دوای بەرهەمهێنانی فیلمێكی دیكیۆمێنتاری بەناوی پێشمەرگە و نمایشكردنی لە 69 مین خولی فێستیڤاڵی كان لە فڕەنسا و نمایشكردنی لە چەند وڵاتێكی تر، لە ئێستەدا نووسەری بەناوبانگی فڕەنسی بێرنارد هێنری لێڤی، كار بۆ بەرهەمهێنانی دووەم فیلم دەكات لەبارەی بەشداریكردن و رۆڵ و كاریگەری پێشمەرگە و هێزە بەشدارەكانی ئازادكردنەوەی مووسڵ.
لەوبارەیەوە هونەرمەند ئاڵا وشیار دەرهێنەر و بەڕێوەبەری ئەو فیلمە كە هاوكات وەك ئەكتەر بەشداری لەو فیلمە دەكات، بە"وشە"ی راگەیاند: دوای كاركردنمان بۆ یەكەم فیلمی تایبەت بەپێشمەرگە لەگەڵ نووسەر بێرنارد هێنری لێڤی كە بریتی بوو لە فیلمێكی دیكیۆمێنتاری بەناوی پێشمەرگە لە شەنگالەوە تا كەركووك، تێیدا باس لە ئازایەتی پێشمەرگە دەكات. ئەو فیلمە بەشداری لە فێستیڤاڵی كان كرد لە فڕەنسا.
هەروەها گوتی، بۆ كاركردن بۆ فیلمی دووەممان لەگەڵ نووسەری ناوبراو كە پێوەندی بەپێشمەرگە و هەموو ئەو هێزانە هەیە كە لە ئازادكردنەوەی مووسڵ بەشداری دەكەن، لە داهاتوویەكی نزیكدا نووسەری ناوبراو سەردانی كوردستان دەكات، ئێستە پلان دادەنێت بۆ بەرهەمهێنانی ئەو فیلمە لەبارەی ئازادكردنەوەی شاری مووسڵ و كاریگەری پێشمەرگە تێیدا.
لەبارەی كاركردنی بۆ پێشمەرگە بێرنارد دەڵێت: شانازی بەوە دەكەم كە خزمەتێكی بچووكم بەپێشمەرگە كردووە، ئەو هێزە زۆر گەورە و پیرۆزە و دەبێت هەموو دنیا سوپاسی پێشمەرگە بكات، لەئێستەشدا دوای چەندان نمایشی تایبەت و جیهانی پیشاندانی فیلمی یەكەممان لە سینەما و فێستیڤاڵەكانی دنیا بەردەوامە .
فیلمی پێشمەرگە ماوەی هەشت مانگ كاری بۆ كراوە و بێلایەنانە كاری تێدا كراوە و نوێنەرایەتیی كوردی كرد. لە فێستیڤاڵی كان و نوێنەرایەتی كوردی كرد كە پێشمەرگە قارەمانانە دەجەنگێت تێیدا. ڕۆژی هەینی 20/5 فیلمی پێشمەرگە لە فێستیڤاڵی كان بەئامادەبوونی ستافێك لە نوێنەرانی كورد و پێشمەرگە لە كوردستانەوە نمایش كرا.
شایەنی باسە ئاڵا وشیار ساڵی 1982 لە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە دایك بووە و ماوەی حەوت ساڵ پێشمەرگە بووە، لە ساڵی 1999 چووەتە سلێمانی و تا ساڵی 2007 لەوێ ژیاوە، پاشان حەوت ساڵی تەمەنی لە ئەوروپا بەسەر بردووە و لە 14 وڵاتی ئەوروپی ژیاوە و نیشتەجێ بووە .
وشە/ شاخەوان شێخانی