ئەمەریكا هەڵوێستی نوێی لەسەر هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند

:: PM:01:30:02/10/2021 ‌
نوێنەری ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمەریكا پێی وایە، دۆخی تەناهیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێوەستە بەسەقامگیریی عێراق ‌و هەرێمی كوردستان، ئێمەیش هاوكاری كوردستان دەكەین لە دابینكردنی سەقامگیری و باشتركردنی ئابووری.

ئەمڕۆ شەموو دووی تشرینی یەكەم، ڕۆبەرت پاڵەدینۆ كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان، لە سنووری چامانكێ‌ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، بۆ دۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق، ئەمەریكا پابەندە بەهاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمەریكا بۆچوونی وایە، دۆخی تەناهی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێوەستە بەسەقامگیریی عێراق ‌و هەرێمی كوردستان.

ئەمەریكا هاوكار دەبێت بۆ سەقامگیریی كوردستان و عێراق لەلایەنی تەناهی و پەرەپێدانی لە ڕووی ئابوورییەوە.
نوێنەرەكەی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان گوتی، كار دەكەین بۆ ئەوەی كۆمپانیا گەورەكانی بواری وزەی ئەمەریكا بێنە هەرێمی كوردستان، تا ڕۆڵیان هەبێت لە بواری وەبەرهێناندا، هەروەها ئەمەریكا هاوكار دەبێت بۆ سەقامگیریی كوردستان و عێراق لەلایەنی تەناهی و پەرەپێدانی لە ڕووی ئابوورییەوە.

باسی لەوەش كرد، لە نۆژەنكردنەوەی شوێنەكان هەمیشە پڕۆژە و بەرنامەمان هەبووە و بەردەوامیش دەبین، ئەوەیش بەپێی ئەو پلانەی دامانناوە.

ئەو گوتانەی كونسوڵی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان، وەك وەڵامدانەوەیەك بوو بۆ ئەو لایەنە سیاسی و میلیشیانەی باسیان لە جێهێشتنی ئەمەریكا دەكرد لە هەرێمی كوردستان.




وشە - رامیار جەواد