حكوومەتی عێراق رای گەیاند كە توانی بەڵێنەكەی خۆی بباتە سەر و یەكشەمی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان دێتە سازكردن، سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای لە وەزیرەكانی كرد تا دوا ساتی تەمەنی حكوومەتەكەی لە كاركردن بەردەوام بن، لەوكاتەی بڕیارە پەرلەمان لە 7ی ئەم مانگە هەڵوەشێَتەوە، ناوەندێكی توێژینەوەی عێراقی راپرسییەكی لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە ساز كرد و بەشداران ئاماژە بۆ سێ براوە دەكەن.
لە وڵاتانی دیموكرات، وەك ئەوەی بەم دواییە لە هەڵبژادنی ئەڵمانیا بەڕێوە چوو، ناوەندەكانی راپرسی لە رۆژی دەنگدان پێشبینی خۆیان لە چوارچێوەی راپرسی بۆ ئەنجامی قەوارە و لیستە بەشدارەكان رادەگەیەنن، ئەوان توانیان تا ئاستێكی نزیك لە ئەنجامی راستەقینەی راگەیەندراو، پێشبینی خۆیان بكەن، لە عێراق بۆ یەكەم جار سەنتەرێكی توێژینەوە راپرسییەك ساز دەكات.
لەو راپرسییەدا كە سەنتەری بەیان بۆ لێكۆڵینەوە و پلاندانان بە بەشداری هەزاران هاووڵاتیی عێراقی لە چەندان ناوچەی جیاواز كە توانای دەنگدانیان هەیە، ئەنجامی داوە، پرسیاری ئەوەیان لێ كرا دەنگ بە كێ دەدەن، لە ئەنجامی راپرسییەكە دەركەوت سێ رەوتی سیاسی لە هەرسێ ناوچەی سەرەكیی عێراق، پلەی یەكەم بەدەست دێنن، لەوانە رەوتی سەدر لە بەغدا و پارێزگاكانی باشوور و هاوپەیمانی تەقدوم، بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان، لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و رۆژئاوا و پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەرێكی كوردستان.
رەوتی سەدر پلەی یەكەم بەدەست دێنێت و نزیكەی 50 كورسی پەرلەمانی دەبات
ئەو راپرسییەی سەنتەری بەیان پێش شەش رۆژ لە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە بڵاو كراوەتەوە، 3026 هاووڵاتی عێراقی لە پارێزگا جیاوازەكان بە پێی رێژەی سەتی هەر پارێزگایەك، بە هاوشێوەی راپرسییەكانی دامەزراوەی گالووب ئەنجام دراوە، بەپێی ئەنجامی راپرسییەكە، نزیكەی دوو لەسەر سێی دەنگدەرانی عێراق دەنگ بە هەمان لایەن و لیست و حزب و كەسایەتی نادەنەوە كە لە هەڵبژاردنی 2018 دەنگیان پێیان دا، ئەوەیش واتە دەنگدانێكی سزایی دەبێت و بەسەر دەنگدانی هاووڵاتییانی عێراقی زاڵ دەبێت.
ئەو ئاكار و شێوازەی دەنگدانەیش لە پارێزگایەك بۆ یەكێكی تر جیاوازە، بۆ نموونە لە بەسڕە 90% بەو شێوەیە دەبێت، كەچی لە سلێمانی 35%یە، ئەوەیش وەك چاودێران ئاماژەی بۆ دەكەن بەهۆی خزمەتگوزارییەكانە لەو ناوچانە و كاریگەری بۆ سەر دەنگدەرانەوە، بەپێی راپرسییەكە نزیكەی 15%ی دەنگدەران دەنگ بە لیستی سەدر دەدەن، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا 12%ی دەنگەكان بەدەست دێنێت و هەردوو هاوپەیمانی هێزەكانی دەوڵەت و فەتح دەبنە سێیەم چوارەم، وەك شیعە.
شڤات رەسووڵ، توێژەر دەڵێت، دیارترین ئاماژەی ئەو ئەنجامە، یەكەم پاشەكشەی گەورەی رێژەی دەنگدان بۆ رەوتە سیاسییەكانی سەرپەرشتی گرووپەكانی حەشدی شەعبی دەكەن، كە هاوپەیمانی فەتح نوێنەرایەتی ئەوان بوو، ئەوەیش گەورەترین بەڵگەیە بۆ بوونی توڕەیی لە ئاكار و رۆڵی ئەو گرووپانە، بەتایبەتی لە رووبەڕووبوونەوەی راپەڕینی تشرینی 2019.
رەسووڵ روونی كردەوە، خاڵێكی تر ئاماژەیە بۆ پاشەكشەی گەورەی رۆڵی هاوپەیمانی نەسڕی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشووتر، كاتێك نەیتوانی لە سێ ساڵی رابردوودا وەك سەركردەی لیستێكی یەكگرتووی پەرلەمانی رەفتار بكات، لەو كاتەی لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو بەڵێنی بە دەنگدەرانی دەدا كە خاوەن پڕۆژەیەكی چاكسازییە لە ریزی دەستەبژێری فەرمانڕەوا، بۆیەیش سزای لیستەكە دەدرێت.
هەرچی لەسەر ئاستی ناوچەكانی ترە كە هێزەكانی لە رووی بوون و دەسەڵاتی سیاسیان جیاوازن، كاتێك هاوپەیمانی دەسەڵات لە عێراق لە سێ لیستی سەرەكی لە ناوچە سەرەكییەكانی وڵات دەبێت، واتە هەرێمی كوردستان و ناوەڕاست و باشوور، لە هەرێمی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرینەی كورسییەكانی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمان دەبات، ئەوەیش بە سوودبینین لە ناكۆكییە ناوخۆییەكانی ناو یەكێتی نیشتمانیی كوردستانی ركابەری.
لە ناو سوننە، هاوپەیمانی تەقەدوم كە محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق سەركردایەتی دەكات، زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە پارێزگاكانی ناوەڕاست و رۆژئاوا دەبات، زیاتر لە ركابەركانی، وەك هاوپەیمانی عەزمی خەمیس خەنجەر و حزبی بۆ عێراق یەكمان گرتووە، بەپێی راپرسییەكە رەوتی سەدر پلەی یەكەم بەدەست دێنێت و نزیكەی 50 كورسی پەرلەمانی دەبات، بەو شێوەیە ئەو سێ هێزە سەرەكییە لە هاوپەیمانیكردن لەناو پەرلەمان و پێكهێنانی لیستێكی گەورە و دیاریكردنی سەرۆك وەزیران و سەركۆمار و سەرۆكی پەرلەمان نزیك دەبنەوە، وەك چاودێران بۆ هەڵبژاردنەكە وا دەڵێن.