مەسروور بارزانی: كار دەكەین بۆ پێشخستن و بەرزكردنەوەی ئاستی زانكۆ و پەیمانگاكان

:: AM:11:13:19/09/2021 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنفرانسی پەروەردەی زانكۆی ئەمەریكی لە دهۆك ڕای گەیاند، كار دەكەین بۆ پێشخستن و بەرزكردنەوەی ئاستی زانكۆ و پەیمانگاكان و باشتركردنی دۆخی خوێندن بە گشتی لە هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ یەكشەم 19ـی ئەیلوول، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە وتارێكدا لە كۆنفرانسەكە رای گەیاند، زۆر خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم لەم كۆنفرانسە گرنگە بەشدارم كە تایبەتە بە گەشەپێدانی بواری پەروەردە و فێركردن لە هەرێمی كوردستاندا.

سەرۆكی حكوومەت گوتی، لە كارنامەی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا ئاماژەمان بەوە دا، گرنگییەكی تایبەت بە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا دەدەین، كار دەكەین بۆ پێشخستن و بەرزكردنەوەی ئاستی زانكۆ و پەیمانگاكان و باشتركردنی دۆخی خوێندن بە گشتی لە هەرێمی كوردستان.

ڕوونی كردەوە، نابێ لە بیرمان بچێت دوو ساڵی رابردوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا و قەیرانی ئابووری، دۆخێكی نائاسایی هاتە ئاراوە، بەڵام نەوەستاین و بەردەوام بووین و درێژەمان بە چاكسازییەكان دا لە هەموو بوارەكاندا. لەسەر پلانی خۆمان بەردەوامین بۆ هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات كە بێگومان بەهۆی ئەو چاكسازییانەوە توانیمان ئەو قەیرانانە تێپەڕێنین.

باسی لەوەش كرد، هەوڵێكی زۆر دەدەین و كار دەكەین بۆ ئەوەی سیستمی پەروەردە و خوێندنی باڵامان بە ئاستێك پێش بخەین كە گونجاو بێت لەگەڵ سەدەی 21، ئامانجمان ئەوەیە قوتابیانی كوردستان فێری ئەو پسپۆری و شارەزاییە بن كە بۆ بازاڕەكان و سەقامگیریی كوردستان پێویستە، تا هەم یارمەتیدەر بێت بۆ دۆزینەوەی هەلی كار و كەمكردنەوەی ڕێژەی بێكاری، هەمیش پاڵپشتێكی بەهێز بێت بۆ گەشەپێدانی ئابووری و ئارامیی وڵاتەكەمان.

"سیستمی پەروەردە پێوەستە بە قوتابی و مامۆستا و خەڵكی ئەكادیمی، بۆیە پێویستە لە چاكسازیكردن لە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا، سەرنج و تێبینی و پێشنیازی هەموو ئەو لایەنانە بەهەند وەربگیرێت. هەمیشە لەو باوەڕەدام كە ڕێبەرانی داهاتووی گەلەكەمان لە ڕێی پەروەردەیەكی تەندروست و پێشكەوتوو دروست دەبن كە بنەمای بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی تەندروستە، كۆمەڵگەیەك كە مرۆڤی نیشتمانپەروەر و ژیاندۆستمان بۆ دروست بكات"، سەرۆكی حكوومەت وای گوت.

مەسروور بارزانی بۆ كەرتی خوێندنی باڵا و قوتابیان ئەوەی باس كرد كە ئامانجی سەرەكی لە خوێندن تەنیا بەدەستهێنانی بڕوانامە نەبێت، بەڵكو ئامانجی سەرەكی فێربوون و بەرزكردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و كولتووری كۆمەڵگە بێت. وەك بەشێك لە چاكسازی لە بواری پەروەردە و فێركردن، ئێمە بە نیازی پێكهێنانی دەستەیەكین بۆ هەڵسەنگاندن و متمانەبەخشین بە داودەزگا ئەكادیمییەكان كە كاری ئەم دەستەیە، دانانی هەڵسەنگاندنی داودەزگا ئەكادیمییەكانە بەپێی ستاندارە نێودەوڵەتییەكانی خوێندن، بە ئامانجی پێشخستنیان و دانانی پلانێكی ستراتیجی بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكانی پێوەست بە بواری پەروەردە و خوێندن، كە دەكرێ ئەم دەستەیە ببێتە نموونەیەكیش بۆ سەرانسەری عێراق.

سەرۆكی حكوومەت گوتی، پێویستە پێوەندیی نێوان مامۆستا و قوتابی، پێوەندیی خۆشەویستی بێت و قوتابی نەچێت بۆ خوێندن، چونكە پێی وایە ئەركێكە دایك و باوكی داوای لێ‌ دەكەن كە بچێت بۆ خوێندن، بەڵكو پێویستە خۆشەویستی و پێوەندییەكی تەندروست لەگەڵ قوتابخانە و مامۆستاكانی دروست بكات، لە هەمان كاتدا مامۆستایان كەشێكی وا دروست بكەن كە قوتابی لە قوتابخانە سڵ نەكاتەوە، بە پەرۆشەوە تامەزۆری ئەوەبن بگەڕێنەوە قوتابخانە و درێژە بە خوێندن بدەن.

ئاشكرای كرد، پەروەردە و خوێندن بەشێكن لەو پرۆسە چاكسازییەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامی دەدات، دەمانەوێ دڵنیا بین كە قوتابییەكانمان و دامەزراوە ئەكادیمییەكانمان، لەو ئاستەدان كە ببنە یارمەتیدەری پرۆسەی پێشخستن و گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووریمان.

ڕوونی كردەوە، كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی دوو ساڵدا ڕووبەڕووی چەندان تەنگژە بووەوە، ئێمە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دۆخە نەخوازراوە بووین، لە جیاتی ئەوەی پەنا بۆ قەرزكردن ببەین و سەرەنجام بارگرانییەكی زۆر بۆ نەوەكانی داهاتوو دروست بكەین، دەستمان بە چاكسازی كرد و لە سەریشی بەردەوام دەبین، چونكە لە ڕێی ئەم چاكسازییەوە دڵنیاین دواڕۆژێكی گەش لە بەردەم خەڵكی هەرێمی كوردستانە و وادەكات دڵنیا بین.

"لەم كۆنفرانسەدا چاوەڕێی ئەوە دەكەین كە تیمی جێبەجێكاری ئەركەكان پێك بێن لە هەموو پسپۆر و شارەزایان، لە مامۆستایان و پسپۆران بە راوێژ و هاوئاهەنگی لەگەڵ قوتابییان، بۆ ئەوەی بزانین و سەیر بكەین، لە كوێ كێشەی خوێندن و فێركردنمان هەیە، لە كوێش بەهێزین بۆ ئەوەی هەم كێشەكانمان چارەسەر بكەین، هەم خاڵە بەهێزەكانمان پتەوتر و زیاتر بكەین"، سەرۆكی حكوومەت وای گوت.

سەرۆكی حكوومەت لە وتارەكەیدا ڕای گەیاند، پێشتر هەوڵ درا بۆ ئەوەی زۆر لە گەنجەكانمان دڵسارد ببنەوە لەوەی پێوەندییەكی خۆشەویستییان لەگەڵ وڵاتەكەیان هەبێت، پێویستە پەروەردەی ئێمە ئەم دیاردە نادروستە ڕێك بخاتەوە و چاكی بكاتەوە، پێویستە گەنجەكانمان خۆشەویستیی وڵات لە ناو ناخی دڵیاندا بچەسپێت و ڕێز لە مێژووی خۆیان بگرن، لە مێژوو فێر بین، بەڵام ڕێزگرتن لە مێژوو بۆ ئەوەیە كە بزانین لە كوێوە هاتووین و چەند ئازارمان كێشاوە و بە چ قۆناغێكی سەختدا تێپەڕیوین، چۆن دەتوانین ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی كارەساتەكانی رابردوو بكەین و ئایندەیەكی گەشتر بینا بكەین.

ڕوونی كردەوە، دڵنیام دەتوانین ئەوە بكەین ئەگەر توانیمان خۆشەویستیی وڵات لە ناو ناخی هەموو تاكێكی ئەم وڵاتە و بەتایبەتیش منداڵ و گەنجەكانمان بچەسپێنین، ئەمە ئەركی مامۆستایان و پسپۆرانە كە بەو شێوەیە وانەكان بڵێنەوە كە هەمووان یەكتریان خۆش بوێت، رێز لە بیروبۆچوونی جیاوازی ئاینی بگرن، رێز لە جیاوازیی ئەتنی لە ناو هەرێمی كوردستان بگرن، ڕێز لە ژینگەی خۆیان بگرن و بیپارێزن.

لە كۆتایی وتارەكەی ڕای گەیاند، داوام لە ئێوەی بەڕێز ئەوەیە لەم ئەركەی ئەمڕۆ دەستی پێ دەكەن، گرنگی بەم خاڵانە بدەن، بۆ ئەوەی بزانن لە داهاتوودا پێویستیمان بەو گەنجانەیە كە دوای ئەوەی قۆناغی قوتابخانە و خوێندنیان تەواو كرد، چۆن بتوانن سوود بە كۆمەڵگەكەیان بگەیەنن، قوتابی كە لە زانكۆش تەواو دەبێت، دەبێ بزانێت چۆن بتوانێ خزمەتی وڵاتەكەی بكات و بەرەوپێشەوەی ببات، ئێمە هیچمان لە وڵاتانی تر و خەڵكی تر كەمتر نییە، تەنیا ئیرادە و فێربوونی پێویستە. بۆیە داوا لە مامۆستا بەڕێزەكان و پسپۆران دەكەین، هەرچۆنێك بێت ئەو سیستمە پەروەردە تەندروستەمان بۆ دروست بكەن بۆ ئەوەی نەوەی داهاتووی ئێمە بتوانێ، وڵاتی ئێمە بەرەو قۆناغێكی زۆر گەشتر و ئاوەدانتر ببات، دڵنیام دەتوانین ئەوە بكەین ئەگەر هەموومان بتوانین بەیەكەوە كار بكەین و بە دڵ و بە گیانەوە هەوڵی بۆ بدەین.



وشە - رامیار جەواد