سەعید سەلیم پشدەری بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی، لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا، تیشك دەخاتە سەر چەند پرسێكی تایبەت و باس لەوە دەكات، كار بۆ گۆڕینی هاوكێشەی حزبی و سیاسی لە سلێمانی دەكەن. خەڵكی سلێمانی بێنازن و دەیانەوێ خزمەتیان بكەن، هەر بەو جۆرەی كە خزمەتی شارەكانی تریان كردووە.
ئایا پلانی پارتی بۆ سلێمانی بۆ ئەم هەڵبژاردنە جیاواز بوو؟
لە سلێمانی بە سوودوەرگرتن لە بنەما زانستییەكان و بە تێڕوانین لە واقیعی ئەو ئەزموونەی كە لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو پەیدامان كردووە، بە پلانێكی زۆر تۆكمەی زانستی دەستمان بە بانگەشەی هەڵبژاردن كردووە، ئەو پلانەی كە دانراوە رۆژ بە رۆژ وەك خۆی جێبەجێ دەكرێت، سەردانی شوێنەكان دەكەین و لەو سەردانانەش ئومێدی هاووڵاتییانمان وەرگرتووە.
بۆ ئەم هەڵبژاردنە چی دەكەن و چاوەڕێی چی لە هاووڵاتییان و دەنگدەرانتان دەكەن؟
چۆن پارتییەكانی سلێمانی لە رابردوو بوونەتە نموونەی خۆڕاگری و خۆنەویستی و پارتی ویستی، بە هەمان هەناسە ئێستەش بەردەوامن، چۆن لە رابردوو شانازییان بۆ پارتی و رێبازەكەیان تۆمار كردووە، ئەمڕۆش بە هەمانشێوە بەردەوامن.
لە سلێمانی و دەنگەكانیشمان رووە و هەڵكشانە.
لەم هەڵبژاردنە پارتی گۆڕانكاری بەسەر جەماوەر و رێژەی دەنگەكانی دێت؟
بەڵێ، چاومان لە سەركەوتنی گەورەیە لە سلێمانی و دەنگەكانیشمان رووە و هەڵكشانە.
كارتان كردووە بۆ ئەوەی هاوكێشەی سیاسی لە سلێمانی بگۆڕێت؟
ئێمە چاومان لەوەیە هاوكێشەی حزبی و سیاسی لە سلێمانی گۆڕانكاریی بەسەر بێت، دەنگی رەسەنی پارتی لە سنوورەكە گۆڕانكاریی بەسەر بێت و پارتی كاریگەریی هەبێت لەسەر بەڕێوەبردنی ئیدارەی خۆجێی سلێمانی، چۆن خزمەتی ناوچەكانی ترمان كردووە، بەو شێوەیە خزمەتی سلێمانیش بكەین و دەستمان لە ئاوەدانكردنەوە هەبێت و پشكمان هەبێت.
چۆن دەتوانن شێوازی حوكمڕانی و خزمەتگوزاری بۆ پارێزگاكە بگوازنەوە؟
پشكمان هەبێت لە سنوورەكە بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵكی سلێمانی و خەڵكە تێكۆشەرەكەی و شار و شارۆكەكانی بكەین، وەك ئەوەی كە شایستەن نەك ئەوەی تا ئێستە هەبووە، بتوانین خزمەتێك بكەین كە هاوتای ئەو شوێنانە بێت كە ئێمە جێپەنجەی دەوڵەتداری و خزمەتگوزاریمان هەبوو بۆ پێشكەشكردنی شار و شارۆكەكانی تر، ئەو شێوازە حوكمڕانی و خزمەتگوزارییەی شارەكانی تری وەك هەولێر و دهۆك، بگوازینەوە بۆ سلێمانیش.
ئەگەر لە سلێمانی خەڵك متمانەیان پێدان، دەتوانن چییان بۆ بكەن؟
دەتوانین باشتر خزمەتیان بكەین، لەبەرئەوەی لە ئیدارەی خۆجێی سلێمانی دەسەڵاتمان نەبووە، نەمانتوانیوە وەك پێویست خزمەتی ئەو خەڵكە تێكۆشەرەی شارەكە و ئەو پارێزگایە بكەین، هیوادارین بۆ داهاتوو بە هاوكاری ئەوان، ئەو شێوازە سەركەوتووەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەوڵەتداری و خزمەتگوزاری دووبارە بكەینەوە و خزمەتێكی شایستەیان پێ بكەین. خەڵكی سلێمانی بێنازن، سەیری مێژووی سلێمانی و داهێنانەكانی و خەڵكە خۆڕاگر و تێكۆشەر و رۆشنبیر و خەڵكە نیشتمانپەروەر و نەتەوەییەكەی بكەین، شایستەی زیاترن لەوەی ئێستە هەیە و ئێمەش دەمانەوێ خزمەتیان بكەین.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی