ئەمڕۆ لە ئەفغانستان دەرگای قوتابخانەكان بەڕووی قوتابیاندا كرانەوە، بەڵام كرانەوەكە تەنیا بۆ كوڕانە و كچان لێی بێبەش دەبن، ئەوەیش بەپێی ئەو دەسەڵاتەی تاڵیبان كە لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو (ئاب) وڵاتەكەی كۆنترۆڵ كردووە و حكوومەتێكی كاتیی تێدا دامەزراندووە.
پێگەی "
عەرەبیە" ئەمڕۆ شەموو 18ی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، پێشتر بزووتنەوەی تاڵیبان رای گەیاندبوو كە رێی تێكەڵاوبوونی پیاوان و ژنان لەژێر دەسەڵاتەكەی لەناو كار و خوێندندا نادات، ئەمڕۆیش كاتێك دەرگای قوتابخانەكان بەڕووی قوتابیاندا كرانەوە، تەنیا ئەو قوتابییانە دەتوانن بخوێنن كە كوڕن، كچان لێی بێبەش كراون.
بەپێی بڕیارەكەی حكوومەتی كاتیی ئەفغانستان كە حكوومەتی تاڵیبانە، قوتابیانی كوڕ لە شەش ساڵی تا 12 ساڵی دەتوانن لە قوتابخانە بخوێنن، رێ بە كچانی قوتابی نادرێت بچنە قوتابخانەكانیان.
بەپێی پێگە عەرەبییەكە، نەك تەنیا قوتابییە كچەكان بۆیان نییە بچنە قوتابخانە، تەنانەت بۆ مامۆستا و فەرمانبەرانی قوتابخانەكانیش، تەنیا پیاوەكان بۆیان هەیە دەوامیان تێدا بكەن و رێ لە مامۆستا و فەرمانبەری ژن نادرێ بچنە قوتابخانەكان.
بەپێی ئەو بڕیارەی حكوومەتەكەی تاڵیبان داویەتی، هەمان ئەو بڕیارانەیە كە ئەو بزووتنەوەیە لە ساڵانی نەوەتەكاندا دەسەڵاتی بەشێكی وڵاتەكەی لە بەردەست بووە، بۆیە چاوەڕێی ئەوە لەو بزووتنەوەیە ناكرێ كە بەڵێنی گۆڕانگاریی لە بۆچوونەكانی بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوە، بەڵكو هەمان دەسەڵاتە و ناتوانێ لەگەڵ كۆمەڵگەی سەردەمدا هەڵبكات. رێی كاركردن و خوێندن بە ژنانی وڵاتەكە نادات و رێ لە تێكەڵاوبوونی هەردوو رەگەز دەگرێت.