پیاوێكی كۆری خۆی وه‌ك مه‌سیحی نوێ ناساند و ئاینێكی نوێی به ناوی كڵێسای یه‌كگرتن دامه‌زراند و له په‌نای ئهوهوهیش بوو به خاوه‌نی ملیاران دۆلار، له هه‌مان كاتدا دۆستی سه‌ركرده‌كانی كۆریای باكور و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بوو و گه‌وره‌ترین ڕۆڵیشی له ئه‌مه‌ریكا هه‌بووه له سه‌رخستنی جۆرج ده‌بلیو بووش له هه‌ڵبژاردنی 2000ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا و ته‌نانه‌ت له بردنه‌وه‌ی دۆناڵد تره‌مپیش له ساڵی 2016.
سون میونگ مون له 1920 له هه‌رێمی پیونگانی كۆریا له دایكبوو، كه ئێسته به‌شێكه له كۆریای باكور و بچووكترین منداڵی خێزانه‌كه‌ی بوو، كه باوه‌ڕدارێكی به‌هێزی ئاینی كۆنفۆشیۆسی بوون، كاتێك مون ته‌مه‌نی بوو به 10 ساڵ خێزانه‌كه‌ی ئاینی خۆیان بۆ كریستیانی گۆڕی، بوون به پێڕه‌وی لقێك له مه‌زه‌وی پرۆتستانتی كریستیان، كاتێكیش ته‌مه‌نی بوو به 15 ساڵ مون بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد، كه عیسای په‌یامبه‌ر له ئاسمانه‌وه هاتووه‌ته خواره‌وه و چاوی پێی كه‌وتووه و نوێژی له‌سه‌ر چیاكان بۆ كردووه و داوای لێكردوونهوه فه‌رمانڕه‌وایی ئاسمان له‌سه‌ر زه‌وی بكات، به‌ڵام مون وه‌كخۆی گوتویه‌تی، ئه‌و داوایه‌ی مه‌سیحی دوو جار ڕه‌ت كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام كاتێك سێیه‌مجار مه‌سیحی بینیووه و ئه‌و پێی ڕاگه‌یاندووه، كه جگه له مون كه‌سی تر نییه ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تییه بگرێته ئه‌ستۆ، به ناچاری قبووڵی كردووه.
مون ده‌ستی به بانگه‌شه‌ی ئه‌وه كرد، كه به‌رپرسیاریه‌تی فه‌رمانڕه‌وایی ئاسمانی له‌سه‌ر زه‌وی وه‌رگرتووه، بۆ ئه‌وه‌ی زه‌وی له ئیبلیس پاك بكاته‌وه، كه خۆی له جه‌سته‌ی شیوعیه‌ت ده‌بینێته‌وه له‌سه‌ر زه‌وی، باوه‌ڕ و بانگه‌شه‌كانی مون به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو له‌گه‌ڵ ئاینی كریستیانی یه‌كناگرنه‌وه، به‌ڵكو تێكه‌ڵه‌یه‌كه له باوه‌ڕی كریستیانی و كۆنفۆشیۆسی، ئه‌و بۆ ئه‌و ئاینه تازه‌یه‌ی دایمه‌زراند، ئینجیلی وه‌ك بنه‌ما و په‌رتووكی ئاینه‌كه وه‌رنه‌گرت، به‌ڵكو خۆی كتێبێكی به ناوی "شرۆڤه‌ی بنه‌مای خواوهندیهتی" نووسی و بوو به په‌رتووكی فه‌رمی ئاینه‌كه.
بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد مه‌سیحی نوێیه و خۆی به باوكی مرۆڤایه‌تی ناوبرد و ئاینه‌كه‌ی پێنج ملیۆن شوێنكه‌وته‌ی هه‌یه
له ساڵی 1948 كاتێك كۆریای باكور مه‌یلی بۆ سیسته‌می شیوعیه‌ت ده‌ربڕیبوو، مون به تۆمه‌تی كاركردن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كۆریای باشوور گیرا و له گرتووخانه‌ی سه‌ربازگه‌ی هونگنام مایه‌وه، كاتێكیش شه‌ڕ له نێوان هه‌ردوو كۆریاكه له ساڵی 1950 هه‌ڵگیرسا، مون له گرتووخانه‌كه هه‌ڵات و خۆی گه‌یانده ناوچه‌ی بوسان، كه له ژێر ده‌ستی هێزه‌كانی كۆریای باشوور بوو و به‌شێكه له كۆریای باشوور.
