پۆلیسی ئیسرائیل بە گرتنی دوو كەسی تر، توانی كۆتایی بە ئۆپراسیۆنی گرتنی شەش گیراوە هەڵاتووەكەی گرتووخانەیەكی وڵات بهێنێت.
شەوی رابردوو پۆلیسی ئیسرائیل بە هاوكاریی دژەتیرۆر و چەند دەزگایەكی تر، دوای دەستكەوتنی سەرەداو، توانی لە ناوچەی جنین لە كەناری رۆژئاوای رووباری ئوردن، هەردوو هەڵاتووەكە بگرێت كە ناوەكانیان بریتی بوو لە "مەنازل نەفیعات و ئەیهام كەمجی، ئەوان لە ئەندامانی گرووپی جیهادی ئیسلامی بوون.
رووبەڕووبوونەوە رووی داوە و دەنگی تەقەش بیستراوە
بەگوێرەی
رادیۆ فەردا، دەگوترێ لە كاتی گرتنیان رووبەڕووبوونەوە رووی داوە و دەنگی تەقەش بیستراوە، بەڵام هیچ زانیارییەك لەسەر ئەگەری برینداربوونی كەسێك بڵاو نەكراوەتەوە و دوو هەڵاتووەكە بە زیندوویی كەوتوونەتە دەستی پۆلیس.
سەرەتای هەفتەی رابردووش پۆلیسی ئیسرائیل ئاشكرای كرد، لەو شەش گیراوەی لە گرتووخانەیەكی وڵاتەكە هەڵاتبوون، چواریان گیراون و هەموو هەوڵەكانیشیان بۆ ئەوە بەگەڕ خستووە تا دوو كەسەكەی تریش بگرن.
دوی تر لە هەڵاتووەكان، سەرلەبەیانی شەموو 11ی ئەیلوول لە پاركینگدا گیران، رۆژی هەینی 10 مانگیش دووی تریان لە نزیك شاری ناسرییەی وڵاتەكە گیرابوون.
سەرەتای ئەم مانگە كاتێك هەڵاتنی ئەو شەش كەسە لە میدیاكان بڵاو كرایەوە، بووە جێی سەرنجی میدیاكان و پێیان سەیر بوو چۆن دەكرێ لە یەكێك لە پتەوترین گرتووخانەكانی ئیسرائیل، كەسانێك بتوانن لێی دەرباز ببن. ئەوان لە ئاودەستی گرتووخانەكەوە زەوییان كون كردبوو و توانیبوویان تا دەرەوەی باڵەخانەكە تونێل لێ بدەن و پاشان هەڵبێن.
كامێراكانی گرتووخانەكە لە سەعات 1:30 خولەكی بەرەبەیان، وێنەی هەڵاتنی گیراوەكانی تۆمار كردبوو، بەڵام زەنگی ئاگاداركردنەوە لە سەعات چواردا لێ درابوو.
هۆكاری هەڵاتنی ئەوانیان بە كەمتەرخەمی و كێشەی تەناهیی خۆیان گەڕاندبووەوە.
بەرپرسانی ئیسرائیل هۆكاری هەڵاتنی ئەوانیان بە كەمتەرخەمی و كێشەی تەناهیی خۆیان گەڕاندبووەوە. دەگوترێ لە كاتی هەڵاتنی ئەو گیراوانە، ئەو پۆلیسەی لە یەكێك لە تاوەرەكانی چاودێری لە ئەركدا بوو، خەوی لێ كەوتبوو.
یەكێك لەوانەی گیراوە، زەكەریا زوبێدییە كە فەرماندەی پێشووی فەیلەقی شوهەدای ئەقسا بووە و بە لقی سەربازیی فەتح هەژمار دەكرا. ئەو لە ساڵی 2019 گیرابوو، پێنج كەسەكەی تر ئەندامی گرووپی میلیشای جیهادی ئیسلامی بوون و بە زیندانیی تاهەتایی حوكم درابوون.