نێچیرڤان بارزانی: ئەگەر لەگەڵ پێشكەوتنی زانست و تەكنۆلۆجیا نەڕۆین دوا دەكەوین

:: AM:11:40:19/09/2021 ‌
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسی زانكۆی ئەمەریكی كوردستان لە دهۆك ڕای گەیاند، سیستمی پەروەردەیی لە هەرێمی كوردستان، پێویستی بە پێداچوونەوەیەكی رژدە و ئەگەر لەگەڵ پێشكەوتنی زانست و تەكنۆلۆجیا نەڕۆین، دوا دەكەوین.

ئەمڕۆ یەكشەم 19ـی ئەیلوول، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە وتارێكدا لە كۆنفرانسی پەروەردەیی زانكۆی ئەمەریكی كوردستان لە دهۆك رای گەیاند، پێویستە هەمووان لە هەرێمی كوردستان پێكەوە و بە بوێری و راشكاوی كێشەكانی پەروەردە بخەنە روو، بۆ ئەوەی چارەسەر بكرێن.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتی، هۆكاری سەركەوتنی وڵاتان چارەسەری سیستمی پەروەردەیی بووە، هەروەها چاكسازیی بەردەوام لەو سیستمە ئەنجامی باشمان بەدەست دەدات.

باسی لەوەش كرد، پێویستە ساڵانە سیستمی پەروەردە نوێ‌ بكرێتەوە، چونكە زانست و تەكنۆلۆجیا بە خێرایی پێش دەكەون و ئەگەر لەگەڵ پێشكەوتنی زانست و تەكنۆلۆجیا نەڕۆین، دوا دەكەوین.

ڕوونی كردەوە، سیستمێكی دروستی پەروەردەیی، گرەنتیی ئێستە و داهاتووی گەلی كوردستانە، بۆیە دەبێ پەلە بكەین لە چاكسازی و چاككردنی سیستمی پەروەردە.

ئەوەشی ئاشكرا كرد، مەسروور بارزانی یەكێك بووە لە قوتابییە هەرە زیرەكەكان بۆ رێكخستنەوەی كەرتی پەروەردە، ئەوەیش جێی رێز و دەستخۆشییە.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ پێشكەوتن لە كەرتی پەروەردە و چاكسازی، نموونەی بە پێشكەوتنی هیندستان و كۆریای باشوور هێنایەوە كە لە بواری پەروەردە و پیشەسازیدا، سەركەوتنێكی گەورەیان بەدەست هێناوە.

نێچیرڤان بارزانی بە گرنگی زانی كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا زیاتر گرنگی بە زانست، تەكنۆلۆجیا، ئەندازیاری و بیركاری بدەن، ئەم چوارە پێكەوە چارەسەری زۆربەی كێشەكان دەكەن.



وشە - رامیار جەواد