كازمی لە ئێران بەڵێنی چی پێ دراوە؟

:: PM:05:45:19/09/2021 ‌

لەگەڵ نزیكبوونەوەی زیاتری وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كە بڕیارە لە 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو بێتە سازكردن، جیا لە هەڵمەتی هەڵبژاردن لە شەقام و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بەڵێنی كاندیدان بۆ خەڵك، ركابەرییەكی لەپشت پەردە لە نێوان دوو بەرەی سەرەكیی پێكهاتە بڕ هەیە، هەریەكەیان لە ئێستەوە خەریكی رێككەوتنن لەسەر پۆست و سەرۆكایەتییەكان، بەدەر لەوە هەوڵی وەرگرتنی رەزامەندی ئێران و ئەمەریكا و كەنداو دەدەن.

لە 12ی ئەم مانگە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی تارانی كرد، سەردانێكی فەرمی بوو، بەڵام بە كتوپڕی، سەردانەكە لە كاتێكی زۆر هەستیاردا هات، لێكدانەوەی زۆر بۆ هۆكاری سەردانەكەی كازمی بۆ ئێران كرا، چاودێر بۆ جموجۆڵەكانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە رێگەی بەیەكەوە بەستنەوەی رووداوەكان، بۆی دەردەكەوێت كە مستەفا كازمی، ئەگەرچی كاندید نەكردنی خۆی راگەیاندووە، بەڵام بە رژدی كار بۆ دووەم ماوەی دەڵات وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات.
خامنەیی وای دەبینێت لە ماوەی دوایی كازمی هەنگاوی باشی هاوێشتووە
لە گوتارەكانی موقتەدا سەدر دیارە كازمی توانیویەتی پاڵپشتی رەوتی سەدر ئەو لایەنانەی لێكگەیشتنیان لەگەڵ رەوتەكە هەیە، لە بەشێكی هێزە كوردییەكانی وەك پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانیەتەكەی محەمەد حەلبووسی، لە پێكهاتەی سوونە، بەدەست بێنێت، هاوكات لەگەڵ ئەمەریكییەكان لە واشنتن دانیشت و سەرانی وڵاتانی ناوچەكەیشی لە بەغدا كۆ كردەوە و بەڵێنی هاریكاریی ئابووری بە هەمووان داوە، دوایین جاریش سەردانی تارانی كرد، لەوێ بەڵێنی بە ئەنجامدانی پڕۆژەی بەستنەوەی تاران و دەریای سپی بە هیڵی شەمەندەفەر لە رێگەی خاكی عێراق دا، هەموو ئەوانەیش بۆ ئاسایی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆی و ئاسانكردنی بەردەوامبوونی لە پۆستەكەی لە حكوومەتی نوێی عێراق. 

تارق حەرب، شارەزای یاسایی عێراق گوتی، بەهۆی بوونی لێكگەیشتنی باش لە نێوان هەندێك لە لیستە گەورەكان لە هەرسێ پێكهاتەی شیعە و سوننە و كوردەوە، پێم وا نییە كێشە لە دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق دروست ببێت، بەتایبەتی كە یاسای هەڵبژاردنەكان ئەو هاوپەیمانیەتییەیشی یەكلا كردووەتەوە كە دەتوانێ حكوومەت پێك بێنێت، بەپێی یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردن گەورەترین لیست كە كاندیدی سەرۆك وەزیران پێشكەیش دەكات، ئەو لیستەیە كە دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان زیاترین كورسی هەیە، نەوەك ئەوەی بتوانێت لەناو پەرلەمان كورسی زیاتر كۆ بكاتەوە.

زیاتر گوتی، لە ئێستەوە لێكگەیشتن لە نێوان رەوتی سەدر و پارتی دیموكراتی كوردستان و هێزەكانی تری كوردی و هێزێكی گەورەی سوننە هەیە، واتە نیوچە رێككەوتنێك لەسەر درێژكردنەوەی دەسەڵاتەكانی مستەفا كازمی، سەرۆكی وەزیرانی ئێستە هەیە، بۆیە پێم وا نییە كێشەیەك دروست ببێت لەبارەی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران.

كازمی كە لە ئایاری 2020 پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرت لە دوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی بە گوشاری شەقام، دەیەوێ لە هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەكەمی پێشوەختە، جارێكی تر بە پاڵپشتی رەوتێكی ركابەری پرۆسەكە، كە رەوتی سەدرە، لە پۆستەكەی بەردەوام بێت، چاودێران پێیان وایە لە ناوخۆی عێراق تا ئاستێكی زۆر پاڵپشتیی بەشێكی شیعە و كورد و سوننە و شەقامی ناڕازی و لە دەرەوەیش ئەمەریكا و كەنداوی بەدەست هێناوە، بۆیە دەیەوێت رەزامەندی یان بەلایەنی كەم لاری نەبوونی تاران و میلیشیاكانی لە عێراق مسۆگەر بكات، كە رەنگە ئەوەیش ئاسان و بێ بەرانبەر نەبێت. 

