ئێران هێز كۆ دەكاتەوە و ئەگەری زۆرە دووبارە حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بكرێنە ئامانج

:: PM:04:08:19/09/2021 ‌
سوپای پاسدارانی ئێران لە سنووری شنۆی رۆژهەڵاتی كوردستان كە كەوتووەتە نزیك چۆمان، هێز كۆ دەكاتەوە و لە دوێنێوە هێزێكی زۆری كۆ كردووەتەوە. ئەندامێكی دەفتەری سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، ئێران بە تەمای مانۆڕێكی سەربازییە و ئەو ئەگەرە هەیە دیسان هەوڵی ئەوە بدات هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بكاتە ئامانج.

ئەمڕۆ یەكشەم فەرماندەی ئەركانی گشتی هێزە چەكدارەكانی ئێران، هۆشداری دایە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا و هەڕەشەی ئەوەی كرد درێژە بە هێرشكردنە سەر حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەدات. لەگەڵ ئەم هەڕەشانەدا ئێران هێزی زیاتری لە سنوورەكە كۆ كردووەتەوە.

ئەوە یەكەم جار نییە هەڕەشە دەكرێت و پاشان بە تۆپباران و درۆنی بۆمبڕێژكراو هەوڵی ئەوە دەدرێ بنكەكانی هێزەكانی رۆژهەڵات بكرێنە ئامانج، لە نۆی ئەم مانگە بۆ ماوەی چەند رۆژێك ئێران بەخەستی سنوورەكەی تۆپباران كرد، بەڵام نەیتوانی هیچ زیانێك بەو هێزانە بگەیەنێت.

دەیەوێ گوشار بخاتە سەر حكوومەتی هەرێم و عێراق بۆ ئەوەی رێ لە هەر جۆرە چالاكییەكی هێزەكانی رۆژهەڵات بگرن


حەسەن قادرزادە ئەندامی دەفتەری سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستان، بۆ "وشە" ئاماژەی دا، ئەوان هەر ئەو چاوەڕوانییەیان لە رژێمی ئیسلامی ئێران هەیە و دەیەوێ لەم رێیەوە پەرە بە تەنگژە و قەیران بدات، لەلایەكی تریش گوشار بخاتە سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ ئەوەی رێ لە هەر جۆرە چالاكییەكی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بگرن.

ئەو روونی كردەوە، پێشتریش بەرپرسانی تری ئێران هەڕەشەیان هەبووە و تەنانەت ئاگادارن لە سنوورەكانی شنۆ و پیرانشار، هێزێكی زۆریان كۆ كردووەتەوە و بە تەمای بەڕێوەبردنی مانۆڕێكی سەربازیشن. لەو میانەدا دوور نییە دیسان بیانەوێ هێرش بكەنە سەر بارەگاكانیان جا چ بە هێرشی تۆپخانە بێت، چ بە هێرشی مووشەكی و هەر بوارێكی تر.

وەك ئەو ئەندامەی دەفتەری سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستان خستیەڕوو، 10 رۆژ لەمەوبەریش ئێران تەنیا لە رۆژی یەكەمدا تۆپبارانەكانی خەست بوون، دواتر شلی كردەوە و ناوەناوە تۆپبارانی سنوورەكانی دەكرد.

ئەو دەڵێت، لەو ماوەیەدا كە بوونەتە ئامانجی هێرشی سوپای پاسداران، هیچ جۆرە زیانێكیان بەرنەكەوتووە و زیانەكان زیاتر بۆ سەر ژینگە و كشتوكاڵ بووە.

پێویستە بگوترێ، پێشبینی دەكرێ هاوشێوەی سێ ساڵ لەمەوبەر، سوپای پاسداران بیەوێت لەگەڵ ئەو مانۆڕە سەربازییەی لە سنوورەكان بەڕێوەی دەبات، بەشێك لە چەكەكانی خۆی تاقی بكاتەوە و بە هێرشی مووشەكی، بنكەكانی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە قووڵایی خاكی كوردستان بكاتە ئامانج.

لە هێرشی مووشەكیی سێ ساڵ لەمەوبەری سوپای پاسداران بۆ سەر بنكەی سەرەكی دەفتەری سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستان، 16 كادر و سەركردەی ئەو حزبە شەهید بوون.

پێشتر رۆستەم جەهانگیری لە فەرماندەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، بۆ "وشە" باسی لەوە كردبوو، ئامانجی سەرەكیی ئێران لەو هەڕەشە و هێرشانە، هەر ئەوەیە هێزەكانی رۆژهەڵات لە رووی سیاسییەوە كڕ بكات و ئامانجی مەرگی سیاسیی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانە. ئەو گوتبووی ترسی سەرەكیی ئێران، ئەو كاریگەرییە سیاسییەیە كە لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان هەیانە.

محەمەد حوسێن باقری فەرماندەی ئەركانی گشتیی هێزە چەكدارەكانی ئێران، ئەمڕۆ یەكشەم لە رێوڕەسمی دیاریكردنی جێگری نوێی فەرماندەی گشتی گوتی، چیتر قبووڵی ئەوە ناكەن لە سنوورەكانەوە كێشە بۆ ئێران دروست ببێت و بە توندترین شێوە لە دژیان هەڵوێستیان دەبێت. ئەو ئاماژەی داوە كە هێرشەكانیان لە دژی ئەو حزبانە، لە چوارچێوەی جاڕنامەی گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانە.

داوای كردووە، ئەمەریكییەكان بنكە و بارەگاكانیان لە عێراق ببەنە دەرەوە


هاوكات داوای كردووە، ئەمەریكییەكان بنكە و بارەگاكانیان لە عێراق ببەنە دەرەوە، نەبنە مەڵبەندێك بۆ دژایەتیكردنی كۆماری ئیسلامیی ئێران.

هۆشدارییەكەی باقری دوای ئەوە دێت كە هەفتەی رابردووش لە میانەی سەردانی مستەفا كازمی بۆ تاران، عەلی شەمخانی سكرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، بە فەرمی داوای لە كازمی كرد حزبەكانی رۆژهەڵات چەك بكات و لە وڵات دووریان بخاتەوە.

پێویستە بگوترێ حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، لە چوارچێوەی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكان لە هەرێمی كوردستان جێگیر بوون، بوونی بەشێك لەم هێزانە بۆ پێش دامەزرانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەگەڕێتەوە.


وشە - سلێمان تاشان