دوای گه‌یشتنی به كۆریای باشوور، مون ده‌ستی به دامه‌زراندنی ئاینه‌كه‌ی كرد و كۆمه‌ڵه‌ی رووحی پیرۆزی بۆ یه‌كخستنی كریستیانه‌كان له جیهان ڕاگه‌یاند و له سیئۆلی پایته‌ختی كۆریای باشوور كڵێسای یه‌كگرتنی كرده‌وه، خۆی به مه‌سیحی نوێ و باوكی مرۆڤایه‌تی ناساند.
ئه‌و ئاینه و مه‌زه‌وه نوێیه‌ی مون ڕۆژ دوای ڕۆژ گه‌شه‌ی سه‌ند و بۆ ئه‌مه‌ریكایش گوێزرایه‌وه و كۆمه‌ڵه‌ی مونییهكان كاریگه‌ری زۆریان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مه‌ریكایش دروست كرد.
یه‌كێك له دیارده سه‌یره‌كانی ئه‌و مهزهویه، هاوسه‌رگیری كچ و كوڕانه و ساڵانه به ده‌یان هه‌زار كچ و كوڕ له كڵێساكانی مونییهكان هاوسه‌رگیری ده‌كه‌ن، كه هه‌ریه‌كه‌یان له نه‌ته‌وه‌ی جیا جیان و پێویستیان به وه‌رگێڕه بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كتر قسه بكه‌ن. به گوێره‌ی ڕاپۆرتێكی گاردیانی به‌ریتانی له 2009 زیاتر له 45 هه‌زار كچ و كوڕ له كڵێساكانی مونییهكان هاوسه‌رگیریان كردووه.
ژماره‌ی پێڕه‌وكارانی مون له جیهان به زیاتر له پێنج ملیۆن كه‌س هه‌ژمار ده‌كرێت، ئه‌و له 1963ه‌وه ده‌ستی كرد به دامه‌زراندنی ئیمپراتۆریه‌تێكی ئابووری، گرووپی تۆنگیلی دامه‌زراند كه وشه‌یه‌كی كۆرییه و به مانای یه‌كگرتن دێت، له بواری بنیاتنان و دروستكردنی چه‌ك و ئاوه‌دانكردنه‌وه چه‌ندان كۆمپانیای دامه‌زراند، هاوكات له ئه‌مه‌ریكا هۆتێلی نیویۆركه‌ری له مانهاتنی نیویۆرك كرده‌وه، زانكۆی بریدگبورت له ویلایه‌تی كونیتیكت، زنجیره چێشتخانه‌كانی سوشی ژاپۆنی له سه‌رتاسه‌ری جیهان كردووه‌ته‌وه، له 1982یش ڕؤژنامه‌ی واشنتن تایمزی دامه‌زراند كه زیاتر پشتیوانی له كۆمارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و توندڕۆكان ده‌كات، به گشتی بایی 1.7 ملیار دۆلار وه‌به‌رهێنانی له ئه‌مه‌ریكا كرد.
له په‌نا ئاینه‌كه‌یه‌وه به ملیاران دۆلاری كۆكرده‌وه و پێوه‌ندییه‌كی سیاسی مه‌زنی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكه‌كانی جیهان دروست كرد
به‌هۆی دژایه‌تی به‌رده‌وامی شیوعیه‌ت و زۆربوونی شوێنكه‌وتووه‌كانی، مون به ته‌واوی له ئه‌مه‌ریكییه‌كان نزیك بووه‌وه، پێوه‌ندی زۆر به‌هێزی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكه‌كانی پێشوو ریچارد نیكسن و رۆناڵد ریگان و جۆرج ده‌بلیو بووش هه‌بوو، له 2000یش به‌هۆی مونهوه جۆرج ده‌بیلو بووش توانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا به‌ده‌ستبهێنێت.
له ساڵی 1990 مون دوژمنایه‌تی له‌گه‌ڵ شیوعییه‌كانیش كۆتایی پێهێنا و چاوی به دوا سه‌رۆكی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت، میخائیل گۆرباتچۆڤ كه‌وت، له 1991یش پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كۆریای باكور ئاسایی كرده‌وه و چاوی به دامه‌زرێنه‌ری كۆریای باكور كیم ئیل سونگ كه‌وت، وه‌ك نێوه‌ندگیرێك بۆ ڕێگریكردن له به‌رپاكردنی جه‌نگ له نێوان هه‌ردوو كۆریا كاری ده‌كرد.
دوای مردنی كیم ئیل سونگ وه‌سیه‌تی بۆ كیم جۆنگ ئیلی كوڕه‌كه‌ی كردبوو، كه له هه‌ر بابه‌تێك كه پێوه‌ندی به هه‌ردوو كۆریاكه هه‌بێت، ڕاوێژ به مونهوه بكات، به‌وهۆیه‌وه پێوه‌ندی مون له‌گه‌ڵ كوره‌كه‌ی كیم ئیل سونگه‌وه به باشی مایه‌وه و دوای مردنی ئه‌ویش و هاتنی كیم جۆنگ ئۆنی نه‌وه‌ی كیم ئیل سونگ، پێوه‌ندییه‌كان به‌هه‌مانشێوه زۆر به‌باشی مانه‌وه و ته‌نانه‌ت بۆ یادی له‌دایكبوونی مون، كیم جۆنگ ئۆن كاتژمێری رۆلێكس و چه‌ندان دیاری گرانبه‌های بۆ ڕه‌وانه كردووه، هاوكات كڵێسای مون له پیونگیانگ كراوه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی شوێنكه‌وتووانی مون له كاتی سه‌ردانیان بۆ كۆریای باكور سه‌ردانی بكه‌ن.
له ڕووی ئابوورییه‌وه‌یش، مون كۆمپانیای بیونگهوا مۆتۆرزی له كۆریای باكور دامه‌زراند كه تاكه كاریگه‌ری دروستكردنی ئۆتۆمبێله له كۆریای باكور، هاوكات هۆتێلێكی له پیونگیانگ دروست كرد، له‌گه‌ڵ چه‌ندان پرۆژه‌ی تر، كه كۆی سه‌رمایه‌ی وهرهێنانی مون له‌و وڵاته بۆ زیاتر له 50 ملیۆن دۆلار ده‌گه‌ڕێته‌وه.
له 1997 كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا تۆمه‌تباری كرد، كه وه‌ك سیخوڕێك كار ده‌كات و پێوه‌ندی تۆكمه‌ی له‌گه‌ڵ كیم چونگ ئیلی سه‌رۆكی هه‌واڵگری كۆریای باشوور هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه له‌لایه‌ن كڵیسای مون به توندی ڕه‌تكرایه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكییه‌كان تۆمه‌تی زۆریان دایه پاڵ و دووپاتیان له‌وه كرده‌وه، كه مون بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كۆریای باشوور كار ده‌كات و به پاره و سامانه‌كه‌ی فشار له‌سه‌ر حكوومه‌ت دروست ده‌كات و خۆپێشاندان و هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌كردن بۆ پشتیوانی كۆریای باشوور به‌ڕێوه ده‌بات.
دواجار مون له ساڵی 2012 كۆچی دوایی كرد، به‌ڵام مه‌زه‌وه ئاینییه‌كه‌ی و ئیمپراتۆره ئابووری و سیاسییه‌كه‌ی له‌لایه‌ن ژن و كوڕه‌كه‌یه‌وه ڕابه‌رایه‌تی ده‌كرێن، له هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی 2016 و 2020ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكایش ماڵباتی مون زۆرترین پشتیوانیان له دۆناڵد تره‌مپ كرد و یه‌كه‌مجار توانیان سه‌ركه‌وتووی بكه‌ن و دووه‌مجاریش شكستیان هێنا.
ته‌نانه‌ت خۆپێشاندانه‌كه‌ی لایه‌نگرانی تره‌مپ له شه‌شی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری ئه‌مساڵ و هه‌ڵكوتانه سه‌ر كۆنگرێس ده‌گوترێ، گرووپی مونییهكان ئه‌نجامده‌ری بوون و له پشتی ئه‌و كاره‌وه بوون.