توركیا 242 كیلۆمەتری تر لە سنووری رۆژهەڵاتی دەكاتە دیوار

:: PM:02:22:16/09/2021 ‌
وەزیری ناوخۆی توركیا ئاشكرای كرد، دیواری پاراستنی وڵاتەكەی درێژ دەكاتەوە و 242 كیلۆمەتری تر لە سنووری وڵاتەكەی لەگەڵ ئێران دەكاتە دیوار.

پێشتر دیوارێكی 221 كیلۆمەتری راكێشرابوو و ئەمجارە بە زیادكردنی ئەم دیوارە، درێژیی دیوارەكە بۆ 463 كیلۆمەتر بەرز دەبێتەوە.
 
بەگوێرەی رادیۆ فەردا، لەگەڵ بەدەسەڵات گەیشتنی تاڵیبان، شەپۆلێكی تری كۆچبەرانی ئەفغان بەرەو رۆژئاوا دەستی پێ كردووە ، توركیاش بۆ رێگریكردن لە هاتنی كۆچبەران بۆ وڵاتەكەی، دیواری كۆنكرێتی لەگەڵ سنووری رۆژهەڵاتی كوردستان بنیات دەنێت.

توركیا سوورە لەسەر ئەوەی لە راكێشانی دیوارەكە پەلە بكات


توركیا پێشتریش لە بەرنامەیدا بوو دیوار دروست بكات، بەڵام زیاتر بۆ مەبەستی پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی بوو و ئێستە كە دۆخی ئەفغانستان گۆڕاوە، توركیا سوورە لەسەر ئەوەی لە راكێشانی دیوارەكە پەلە بكات. دیوارەكە جگە لە كۆنكرێت، خەندەق و تێلدڕووش لەخۆ دەگرێت و تەواوی ئەو سنوورەش هەمان سنووری رۆژهەڵاتی كوردستانە.

هەر ئێستە توركیا میوانداریی ملیۆنان ئاوارەی سووریا دەكات كە بەهۆی جەنگ هەڵاتوون و وڵاتی خۆیان جێهیشتووە. توركیا وڵاتێكی گرنگە بۆ پەناخوازان و بە دەروازەی كۆچبەرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست بۆ ئەوروپا هەژمار دەكرێت.


وشە - سلێمان تاشان