەردەم هەڵبكات.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د