كێ دەبێتە سەركۆماری عێراق؟

:: PM:04:30:20/09/2021 ‌

تا دێ وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق نزیكتر دەبێتەوە، لەوكاتەی شەقام و كاندیدان بە بانگەشەوە خەریكن، هێز و حزبە گەورەكان بەدوای رێككەوتنن لەسەر پۆستە سیادی و باڵاكان، بەتایبەتی هەرسێ سەرۆكایەتییەكە، كە بەپێی رێككەوتن لە نێوان شیعە و كورد و سوننە دابەش كراوە، ئەوەی پێوەست بە كوردە پۆستی سەركۆماری عێراقە، بەڵام ئەوجارە كێ ئەو پۆستە وەردەگرێت؟

لە هەڵبژاردنی 2018 ململانێیەكی توند لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لەسەر پۆستی سەركۆماری عێراق دروست بوو، كاتێك یەكێتی بەرهەم ساڵح و پارتیش فوئاد حوسێنی بۆ پۆستەكە كاندید كرد، ئەوان چەندان كۆبوونەوەیان كرد بۆ یەكلاكردنەوەی بابەتەكە لەناو خۆیاندا، بۆیە گەیشتن بە رێككەوتن، بەڵام لە دوا ساتەكان دۆخەكە گۆڕا، وەك زۆرجار فەرمان لە دەرەوەی سنوور هات و دۆخەكە بۆ بەرهەم ساڵح یەكلا كرایەوە، كاتێك زۆرێك لە پەرلەمانتارانی شیعە دەنگیان بە بەرهەم ساڵح دا. 

شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا بە "وشە"ی گوت، دابەشكردنی پۆستە باڵاكان لە عێراق، بەتایبەتی سەركۆمار و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمان، لە ئەنجامی تەوافوقی سیاسییە نەوەك دەستوور و یاسا، واتە ئەگەری گۆڕانكاری تیادایە و ئەو پۆستانە تاپۆ نییە بۆ لایەنێكی سیاسی دیاریكراو، كە ئەو پۆستانە هەر بۆ ئەوان بێت.

زیاتر گوتی، ئەو بابەتە دەمێنێتەوە بۆ دوای هەڵبژاردن، دوای ئەوەی دادگای باڵا پەسندی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەكات، كە هەر پارت و قەوارەیەك چەند كورسی پەرلەمانی بەدەست هێناوە، دوای ئەوە كۆبوونەوەی چڕ لەسەر ئاستی هەموو لایەنە سیاسییەكان دەكرێت، ئەوەی لێی دڵنیاین پێشەنگیی پارتییە لەسەر ئاستی عێراق. 
پارتی سوورە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەركۆمار و لێكگەیشتنی لەگەڵ بەشێك لە هێزە سیاسییەكان هەیە
خالیدە خەلیل، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پۆستە سیادییەكان بەپێی لێكگەیشتن لە نێوان شیعە و سوننە و كوردەوە دابەش كراوە، نەوەك بەپێی دەستوور، ئەو نەریتەیش بۆ رازیكردنی هەرسێ پێكهاتەكە بووە، نەوەك یاسایەك پێویست بە پابەندی بكات.

بەرهەم ساڵح، كە كاتێك جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتیی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە ژیاندا مابوو، پۆستێكی باڵای لەناو ئەو حزبە هەبوو، بۆ هەڵبژاردنی 2018 حزبێكی نوێی دامەزراند و ئەنجامێكی وای نەهێنا، بۆیە لە چوارچێوەی دەستەوارەیەك بە وازهێنان لە خواستە سیاسییەكانی لە هەرێمی كوردستان لە بەرانبەر كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەركۆماری عێراق، گەڕایەوە ناو یەكێتی و ئەندامانی حزبە نوێیەیەكەی جێهێشت.

چاودێران پێیان وایە هەلی گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ هەرێمی كوردستان بۆ بینین رۆڵێكی دیار كەم بووەتەوە، هاوكات لە عێراقیش خاوەن پڕۆژەیەكی گەورەی سیاسی نییە و تەنیا دەیەوێ لە پۆستەكەی بەردەوام بێت، بۆیە گرەوە لە سەر پاڵپشتیی حزبەكەی دەكات، كە رەنگە 100% روون نییە، جیا لە پاڵپشتی وڵاتانی ناوچەكە، ئەویش لەسەر بنەمای هەڵسوكەوتەكانی لە ماوەی ساڵانی رابردووی بوونی لەو پۆستە.

