ئه‌مشه‌و له یارییه‌كانی خولی ئیسپانیا، یانه‌ی ئاتلێتیكۆ مه‌درید گه‌ڕایه‌وه پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندی و سوارێز دوو گۆڵی بۆ تیپه‌كه‌ی تۆمار كرد، كه یه‌كێكیان ئۆفساید بوو.
ئه‌مشه‌و "سێشه‌م 21ی ئه‌یلول" یارییه‌كانی گه‌ڕی شه‌شه‌می لالیگا ده‌ستی پێ كرد و له یارییه‌كی به‌هێزدا یانه‌ی ئاتلێتیكۆ مه‌درید له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیدا به ئه‌نجامی 2-1 گۆڵ له یانه‌ی خیتافیی برده‌وه.
خیتافی له كۆتایی گێمی یه‌كه‌م به گۆڵی میترۆڤیچ پێشكه‌وت، كه یه‌كه‌م گۆڵی خیتافی بوو له تۆڕی ئاتلێتیكۆ مه‌درید له ماوه‌ی 20 یاریی رابردووی نێوانیاندا.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له گێمی دووه‌م ئاتلێتیكۆ خۆی كۆكرده‌وه و توانیان دوو گۆڵ تۆمار بكه‌ن.
له خوله‌كی 74دا كارلێس ئالینا به كارتی سوور ده‌كرا و خیتافی به 10 یاریزان مایه‌وه.
له خوله‌كی 78 لویس سوارێز گۆڵی یه‌كسانبوونی تۆمار كرد، كه گومان ده‌كرێت ئۆفساید بێت و دیمه‌نه‌كانی گۆڵه‌كه وای ده‌رده‌خه‌ن.
دواتر له خوله‌كی 90+1دا سوارێزی به لێدانی سه‌ر گۆڵی دووه‌می خۆی و بردنه‌وه‌ی بۆ تیپه‌كه‌ی تۆمار كرد.
به‌م ئه‌نجامه ئاتلێتیكۆ مه‌درید به 14 خاڵ، به شێوه‌یه‌كی كاتی گه‌ڕایه‌وه پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندی.
له یارییه‌كانی تری ئه‌مشه‌ودا، یانه‌ی ئاتلێتیك بیلباو له یاریگه‌ی خۆیدا به 1-2 گۆڵ به یانه‌ی رایۆڤاییكانۆ دۆڕا.
هه‌روه‌ها یانه‌ی سێلتاڤیگۆ له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیدا به 2-0 گۆڵ له یانه‌ی لێڤانتیی برده‌وه.