بە گوژمەی 19 ملیار دینار چەند پڕۆژەیەك لە شێخان جێبەجێ دەكرێت

:: PM:08:43:06/10/2021 ‌

كاروانی ئاوەدانكردنەوەی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێم لە پێشوەچوون بەردەوامە، قایمقامی شارۆكەی شێخان ئاشكرای دەكات كە بەردی بناغە بۆ 11 پڕۆژە دانراوە و هەشت پڕۆژەیش كراونەتەوە، كە تێچووی سەرجەم پڕۆژەكان نزیكەی 19 ملیار دینارە.

سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی شارۆكەی شێخان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو پڕۆژانەی لە شێخان ئەنجام دەدرێن، بۆ ناوچەكە زۆر گرنگن و داواكاریی خەڵكەكەن، زیاتر لە 10 ساڵە خەڵك داوایان دەكات و بەهۆی تەنگژەی داراییەوە ئەنجام نەدەدران.
پڕۆژەكان بۆ ناوچەكە زۆر گرنگن و بەهۆی تەنگژەی داراییەوە دواخرابوون
زیاتر گوتی، لەم كابینەیە كاركردن لەو پڕۆژانە دەستی پێ كردووەتەوە و 11 پڕۆژە بەردی بناغەیان بۆ دانرا و هەشت پڕۆژەیش لە سنووری ناوچەكانی زێلكان و قەسرۆك و كەلەكچی و باعەدرێ و شێخان كراونەتەوە، كە نزیكەی 18 ملیار دیناریان بۆ تەرخان كرابوو.

شێخ یەحیا روونی كردەوە، پڕۆژەیەكیش لەسەر بودجەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای "گۆلف كیستۆن"، بەردی بناغەی بۆ دانرا، كە هەشت گوند لێی سوودمەند دەبن، وەك ئاو و كارەبا و مۆلیدە و دانانی كارگەیەكی رۆنی زەیتوون و هاوكاری جووتیارانی ناوچەكە، ئێمەیش سوپاسیان دەكەین.

"هەر ئەمڕۆ موژدە بە هەردوو شارەدێی ئەترووش و قەسرۆك درا بە جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی تر، ئەویش نۆژەنكردنەوە رێگای نێوان ئەترووش بۆ قەسرۆك و گرێدانی بە شێخان بوو، كە ملیارێك و 400 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان كراوە، بەوەیش نزیكەی 19 ملیار دینار بۆ هەموو پڕۆژەكان تەرخان كراوە، پڕۆژەكانی ئەنجام دراون و بەردی بناغەیان بۆ دانراوە، هەموو سێكتەرەكانی گرتووەتەوە"، قایمقامی شێخان وای گوت.

شێخان/ بڵند ئیبراهیم



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل