بڕیارە لە 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختە لە سەرانسەری عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە بەڕێوە بچێت، لەو كاتەی دەنگدانی تایبەت لە 8ی تشرینی یەكەم بەڕێوە دەچێت، گوتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان زانیاری لەبارەی دەنگدانی تایبەت دەخاتە روو.
جومانە غلای، گوتەبێژ بەناوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رای گەیاند، دەنگدانی تایبەت بۆ هێزە تەناهییەكان و ئاوارەكان و گیراو لە زیندانەكان لە 8ی تشرینی یەكەمی داهاتوو راستەوخۆ لە رێگەی كارتی بایۆمەتری دەبێت.
دوای دەنگدانی تایبەت، كارتی دەنگدەر دادەخرێ و رێگە نادرێت دەنگی تر بدات
زیاتر گوتی، 2584 وێستگەی دەنگدانی تایبەت بۆ هێزە چەكدارەكان لە بارەگای یەكە سەربازیی و تەناهییەكان لە سەرانسەری عێراق دەكرێتەوە، جیا لە 309 وێستگەی تایبەت بە ئاوارەكان و حەوت وێستگەیش بۆ گیراوان لە زیندانەكان لە پێنج پارێزگای دهۆك و واست و موسەنا و میسان و سلێمانی.
دووپاتی كردەوە، لە گیراوان تەنیا ئەوانە دەنگدان دەیانگرێتەوە سزاكانیان لە پێنج ساڵ كەمترە، هاوكات فۆڕمی دەنگدانی تایبەت لەوەی گشتی جیاوازە و كارتی ئەلیكترۆنیشیان بە هەمانشێوە، كە نیشانەیەكی تایبەتی لەسەرە بۆ هەموو وێستگەكان.
غلای ئاماژەی كرد، دوای كۆتاهاتنی دەنگدانی تایبەت، كارتی دەنگدانی دادەخرێ و رێگەی پێ نادرێت دەنگی تری پێ بدات، ئەو كارمەندانەی سوپا و هێزە تەناهییەكانیش خانەنشین بوونە یان لەو سلكە نەماون، بەشداری دەنگدانی گشتی دەكەن.