سەرچاوەیەكی نزیك لە كازمی گوتی، بڕیاری سەردانیكردن بۆ ئێران هی خودی كازمی بوو و بێ راوێژكاری وەری گرت، كاتەكەی زۆر هەڵە بوو، چونكە هەمووان وایان لێك دایەوە هەوڵی بەدەستهێنانی پاڵپشتی ئێران بۆ مانەوەی لە پۆستەكەی دەدات، كازمی لە ئێران چاوی بە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆكی نوێی ئێران كەوت، سەرچاوەكانی ئێرانی ئاشكرایان كرد كە پرسە ئابوورییەكان زیاتر بەسەر گفتوگۆی ئەوان زاڵ بووە، لەوانە پڕۆژەی بەستنەوەی هێڵی ئاسنینی هەردوو وڵات، كە پڕۆژەیەكی ئێرانە و ئێران گومانی لە رژدی كازمی هەبووە لە رەزامەندی لەسەر پڕۆژەكە، كە دەبوایە لە تەمووزی رابردوو دەست بە جێبەجێكردنی بكرایە، كە لە شاری شەلامچەی ئێران هێڵەكان لەگەڵ شاری بەسرە دەبەسترانەوە، واتە بەستنەوەی بەندەری ئیمام خومەینی لەگەڵ بەندەری لازقییەی سووریا لەسەر دەریای سپی بە هیڵی شەمەندەفەر، كە پڕۆژەكە كار لەسەر لاوازكردنی رۆڵی بەندەری گەورەی فاو دەكات، سەرچاوەكانی ئێران دەڵێن بابەتەكە چارەسەر كراوە  و بەمنزیكانە دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێت.

جیا لەوەی كازمی لە تاران رێككەوتنی كردووە بە سازكردنی گەڕێكی نوێی گفتوگۆكانی نێوان سعوودیە و ئێران و هاوئاهەنگیكردن لە نێوان فەرماندە تەناهییەكانی ئێران بۆ كۆبوونەوەی ناراستەوخۆ لەگەڵ هاوتا ئەمەریكییەكانیان، ئەوەی جێی تێبینییە لە سەردانەكەی كازمی، لەلایەن عەلی خامنەیی، رابەری شۆڕشی ئێرانەوە پێشوازی نەكرا، كە لە دوای 2003ەوە هەر سەرۆك وەزیرانێكی عێراق چووبێتە ئێران پێشوازی لێی كردووە، سەرچاوەیەكی نزیك لە كازمی گوتی، بابەتەكە سەیر بوو، هۆكاری ئەوەیان پێ نەگوتین، رەنگە بەهۆی كۆرۆناوە بووبێت. بۆیە ئەو پەیامێكی لە رێگەی نوێنەری خۆی بە كازمی دا.

بەپێی سەرچاوەكان هۆكاری سەرەكیی پێشوازی نەكردنی خامنەیی لە كازمی كاتی سەردانەكەیە، كە زۆر هەستیارە لەبەر هەڵبژاردنەكان، خامنەیی نەیویست پێشانی بدات كە پاڵپشتی لە مانەوەی كازمی دەكات، بۆیە تەنیا پەیامێكی لە رێگەی نوێنەرانی پێ دا، كە بەپێی سەرچاوەكان زۆر ئەرێنی بووە، بەهۆی ئەوەی خامنەیی وای دەبینێت لە ماوەی دوایی كازمی هەنگاوی باشی هاوێشتووە، بەتایبەتی لە نزیككردنەوەی ئێران و نەیارەكانی، بۆیە ناتوانرێ بگوترێت خامنەیی لەسەر مانەوە یان نەمانەوەی كازمی رازی بووە، بەڵام بۆچوونی لەبارەی كازمییەوە زۆر ئەرێنییە، بەڵگەیش لەسەر ئەوە خامنەیی لەسەر هەموو داواكاریەیكانی كازمی رازی بووە كە پێشتر بۆی رەوانە كردووە. ئەگەرچی تا ئێستە نازانرێت پەیامی خامنەیی و داواكارییەكانی كازمی چی بووە، بەڵام سەرچاوەیەكی نزیك لە كازمی گوتی، سەردانەكە زۆر سەركەوتوو بووە كازمی بە ئەنجامی سەردانەكە خۆشحاڵە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل