له لالیگای ئیسپانیا، یانه‌ی ریال مه‌درید بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندی، پێویسته شه‌ڕی شه‌مشه‌مه‌كوێره‌كانی ڤالێنسیا بكات.
ئه‌مڕۆ گه‌ڕی پێنجه‌می لالیگای ئیسپانیا، چه‌ند یارییه‌ك به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت، به‌ڵام یاریی لووتكه له نێوان ڤالێنسیا و ریال مه‌دریده، كه له یاریگه‌ی ڤالێنسیا "مێستایا" ده‌كرێت.
یارییه‌كه ئه‌مشه‌و سه‌عات 22:00 ده‌ست پێ ده‌كات و ریال مه‌درید ئامانجی بردنه‌وه‌ی هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندی له ئاتلێتیكۆ مه‌دریدی هاوشاریی وه‌ربگرێته‌وه، كه شه‌وی رابردوو به یه‌كسانبوونی له‌گه‌ڵ ئاتلێتیك بیلباو، به شێوه‌یه‌كی كاتی پله‌ی یه‌كه‌می گرتووه به 11 خاڵ.
ریال مه‌درید و ڤالێنسیا هه‌ریه‌كه‌یان 10 خاڵیان هه‌یه و له پله‌كانی دووه‌م و سێیه‌من، بۆیه یارییه‌كه بۆ ڤالێنسیاش هه‌مان ئامانجه و بردنه‌وه‌یان له یارییه‌كه‌دا، وا ده‌كات پله‌ی یه‌كه‌م بگرن.
بۆ یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ، ریال مه‌درید له تواناكانی تۆنی كرووس، سیبایۆس، مێندی، مارسێلۆ و گاریس به‌یڵ بێبه‌شه، به‌ڵام پێشبینیی به‌شداریكردنی هازارد ده‌كرێت.
له لای خۆیه‌وه راهێنه‌ری یانه‌ی ڤالێنسیا خۆزێ بۆردالاس رای گه‌یاند، یارییه‌كه زه‌حمه‌ته و ده‌زانن هێزی ریال مه‌درید چه‌نده، به‌ڵام ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، به شێوه‌یه‌كی باش خۆیان ئاماده كردووه و متمانه‌یان به تیپه‌كه‌یان هه‌یه و بڕوای وایه یارییه‌كی به‌هێز پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.
خشته‌ی یارییه‌كانی ئه‌مڕۆ له لالیگا:
ریال مایۆركا – ڤیاڕیال 15:00
ریال سۆسیداد – سێڤییا 17:15
ریال بێتیس – ئیسپانیۆل 19:30
ڤالێنسیا – ریال مه‌درید 22:00.