گیرانی درێژخایەنی لووت پێوەندی بە مێشكەوە چییە؟

:: PM:08:14:07/10/2021 ‌

زۆر كەس كێشەی گیرانی لووتیان هەیە، بەتایبەتی بەهۆی زیادی و خواروخێچی لە ئێسك و رێڕەوی لووت، ئەوەیش وا دەكات بە دەم هەناسە بدەن، یان شەوانە لەكاتی نوستن دەمیان كراوە بێت، توێژینەوەیەك باسی ئەوە دەكات كە ئەگەری هەیە حاڵەتە بەهۆی گۆڕانكاری لە چالاكیی مێشكەوە دروست بووبێت.
گیرانی لووت كار لە جۆر و باشی ژیان بە گشتی دەكات
بەپێی توێژینەوەیەكی ئەمەریكی كە لە رۆژنامەی "JAMA"ی پزیشكی بڵاو كراوەتەوە، 11%ی ئەمەریكییەكان بەدەست داخرانی درێژخایەنی لووتیانەوە دەناڵێنن، ئاریا جفری، توێژەر لە زانكۆی جۆرج واشنتن دەڵێت، لە توێژینەوەكانی پێشوو زانراوە كە كەسانی هەوكردنی كەلێنی لووتیان هەیە، تەنیا بەهۆی هاتنی ئاو و ئەو گوشارەی دروستی دەكات سەردانی پزیشك ناكەن، بەڵكو بەهۆی ئەوەی ئەو حاڵەتە كار لە ژیانیان دەكات، لە مامەڵەیان لەگەڵ دەوروبەریاندا. 

زیاتر گوتی، ئەوانەی ئەو گیرانەیان هەیە ناتوانن بەرهەمهێن بن، چونكە پرۆسەی بیركردنەوەیان زەحمەت دەبێت، هەروەها خەوێكی باشیان نابێت، بۆیە گیرانی لووتیان كار لە جۆر و باشی ژیانیان بە گشتی دەكات، توێژەران داتای 22 كەسیان وەرگرت، كە ئەو حاڵەتەیان هەبووە لەگەڵ 22 كەسی تر كە نەیانبووە، تیشكی ئێم ئار ئای بۆ مێشكیان گیراوە، بۆ زانینی گەیشتنی خوێن و چالاكیی دەمارەكان، لاوازییەك لە پێوەندیی فسیۆلۆجی لە ناو تۆڕی خوێنی ناوچەی نێوچەوانیان هەبووە، كە مێشك لە هۆشیاری و چارەسەركردنی كێشەكان پشتی پێ دەبەستێت. 

جیا لەوەیش زیادبوونی چالاكیی فسیۆلۆجی لە ناوچەی تایبەت بە پەرشوبڵاوی مێشك تێبینی كرا، ئەوانەیش زیاتر لای ئەوانە بووە كە هەوكردنێكی توندی كەلێنی لووتیان هەبووە.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل