سەرەڕای دژایەتیی حكوومەتی لبنان ئێران كاروانێكی تری بەنزینی رەوانەی بەیرووت كرد

:: AM:10:28:20/09/2021 ‌
سەرەڕای ئەوەی كە سەرۆك وەزیرانی لبنان، هاوردەی سووتەمەنی لەلایەن حزبوڵای لبنانی بە پێشێلكردنی سەروەریی لبنان هەژمار كردووە، كەچی بۆ جاری سێیەم كاروانێكی تری بەنزین لە ئێرانەوە گەیشتە لبنان.

پێنجشەمی رابردوو یەكەم كاروانی سووتەمەنی لە رێی بەندەرەكانی سووریاوە بەتاڵ كرا، دواتر لە رێی وشكاییەوە بۆ لبنان بەڕێ كرا. 

بەگوێرەی "رادیۆ فەردا"، نەجیب میقاتی سەرۆك وەزیرانی لبنان دژایەتی خۆی بۆ ئەم كارە دەربڕی و گوتی، حكوومەتی لبنان بە هیچ شێوەیەك خوازیاری ئەوە نییە لە رێی حزبوڵاوە لە ئێرانەوە بەنزین هاوردە بكرێت.

بە گوتەی حكوومەتی لبنان، ساڵانە سێ ملیار دۆلار لە بودجەی وڵات بۆ كڕینی سووتەمەنی دەڕوات، چیتر ناتوانن بە نرخی جیهانیی بەنزین بكڕن و بە نرخێكی كەمتر لە ناوخۆ بفرۆشرێتەوە.

سێ لەسەر چواری دانیشتووانی ئەو وڵاتە بەو هۆیەوە هەژار بوون


لە ساڵی 2019ەوە لبنان تووشی قەیرانێكی دارایی بووە، سێ لەسەر چواری دانیشتووانی ئەو وڵاتە بەو هۆیەوە هەژار بوون و بەهای دراوی نیشتمانیش بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزیوە.

نزمبوونی بەهای دراوی لبنانی و نەبوونی دراوی یەدەگ وایكردووە، ئەو وڵاتە نەتوانێ بە ئاسانی پێداویستییە سەرەكییەكانی خۆی دابین بكات.

حزبوڵا رای گەیاندووە، لە ئێرانەوە سووتەمەنی هاوردە دەكات و بە نرخێكی هەرزان بەسەر نەخۆشخانە و شوێنە گشتییەكان دابەشی دەكات.

ئێران لە كاتێكدا سووتەمەنی بۆ لبنان دەنێرێت، خۆی بە فەرمی رای گەیاندووە بۆ دابینكردنی سووتەمەنی، وێستگەكانی كارەبا لە زستانی داهاتوودا تووشی كێشە دەبن.



وشە - سلێمان تاشان