عێراق.. رۆژانە زیاتر لە 200 حاڵەتی جیابوونەوە هەیە

:: PM:09:25:22/09/2021 ‌

جیابوونەوەی هاوسەران یەكێكە لە كێشە گەورەكانی هەر كۆمەڵگایەك، هۆكارەكانی زۆرە، بەڵام بە زیادبوونی ئاماژەیەكە بۆ بوونی تەنگژەیەكی سەختی كۆمەڵایەتی و دەروونی و ئابووری، كە وای كردووە ئەو پرۆسە گرنگە كۆتاییەكی كارەساتبار هەبێت، بەپێی ئامارێك دەسەڵاتی دادوەری لە عێراق ئاماژە بۆ تۆماركردنی رۆژانەی زیاتر لە 200 حاڵەتی جیابوونەوە دەكات. 

بەپێی راپۆرتێكی دەسەڵاتی دادوەری لە عێراق كە بەمدواییە دەرچووە، ئاماری هاوسەرگیری لە عێراق لە مانگی ئابی رابردوو 23500 حاڵەت بووە، لەوكاتەی ئاماری حاڵەتەكانی جیابوونەوە لەو مانگە 6250 حاڵەت بووە، بە رێژەی 30% لە كۆی ژمارەی حاڵەتەكانی هاوسەرگیری، واتە هەر رۆژێك 210 حاڵەتی تەڵاقدان تۆمار كراوە و لە هەر سەعاتێك نۆ حاڵەت. 
پێشبینی دەكرێ رێژەكە بۆ ئەم مانگە لە تۆماركراوی مانگی رابردوو زیاتر بێت
دادوەرێكی عێراقی ئاماژەی كردووە كە ژمارەی حاڵەتەكانی جیابوونەوە لە زیادبووندایە، بەتایبەتی لە مانگەكانی یەكەمی هاوسەرگیریدا، كاتێك زۆرینەی حاڵەتەكان لە كەمتر لە ساڵێك لە تەمەنی هاوسەرگیری بووە و زۆرینەی هەوڵەكانی دادگا بۆ ئاشتكردنەوەی هاوسەران شكست دێنێت، بۆیە ئەو زیادبوونە مایەی نیگەرانییە و پێشبینی دەكرێت بۆ ئەم مانگە لە تۆماركراوی مانگی رابردوو زیاتر بێت. 

ئەو دادوەرە پێی وایە زوو بەشوودانی كچان و خراپیی بەكارهێنانی تۆڕی ئینتەرنێت و جیاوازی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتیی هاوسەران و كێشە داراییەكان و بێكاری هۆكاری سەرەكیی جیابوونەوەكانن، لای خۆیەوە واسق حەمدانی پارێزەر دەڵێت، زۆرینەی حاڵەتەكانی جیابوونەوە بەهۆی دۆخی ناسەقامگیریی عێراقە، بەتایبەتی ناسەقامگیریی دەروونی، بەهۆی خراپیی دۆخی تەناهی و ئابووری و نەبوونی هەلی كار، ئەوانەیش بە نەرێنی لەسەر ژیانی خێزانیان رەنگی داوەتەوە.

زیاتر گوتی، زۆرێك لە گەنجان دوای ژنهێنان تووشی شۆك دەبن، چونكە ناتوانن پێویستییەكانی خێزان دابین بكەن و خێزان بەخێو بكەن، بەتایبەتی لەوانەی كاریان نییە، یان ئەوانەی بە رۆژانە كار دەكەن و ماوەیەك بێكارن، ئەوانە وایان لێ دەكات پەنا بۆ جیابوونەوە ببەن بۆ رزگاربوون لە قورسایی بەخێوكردنی خێزان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل