سه‌ره‌ڕای بوونی تامه خۆشه‌كه‌ی، میوه‌ی هه‌نار به یه‌كێك له میوه پڕ سووده‌كان داده‌نرێت، له خواره‌وه چه‌ندان سوودی میوه‌ی هه‌نار له ڕێی پسپۆرێكی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی به گیاده‌رمان ئاشكرا ده‌كه‌ین.
ئه‌مڕۆ شه‌موو 18ی ئه‌یلوول، دكتۆر به‌در قادر سوورچی پسپۆڕ له چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی به گیاده‌رمان، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، "میوه‌ی ھه‌نار پاشای میوه‌كانه به‌هۆی ئه‌وه‌ی سوودێكی زۆری هه‌یه، بۆیه ئامۆژگاریی هاووڵاتییان ده‌كه‌م كه تابكرێ ھه‌موو شه‌و پێش نوستن، ھه‌نارێك بخۆرێت یان یه‌ك په‌رداخ ئاوی ھه‌نار بخۆرێته‌وه."
ڕوونی كرده‌وه، "ئه‌مه‌یش به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌سوودترین خواردن پێش نوستن هه‌ناره، دوای هه‌ناریش هیچ شتێك نه‌خورێت، ئه‌وكات هه‌رچی گرفت هه‌یه چاره‌سه‌ری ده‌كات و باشترین پاككه‌ره‌وه‌ی ده‌م و ددان و قورگ و گه‌ده و ڕیخۆڵه‌یشه، پزیشكانی گیاده‌رمان به هه‌نار ده‌ڵێن (پاككه‌ره‌وه‌ی ژه‌هری له‌ش و لابه‌ری ده‌رد و برین)".
ئاشكرای كرد، "به‌پێی توێژه‌ران، پێكهاته‌یه‌كیان له ناو ئاوی هه‌نار دۆزیوه‌ته‌وه، ده‌توانێ ڕێ له گه‌شه‌سه‌ندنی شێرپه‌نجه بگرێت، له خواره‌وه‌یش سووده ده‌رمانییه‌كانی هه‌نار باس ده‌كه‌ین كه هاووڵاتییان ده‌توانن بۆ كاتی نه‌خۆشكه‌وتن سوودی لێ وه‌ربگرن".
دكتۆر به‌در قادر سوورچی له‌باره‌ی سووده‌كانی میوه‌ی هه‌ناره‌وه گوتی، هه‌نار ئه‌م سوودانه‌ی هه‌یه كه وه‌ك ده‌رمان كار ده‌كات:
"دڵ چالاك و به‌هێز ده‌كات - قه‌بزكه‌ره واته بۆ سكچوون چاكه - كرمی شریتی گه‌ده و ڕیخۆڵه له ناو ده‌بات - ده‌بێته هۆی به هێزبوونی ده‌ماره‌كان - بۆڕییه‌كانی هه‌ناسه و سییه‌كان چالاك ده‌كات - خوێن پاك ده‌كاته‌وه - به سووده بۆ به‌دهه‌رسی و ئاره‌زووی خواردن زیاد ده‌كات - چه‌وری ناو خۆراك ده‌توێنێته‌وه - ڕیخۆڵه له پاشه‌ڕۆكی خواردنه قورسه‌كان پاك ده‌كاته‌وه - به سووده بۆ كۆكه و سنگ ده‌كاته‌وه - گه‌رماییه‌كی كه‌م ده‌دا به جه‌سته - گه‌رمی جگه‌ر داده‌به‌زێنێ و هێوری ده‌كاته‌وه - میزكردن ئاسان ده‌كات - ئاره‌زووی سێكسی زیاد ده‌كات - به‌سووده بۆ ئازاری دڵ - بۆ ئازاری ناوده‌م و گه‌روو به سووده"، چه‌ندان سوودی تریشی هه‌یه.
ئه‌و پسپۆڕه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی باسی سووده زۆره‌كانی هه‌ناری كرد، ئه‌وه‌ی خسته ڕوو كه ده‌بێت هاووڵاتییان ئاگاداربن هه‌نار زۆر نه‌خۆن به‌هۆی ئه‌وه‌ی زیانی هه‌یه، بۆ نموونه، نابێ ڕۆژانه له یه‌ك ھه‌نار زیاتر بخورێت، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی قه‌بزن ته‌نیا ده‌توانن ئاوی ھه‌ناری شیرین بخۆنه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی شه‌كره و پاڵه‌په‌ستۆی خوێنیان هه‌یه و دووگیانن، ده‌بێ كه‌م بخۆن، جگه له‌وه‌یش ئه‌وانه‌ی شێرپه‌نجه‌یان ھه‌یه نابێت له‌كاتی وه‌رگرتنی ده‌رمانی كیمیایی، دوو ڕۆژ پێش ده‌رمان و پێنج ڕۆژ دوای ده‌رمان، ھه‌نار بخۆن.
هه‌نار یه‌كێكه له‌و میوانه‌ی كه له وه‌رزی پایزدا پێ ده‌گات و میوه‌یه‌كی به‌سووده بۆ ته‌ندروستی جه‌سته به گشتی، بۆیه هه‌نار به میوه‌یه‌كی به‌سوود داده‌نرێت بۆ زۆر نه‌خۆشی.