دوو ئەفسانەی گۆرانیی "پۆپ" ئەلبوومێك بڵاو دەكەنەوە

:: AM:10:32:03/10/2021 ‌
تۆنی بینیت و لیدی گاگا كە دوو ناوی زۆر گەورەی گۆرانیی ستایلی "پۆپ"ن لە دنیادا، ئەلبوومێكی 10 تراكییان بڵاو كردەوە كە سەرجەم میلۆدییەكان هی ئاوازدانەری ناودار "كۆڵ پۆرتەر"ـە.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ یەكشەم سێی تشرینی یەكەم، هەواڵەكەی بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، تۆنی بینیت و لیدی گاگا، لە بواری ستایلی "پۆپ" بە  ئەفسانە ناو دەبرێن، وێڕای ئەوەی تەمەنیان لە یەكتر دوورە، بەڵام وەك دوو ئەستێرە و وەك دوێت ئەلبوومەكەیان بڵاو كردووەتەوە كە بە ناوی "لۆڤ فۆر سالی"یە.

پێگەكە ئەوەشی نووسیوە كە ئەم ئەلبوومەیان "لۆڤ فۆر سالی"، بە پاشماوەی ئەلبوومی "چیك تو چیك" هەژمار دەكرێ كە لە ساڵی 2014دا بڵاویان كردەوە، هاوكات ئەوكات خەڵاتی "گرامی"ی پێ بەخشرا كە ئەویش لەسەر ستایلی "پۆپ" بوو.

تۆنی بینیت بەوە دەناسرێتەوە كە گەشەی بە موزیكی جاز كردووە. لیدی گاگایش موزیكی پۆپی نوێی بە شێوەیەكی هونەریی بوێر گەشە پێ كردووە، بۆیە هەردوو هونەرمەند لە بواری پۆپدا بە داهێنەر هەژمار دەكرێن. ئەلبوومی هاوبەشیش پێكەوە، وایكردووە زۆرترین جەماوەریان هەبێت.

داهێنەری موزیكی جازی نوێكارییە، چیالەوەی گۆرانیبێژە، هاوكات شێوەكارێكی ناوداریشە.


تۆنی بینیت كە لەدایكبووی 1926ی ئەمەریكایە، داهێنەری موزیكی جازی نوێكارییە، چیالەوەی گۆرانیبێژە، هاوكات شێوەكارێكی ناوداریشە. ئەو لە ساڵانی پەنجاكانی سەدەی رابردووەوە وەك ئەستێرەیەك لە بوارەكەی خۆیدا دەنگی دایەوە. تا ئێستە دەیان خەڵاتی گەورەی پێ بەخشراوە.

لیدی گاگایش لە ساڵی 1986 لە ئەمەریكا لە دایك بووە. لە ساڵی 2006دا وەك ئەستێرە بووە ناوێكی زۆر دیار لە دنیادا. بەهۆی تواناكەیەوە لە بواری پۆپ، لە 2008دا خەڵاتی "گرامی"ی پێی بەخشراوە. 11 ئەلبوومی بڵاو كردووەتەوە و دەیان كۆنسێرتی لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا پێشكەش كردووە. ئەویش بەهەمانشێوە چەندان خەڵاتی گەورەی پێ بەخشراوە.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د