سلێمانی بە بەنزینخانە و پڕۆژەی بازرگانیی نایاسایی دەتەنرێت

:: PM:01:51:20/09/2021 ‌
ژمارەیەك بەنزینخانەی نایاسایی و چەند پڕۆژەیەكی بازرگانیی بێ مۆڵەت لە شاری سلێمانی كراونەتەوە، تا ئێستە مۆڵەتی فەرمی لایەنی پێوەندیداریان وەرنەگرتووە، لە كاتێكدا كردنەوەی بەنزینخانە بەردەوامی هەیە و بەپێی نووسراوێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە ساڵی 2018ەوە تەنیا ئەنجوومەنی وەزیران بۆی هەیە رەزامەندی لەسەركردنەوەی بەنزینخانە بدات.

هەندێك رێنوێنی هەن بۆ كردنەوەی بەنزینخانە كە لەلایەن شارەوانیی سلێمانی دەدرێت بۆ ئەو كەسانەی كە بەنزینخانە دروست دەكەن، وەك دووریی نێوان بەنزینخانە بۆ بەنزینخانەكان، شوێنی نیشتەجێبوون، نزیكی لە قوتابخانە و چەند مەرج و رێنوێنییەكی تر، لە دەرەوەی ئەو رێنوێنییانە هەر بەنزینخانەیەك بكرێتەوە، نایاساییە و مۆڵەتی پێ نادرێت.
پێدانی مۆڵەت بۆ كردنەوەی بەنزینخانە، تەنیا لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیرانە

كەریم عەلی سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە  ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، لە ناو شاری سلێمانی چەندان بەنزینخانە هەن كە بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت كراونەتەوە و هیچ مۆڵەتێكیان نییە، واتە نایاسایین، پێدانی مۆڵەت بۆ كردنەوەی بەنزینخانە، تەنیا لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانە، بەڵام لەم دوو ساڵەی رابردوو هەرچی بەنزینخانە كرابێتەوە، مۆڵەتی نەبووە.

باسی لەوەش كرد، ئەو بەنزینخانانەی كە دروست دەكرێن، پێشێلی رێنوێنیی لایەنە پێوەندیدارەكانی تێدایە، ئەو بەنزینخانانە مۆڵەتیان بۆ وەرناگیرێت لە ئەنجوومەنی وەزیران، هەروەها رێكاری پێویستیان بۆ ناگیرێتەبەر، جگەلەمە لە شوێنی نەشیاو دروست دەكرێن، بە فەرمی لەسەر ئەو پرسە داواكاری  گشتی سلێمانییان ئاگادار كردووەتەوە.

سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی گوتی، ئیدارەیان لەو بێسەروبەرییە ئاگادار كردووەتەوە، ئێستەیش بەنزینخانە هەیە لە جێبەجێكردندایە بێ ئەوەی مۆڵەتی وەرگرتبێت، بەردەوامیش لە زیادبووندان، بەنزینخانە هەیە لە ناو سیتی و شوێنی نیشتەجێبوون دروست كراوە، ئەمەش  رێپێدراو نییە.

"یەكێك لەو بەنزینخانانەی كە مۆڵەتی كردنەوەی بۆ وەرنەگیراوە و هەروەها لە ناو شوێنی نیشتەجێبوون دروست كراوە، دەكەوێتە ناو پڕۆژەی شاری دایك لە شارەكە، ئەو بەنزینخانەیە شوێنەكەی گونجاو نییە، بەنزینخانە هەیە نزیكی ماڵ و قوتابخانەیە ئەگەر ئاگر بگرێت، رەنگە قوتابخانەكەش لەگەڵی ئاگر بگرێت، بۆ كردنەوەی بەنزینخانەی نایاسایی، هەموو لایەك چاوی خۆیان نوقاندووە و كەس خۆی تێناگەیەنێت، تەنیا ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی نەبێت."  كەریم عەلی وای گوت.

بەپێی بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە ژمارە 5776ی كە لە ساڵی 2018  دەرچووە، دەسەڵاتی پێدانی مۆڵەت بۆ كردنەوەی بەنزینخانە لە دەستی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانە، ئیدارە و پارێزگا و لایەنی تر ناتوانن مۆڵەت بدەنە كردنەوەی بەنزینخانە.

رەمەزان نامیق سەرۆكی لیژنەی پڕۆژەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، شاری سلێمانی پڕ بووە لە بەنزینخانەی نایاسایی و باڵەخانەی بازرگانیی بێ مۆڵەت، كە ئەمانە نایاسایین و هیچ لایەنێكیش مامەڵەی یاساییان لەگەڵدا ناكات.

ئەو باسی لەوەش كرد، تەنیا لە رۆژئاوای سلێمانی، دوو پڕۆژەی بازرگانی بە ناوەكانی عەلوەی سەوزە و میوە  كە دەكەوێتە ناوچەی تاسڵووجە، بەبێ مۆڵەت كراوەتەوە و دەستی كردووە بە فرۆشتن، لە كاتێكدا شوێنەكەشی نایاساییە، چونكە نزیكی كارگەی چیمەنتۆیە، هەروەها دروستكردنی بەڕاد لە عەلوەی رۆژهەڵات لە ناوچەی هوانە، ئەمانە بێ مۆڵەت كراونەتەوە.

داومانەتە داواكاری گشتی سلێمانی


بەگوتەی رەمەزان نامیق، "تەواوی بەنزینخانە بێ مۆڵەتەكان و ئەو دوو پڕۆژە بازرگانییە، لە نزیكەوە داومانەتە داواكاری گشتی سلێمانی. سەرۆكی داواكاری گشتی بەڵێنی پێ داوین بە دواداچوونیان بۆ بكات و لە چوارچێوەی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا بكات، ناكرێ هەر كەسێك هەستێ باڵەخانەیەك بەرز بكاتەوە بەبێ مۆڵەت، ئەی یاسا كوا؟."

سەرچاوەیەك لە سەرۆكایەتی شارەوانیی سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، پێدانی مۆڵەت بە بەنزینخانە لای شارەوانی نییە، شارەوانی تەنیا ئەوەی لەسەرە رێكارەكان و مەرج و رێنوێنییەكان بداتە ئەو شوێنەی كە بەنزینخانەكەی تێدا دەكرێتەوە. ئەو لەبارەی گرتنەبەری رێكارەكان بۆ بەنزینخانەی نایاسایی و بێ مۆڵەت گوتی، شارەوانی لە رێی دادگاوە مامەڵە لەگەڵ ئەو بەنزینخانانە دەكات.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - سلێمان تاشان