تەرازووی هێز لەناو هێزە كوردییەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراقیش گۆڕاوە، لە رووی  بنكەی جەماوەری و سەنگی سیاسی و دیپلۆماسییەوە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێ ئەنجامی هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ هێزە كوردییەكان یەكلاكەرەوە بێت لە دابەشكردنی پۆستە سیادییەكان لە عێراق، بەتایبەتی بۆ پارتی و یەكێتی، رەنگە لەسەر ئەو بنەمایە قسەی تریان بۆ دوای هەڵبژاردنەكان لەسەر پۆستی سەركۆمار هەبێت.

لە 2005ەوە بەهۆی رێككەوتنێكی سیاسی لە نێوان ئەو دوو حزبە، سەركۆماری عێراق درا بە یەكێتی و سەرۆكی هەرێمیش بە پارتی، بۆیە لەو ساتەوە پۆستی سەركۆماری عێراق لەدەست یەكێتی بووە. ئەگەرچی لە 2018 پارتی كاندیدی بۆ پۆستەكە هەبووە و ئەگەری هەیە بۆ ئەم هەڵبژاردنەیش هەمان شت روو بدات.

لە قسەی ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دیارە بۆ ئەم خولە پارتی سوورە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەركۆماری عێراق و ئەو رێككەوتنەی پێشتر لەگەڵ یەكێتی هەبوو، بووەتە بەشێك لە رابردوو و پۆستی سێ سەرۆكایەتییەكان بۆ ئەو لایەنە سیاسییانەیە كە زیاترین ژمارەی كورسی لە پەرلەمان بەدەست دێنن، د. رێبین سەلام، توێژەر و ئەندامی پارتی دەڵێت، پۆستی سەركۆمار مافێكی سیاسییە و پارتی سوور دەبێت بۆ وەرگرتنی، بۆ ئەوەیش لێكگەیشتنمان لەگەڵ بەشێك لە هێزە سیاسییە سوننە و شیعەكان هەیە.

زیاتر گوتی، ئەو رێككەوتنەی یەكێتی باسی دەكات، بووەتە بەشێك لە رابردوو، لە خولی پێشوو دەمانتوانی پۆستەكە بەدەست بێنین، بەڵام لەلایەن حزبەكانی ترەوە فیڵمان لێ كرا، ئێمەیش نەمانویست دۆخەكە ئاڵۆز بكەین و ناو ماڵی كورد تووشی ترازان بێت، ئەو ئەندامەی پارتی لەبارەی هاوشێوەیی پۆستەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا دووپاتی كردەوە، پۆستی سەرۆكی هەرێم و پۆستە باڵاكانیتر لە هەرێم مافی سیاسین، وەك پارتی نزیكەی نیوەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانمان هێناوە، بۆیە دۆخەكە لەگەڵ بەغدا جیاوازە و پۆستی سەركۆماری عێراق مافی ئەو لایەنە كوردیەیە كە لە هەڵبژاردن زیاترین كورسی بەدەست دێنێت، ئەوجارە دەستبەرداری پۆستەكە نابین. 

حەسەن ئالی، پەرلەمانتاری یەكێتی دەڵێت، پۆستی سەركۆمار مافێكی یەكێتییە و لۆجیك نییە لە ئێستەوە و پێش هەڵبژاردن باسی دابەشكردنی پۆستەكان بكەین، چونكە ئەگەری گۆڕانی ئەنجامەكان هەیە، لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان هاوپەیمانین و پێشبینی دەكەین ببین بە فراكسیۆنی گەورەی كوردی و تا ئێستە كاندیدی ئێمە بەرهەم ساڵحە.

چاودێران پێیان وایە بۆ ئەمجارە پارتی بە رژدی هەوڵی بەدەستهێنانی پۆستەكە دەدات و رەنگە چەند سەركردەیەكی وەك كاندید بۆ پۆستەكە دیاری كردبێت، لێرەدا سێ شت كاریگەرن و زیاتر پۆستەكە یەكلا دەكەنەوە، یەكەمیان پارتی و یەكێتی چوونەتە دوو بەرەی نەیاری گەورە لە هەڵبژاردنی عێراق، بردنەوەی هەر یەكەیان گەیشتنی كاندیدیان ئاسانتر دەكات، دووەم هۆكاری دەرەكیی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، كە بۆ كام بەرە و كاندید گوشار دروست دەكات، سێیەم ئەنجامی هەڵبژاردن و سەنگی هەردوو حزبەكە و بنكەی جەماوەری و بەهێزیان لە ژوورە داخراوەكانی گفتوگۆی نێوانیاندا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل