مەسروور بارزانی: كاتێك دێمە زاخۆ هەست بەوە دەكەم دێمە ناو كەسوكاری خۆم

:: PM:01:32:20/09/2021 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕای گەیاند، من كە دێمە زاخۆ، هەست بەوە دەكەم دێمە ناو كەسوكاری خۆم.

ئەمڕۆ دووشەم 20ـی ئەیلوول، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕای گەیاند، پێشتر سەرۆك بارزانی بەڵێنی ئەوەی پێتان دابوو كە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ رابگەیەنرێت، ئەمڕۆ ئێمە لێرەین تا پەیمان و بەڵێنی سەرۆك بێنینە جێ و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و سەرپەرشتیارەكەی رابگەیەنین.

سەرۆكی حكوومەت گوتی، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە ئێوە پیرۆز بێت، هیوادارم ئیدارەیەكی خزمەتگوزار بۆ بنەماڵەی شەهید و پێشمەرگە و هەموو خەڵكی ئەم دەڤەرە بێت، دەستپێك و قۆناغێكی نوێ دەست پێ بكات تا زیاتر خزمەتی ئێوەی خۆشەویست بكەین، باوەڕ بكەن كاتێك من دێمە زاخۆ، هەست بەوە دەكەم دێمە ناو كەسوكاری خۆم، هەست بەوە دەكەم پشتمان زۆر بە ئێوەوە بەهێزترە و ئینشەڵا خوا دەتانپارێزێت و سەركەوتوو بن، خوا دەرفەتیش بە ئێمە بدات تا بتوانین زیاتر خزمەتی ئێوە بكەین.

باسی لەوەش كرد، زۆر قارەمان ئەمڕۆ لێرە دانیشتوون كە چەندان داستانیان لە هەموو كوردستان تۆمار كردووە. شەهیدانی زاخۆ لە هەموو خاكی كوردستان خوێنیان ڕژاوە بۆ پارێزگاریكردن لە كوردستان و ڕزگاركردنی كوردستان و پاراستنی ئەم ئەزموونەش، بۆیە ئێمە هەموو قەرزاری زاخۆین، ئەم ئیدارە سەربەخۆیەی زاخۆ وەك وەفایەكە بۆ زەحمەت و ماندووبوون و خوێنی شەهیدان و زەحمەتیی ئێوە هەمووان.

ڕوونی كردەوە، ساڵی پار كاتێك هاتمە ئێرە و هاتمە خزمەتتان، چەند پڕۆژەیەكتان داوا كرد، دیاربوو زۆر كەموكوڕی هەبوو لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ زاخۆ، ئێمە رەزامەندیمان لەسەر هەموو ئەو پڕۆژانە دا كە ئێوە داواتان كرد. زۆر دڵخۆشم كە بیستم زۆر لەو پڕۆژانە جێبەجێ كران و هی تریش جێبەجێ دەكرێن، چونكە هاتنی ئێمە بۆ خزمەتكردنی زیاتری خەڵكە، ئێمە هەموو پێویستە خزمەتكاری خەڵكی خۆمان بین، ئەمانەتێكە كەوتووەتە ئەستۆمان و ئێوە پێتان داوین.

"دەڤەری زاخۆ لە لایەنی گەشتوگوزارییەوە دەڤەرێكی زۆر جوان و خۆشە، بەڵام مخابن ماوەی رابردوو لەبەر بوونی پەكەكە، بووە سەرئێشە و بەداخەوە زۆر لە هاووڵاتییانی ئێمە ناتوانن بگەڕێنەوە گوند و دەڤەری خۆیان. داوا دەكەم سەروەریی خاكی ئێمە بپارێزن، قەدری زەحمەتیدان و ماندووبوونی خەڵكەكەمان بگرن، قوربانییانی ئێمە و خوێنی شەهیدانمان ڕێزیان لێ بگیرێت، ئەم خاك و وڵاتە بە خوێن رزگار كراوە، ئەمڕۆ نابێ هیچ كەسێك ماف بە خۆی بدات دەستدرێژی بكاتە سەر ئەم خاكە و زەحمەتی بداتە خەڵكی ئێمە، ئێمە ئەوە قبووڵ ناكەین، داوایان لێ دەكەین بگەڕێنەوە سەر خاكی خۆیان و لێگەڕێن خەڵكی ئێمەیش بگەڕێنەوە سەر خاك و ئاوی خۆیان، مەسروور بارزانی وای گوت.

مەسروور بارزانی گوتی، ئێمە بەرەو هەڵبژاردن دەچین، راستە ئەم هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی عێراقە، بەڵام هەڵبژاردنێكی چارەنووسسازە، چونكە كاتێك بڕیاری پەرلەمانی عێراق دەدرێ، گەلێك جار كاریگەرییان لەسەر هەرێمی كوردستانیش هەیە، ئەو نوێنەرانەی بۆ پەرلەمانی عێراق دێنە هەڵبژاردن، نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان دەكەن، پێویستە پێش هەموو شتێك بیر لەوە بكەنەوە بەرگری لە مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان بكەن.

سەرۆكی حكوومەت ڕوونی كردەوە، داوام ئەوەیە بچن دەنگی خۆتان بدەن و بەشداری بكەن، بیر لەوە بكەنەوە ئەگەر ئێوە دەنگ نەدەن یان كەسێك بڵێت دەنگدانی ئێوە كاریگەری نییە، ئەگەر ئێوە بەشداریی هەڵبژاردن نەكەن، خەڵكێكی تر لە جیاتی ئێوە دەنگ دەدات و رەنگە كەسێك هەڵبژێرێت كە بە هیچ جۆرێك لە خزمەتتاندا نەبێت.

لە بەشێكی وتارەكەی سەرۆك وەزیران ڕای گەیاند، زۆر كەس هەیە دەنگی هەیە و دەیەوێ خۆی بكاتە خاوەنی كوردستان، بەڵام كاتێك لێی دەقەومێ، ئەو دەنگەمان نەدیت، كە دەمی بەرگریكردن لە كوردستان دێت، ئەم دەموچاو و ڕەنگەمان نەدیت، لە كوێ بوون؟ كاتێك ئێوە دەنگ دەدەن، بیر لەوە مەكەنەوە كە ئەمڕۆ چی دەبینن؟ بیر لەوە بكەنەوە كە سبەی ئەگەر كوردستان بكەوێتە بەردەم ئاستەنگێك، كێ پارێزگاری لە ئێوە دەكات؟ كێ ئامادەیە بچێت خۆی بكاتە قوربانی؟ باوەڕ بە بەڵێنی كەس مەكەن، باوەڕ بەو كەسە بكەن كە قوربانی داوە و بۆتانی سەلماندووە لە كاتی تەنگانەدا لە هێڵی پێشەوەیە بۆ پارێزگاری لە خاك و كەرامەتی ئەم خاك و میلەتە.

ئاشكرای كرد كە ئەو داوایە تەنیا لە خەڵكی زاخۆ ناكەم، بەڵكو داوا لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم، بیرێكی رژد بكەنەوە، باوەڕ بكەن ئەگەر كوردستان بەرەو دۆخێكی ناخۆش بچێت، كێ بەرگریی دەكات، بیر لەوە بكەنەوە نەخەڵەتێن بە قسەی دوو كەس بكەن، بیر لەوە بكەنەوە كە كێ دەتوانێ بەرگری لە ئێوە بكات؟ ئەوانە ئەگەر بەڵێنێكیشتان پێ بدەن، ئایا توانا و هێزی ئەوەیان هەیە ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بكەن؟.

سەرۆك حكوومەت باسی لەوە كرد، زۆر هەوڵ درا ئەم حكوومەتەمان تووشی شكست بێت، لە ڕووی ئابووری و سیاسی و هەندێك جار كێشەی تەناهیشیان هێنایە پێشەوە تا ئەم حكوومەتە رادەست بێت، واز لە مافە دەستووری و مافەكانی خەڵك بهێنێت لەبەر خاتری مووچە یان لەبەر هەندێك ئیمتیازی زۆر كاتی و كەم، كە ئەویش جێی باوەڕ نەبوو جێبەجێ ببن، خوا دەرفەتی دا و بە خۆڕاگریی ئێوە، سوپاستان دەكەم كە ئێوە خۆڕاگر بوون و توانیمان هیچ تەنازولێك نەكەین و ئەو قەیرانانەشمان تێپەڕاند، ئینشەڵا ئاسۆیەكی زۆر ڕوونمان لە پێشدایە و بەرنامەی زۆرباشی ئابووریمان هەیە، بۆ ئەوەی كوردستان بۆ قۆناغێكی گەشتر و ئاوەدانتر ببەین، بۆ ئەوەش پێویستیمان بە هاوكاریی ئێوە هەمووتانە.



وشە - رامیار جەواد