ئابووری ئێران بە رێژەی 57% داڕما

:: AM:10:51:21/09/2021 ‌
ئابووری ئێران زۆر بە خێرایی لە دابەزیندایە و ژووری بازرگانیی ئەو وڵاتەش بە پشتبەستن بە ئاماری بانكی جیهانی، لە داهاتووی ئابووری ئێران هۆشداری دەدات.

غوڵامحسێن شافعی سەرۆكی ژووری بازرگانی ئێران دەڵێت، چوار ساڵ لەمەوبەر بەرهەمهێنانی نەپاڵاوتووی ناوخۆیی ئێران 445 ملیار دۆلار بوو، بەڵام ساڵی رابردوو بۆ 191 ملیار دۆلار دابەزی و 57% لە قەبارەكەی بچووك بووەتەوە.

ریزبەندی ئەو وڵاتە لە قەبارەی بەرهەمهێنانی نەپاڵاوتووی ناوخۆیی لە پلەی 26ەوە بۆ پلەی 51 دابەزی.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، بەو پاشەكشەیەی ئابووری ئێران، ریزبەندی ئەو وڵاتە لە قەبارەی بەرهەمهێنانی نەپاڵاوتووی ناوخۆیی لە پلەی 26ەوە بۆ پلەی 51 دابەزی.

بەپێی ئامارەكانی بانكی جیهانی، بەرهەمهێنانی نەپاڵاوتووی ناوخۆیی ئێران لە ساڵی 2017 سەرووی 445 ملیار دۆلار بووە، بەڵام لە ساڵی 2020 بۆ 191 ملیار دۆلار دابەزیوە.

پێویستە ئاماژە بەو راستییەش بكرێت لە ساڵی 2012دا بەرهەمهێنانی نەپاڵاوتووی ناوخۆیی ئێران، نزیكەی 600 ملیار دۆلار بوو، بە واتایەكی تر قەبارەكەی ساڵی رابردووی بەرهەمهێنانی نەپاڵاوتوی ئێران یەك لەسەر سێی هەشت ساڵ لەمەوبەریەتی.

ئامارەكەی بانكی جیهانی بە پشتبەستن بە نرخی شتومەك و نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازادی ئێران لێك دراوەتەوە، ئەمەش قەبارەی راستەقینەی ئابووری ئێران دەردەخات.


وشە - سلێمان تاشان