نیوەی دانیشتوانی كوردستان پشكنینی كۆرۆنایان بۆ كراوە

:: AM:10:25:18/09/2021 ‌
بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تا ئێستە زیاتر لە سێ‌ ملیۆن پشكنین بۆ دانیشتووانی كوردستان كراوە، زۆرترین پشكنینیش بۆ دانیشتووانی پارێزگای دهۆك بووە.

ئەمڕۆ شەموو 18ـی ئەیلوول، بەپێی بەدواداچوونێكی "وشە" كە بۆ ئاستی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا و ڕێكارە تەندروستییەكان كردوویەتی، دەركەوتووە لە هەرێمی كوردستان لە ماوەی 569 ڕۆژی ڕابردوودا كە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەیە، زیاتر لە سێ‌ ملیۆن پشكنین بۆ گومانلێكراوان لە ئەگەری تووشبوون بە كۆرۆنا كراوە.

زۆرترینیان لە دهۆك بووە
لە نوێترین ئاماری وەزارەتی تەندروستی بڵاوی كردووەتەوە، تا ئێستە لە هەرێمی كوردستان 21 هەزار و 871 هاووڵاتی كەرەنتین كراون بەهۆی ڕێكارە تەندروستییەكان بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

لە ئامارەكاندا ئەوەیش دەركەوتووە، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی هاووڵاتییان هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا نین، تا ئێستە سێ‌ ملیۆن و 23 هەزار و 439 پشكنین كراوە كە زۆرترینیان لە دهۆك بووە بە ملیۆنێك و 207 هەزار و 63 هاووڵاتی، هەولێر لە پلەی دووەم دێ‌ بە ئەنجامدانی ملیۆنێك و 45 هەزار و 431 پشكنین بۆ هاووڵاتییان، هەروەها سلێمانی بە پلەی سێیەم دێ‌ و 749 هەزار و 647 پشكنینی تێدا ئەنجام دراوە، پارێزگای هەڵەبجە بەپلەی چوارەم دێ‌ بە ئەنجامدانی 21 هەزار و 298 پشكنین بۆ هاووڵاتییان ئەنجام دراوە.

هەرچی پێوەندی بە ژمارەی تووشبووانە، تا ئێستە 316 هەزار و 933 تووشبوو هەبووە، لەو ژمارەیەش 282 هەزار و 462 چاكبوونەوە هەبووە و 28 هەزار و 789 هاووڵاتی لە ژێر چارەسەردان، پێنج هەزار و 682 هاووڵاتی بە ڤایرۆسەكە مردوون.




وشە - رامیار جەواد